پوتین: دەبێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت
12:58 - 25/12/2024
زەمەن _ جیهانی
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساڵانەی خۆیدا پوتین تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باسی لە پرسی کوردیش کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساڵانەی خۆیدا باسی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و وتی: لە تورکیا دەیان ملیۆن هەن. ژمارەیەکی زۆر لە ئێران و عێراق دەژین. چەند کورد لەوێ دەژین؟ ئێوە بێگومان وەڵامەکەی باشتر دەزانن، بەڵام لانیکەم ٣٠ بۆ ٣٥ ملیۆنن، راستە؟
ئاماژەی بەوەشدا، پرسی کورد کێشەیەکی جیدییە و کوردەکان کەسانی جیدی و جەنگاوەری جیدین، و دەبێت کێشەی کورد (لە سووریا) چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی ڕووسیا وتیشی: دەبووایە لە سەردەمی بەشار ئەسەد چارەسەر بکرابایە. ئێستاش دەبێت لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کە سووریایان لەژێر دەستە چارەسەر بکرێت. هەروەها تورکیاش دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاسایشی خۆی بەرقەرار بکات.
پوتین باسی لەوەشکرد، لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد درا، بەڵام ئەوکاتە فریو دران و فێڵیان لێکرا.