ڕۆژنامەیەکی ئێرانی: ئەنجامدانی نەشتەرگەی جوانکاری زۆر زیادبووە
02:49 - 03/03/2025
زەمەن:-
ڕۆژنامەی مەردوم سالاری دەڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، خواست لەسەر نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری روو لە زیادبوونە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی ئازاری ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی مەردوم سالاری فارسی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، خواست لەسەر نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری روو لە زیادبوونە بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژنی نەورۆز، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە ئەنجامدانی ئەمنەشتەرگەرییانە لە ماوەیەکی کورتدا دەکرێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی نەخوازراو و تەنانەت کێشەی تەندروستیی ترسناک.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، نەشتەرگەرییەکانی وەک بەرزکردنەوەی برۆ و ناوچەوان و نەشتەرگەریی لوت، لەم کاتەدا زیاتر سەرنجیان لەسەرە.
باسی لەوەشکردووە، . پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەشتەرگەریی بەرزکردنەوەی پێست دەتوانێت کێشەی وەک هەڵوەرینی قژ، سڕبوونی پێست، ناڕێکیی دەموچاو و ئیفلیجبوونی ماسولکەکان دروستبکات. پێشنیاز دەکرێت، کە خوازیاران پێش بڕیاردان، لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجامبدەن و لەبری سەرنجدانە سەر داشکاندن و نرخی هەرزان، گرنگی بە شارەزایی و ئەزموونی پزیشک بدەن.
هاوکات ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە، زۆر کەس بەبێ ئەوەی پێویستیان بە نەشتەرگەری بێت، تەنیا بەهۆیکاریگەریی ڕیکلامەکانەوە بڕیاری ئەنجامدانی دەدەن.