شارەزایەکى کەشناسى: هاوینى ئەمساڵ لەوەناچێت زۆر گەرم بێت بێ بارانى ناکرێتە پێوەر بۆى
09:49 - 14/04/2025
زەمەن - کوردستانى
شارەزایەکى کەشناسى دەڵێت، ناکرێت کەم بارانى ئەمساڵ بکرێتە پێوەر بۆ وەرزى هاوین، لەبەرئەوە پێناچێت وەکو ئەوەى باسدەکرێت هاوینێکى زۆر گەرم چاوەڕێمان بێت.
ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى دەڵێت، لە پایزى ساڵى رابردووەوە، بەشێک لە کەشناسەکان مژدانەى زستانێکى پڕ باران بارینیان دەدا، بەڵام ئەو وەرزە باراناوییەمان هەرنەدى، دەشڵێت، سیستەمە هاوینەیی و زستانیەکان دوو رەوتی جیاوازن لە کەش و هەوای رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەکرێت زستانێکی زۆر سارد و باراناوی گەرمترین هاوینی بەدوادا بێت یان بەپێچەوانەوە.
ئەو کەشناسە راشیگەیاندووە، هەر لەوەرزی پایزەوە تا ئێستا وشکە ساڵییەکی ساردمان هەبووە، ئەم دوو نمونە پێچەوانەی یەکبوون بۆیە ناکرێت بڕی باران بارین بکرێتە پێوەر بۆ گەرما لە وەرزی هاویندا، بەتایبەت لەم ناوچانەی ئێمەدا کە زۆربەی کات ئاوهەوامان لەژێر کاریگەری ئاوهەوای ناوچەکانی دیکەدایە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەر لە ماوەی هەفتەی رابردوو پلەکانی گەرما زۆر بەرزبوونەوە بەهۆکاری ئەو نزمەپاڵەپەستۆ گەرمیانەی لەم کاتەدا لەسەر باکوری ئەفریقا دروستەبێت بەڵام جارێکی دیکە لەم هەفتەیە و رۆژانی داهاتوو کەشی سارد و زستانەیی گەرایەوە لە ئەنجامی دابەزینی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری کە لەباکورەوە هاتووە کە هەردوو سیستەمەکە لەدەرەوە بۆ ئێمە هاتووە تایبەتمەندی کەشی ئەو ناوچانەیان هەڵگرتووە کە لێوەی هەڵیکردوە.
هەروەها دەڵێت، ئزانیاریى نازانستى و بێ بەڵگە لەسەر ئەوەی هاوینی ئەمساڵ بەو هۆکارە زۆر گەرمبێت دوورن لەراستیەوە و رەتیدەکەمەوە، وە هیچ پێشبینیەکی لەو شێوەیەش لە ئێستادا لەهیچ دەزگا وسەرچاوەیەکەوە دروست و دەقیق نییە، وەک چۆن بۆ وەرزی بەهار و زستانیش زۆربەی ئەو سەرچاوانە هەڵەدەرچوون و نە زستانمان باراناوی بوو نەبەهاریش ئێستاش بەهەمان شێوە کاتی باسکردنی وەرزی هاوین نییە وە هیچ هۆکارێکمان نیە لەم کاتەدا بزانین هاوین چۆن دەبێت.