وەزارەتی داد زیندانییەکان دادەمەزرێنێت و بڕوانامەیان پێدەدات
02:11 - 26/03/2025
زەمەن _ عێراقی
وەزارەتی دادی عێراق، بەنیازی دروستکردنی کارگەیە لەناو زیندانەکان و زیندانییەکانیش دادەمەزرێنێت و بڕوانامەی کارکردنیشیان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٥، موراد ساعدی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندییان وەرگرت لەسەر رێنماییەکانی یاسای "دامەزراندنی زینداییەکان"، دەیانەوێت پرۆژەی دروستکردنی کارگە لە زیندانەکاندا دەست پێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان لەو هەنگاوە ئەوەیە، کە دووبارە پرۆگرامەکانی گەشەپێدان و چاکسازی نوێ بکەنەوە و زیندانییەکان بخەنە سەر کار و کارامەیی پیشەییان زیاد بکەن، بۆئەوەی لەدوای تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان ئامادەبن بۆ دووبارە چوونەوە ناو کۆمەڵگە و تێکەڵاوبوونەوەیان بەشێوەیەکی ئاسانتر.
باسی لەوەشکردووە، ، ئەو پرۆژەیە یەکێکە لە دیارترین ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی چاوەڕێی دەکەن و دەتوانن زیندانییەکان بخەنە سەر کار بۆ پرۆژەکانی ناو کارگەکان، وەک کارگەی جل و ئاو، لەو رێگایەشەوە موچەی مانگانەیان بۆ دەبڕنەوە.
ئەو بەرپرسی راگەیاندنە روونیشیکردەوە، بەدەر لە لایەنە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکەی، دەیانەوێت لەرێگای دامەزراندنی زیندانییەکان و پێدانی موچە، ئەرک لەسەر خێزانەکانیان کەم بکەنەوە و ئەوانیش بکەن بە پاڵپشتی بۆ خێزانەکانیان.
راشیگەیاندووە، هەریەک لەو زیندانیانە بڕوانامەی بڕواپێکراویان پێدەدرێت، بۆئەوەی بتوانن لە داهاتوودا و لەدوای ئازادبوونیان، لەسەر پیشەکەیان بەردەوام بن و درێژە بە کارکردن بدەن.