93 کوردستان

شەش مووچە بەیەک گوژمە وەردەگرن

05:20 - 14/04/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 گەنجینەی سلێمانی ئاشکرایکرد، دەست بە خەرجكردنی شەش مووچەی خانەنشینانی نوێ دەكرێت و پارەكەش بە یەك گوژمە دەدرێت.

 

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بڕیاری خانەنشینبوونیان، هێشتا پارەی مۆڵەتی كۆكراوە، كە شەش مووچەی بنەڕەتییە، نەدراوەتە خانەشینانی ئەمساڵ، بەرپرسێکی گەنجینەی سلێمانیش ڕایگەیاند: “بۆ شەش مووچەی خانەنشینان، كە بە (ئیكرامییە) ناسراوە، هێشتا دەست بە خەرجكردنی نەكراوە، چاوەڕوانی وەڵامی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاریین، بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە خەرجكردنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ خانەنشین كراون”.

ئاماژەی بەوەشدا، “پێشتر پارەكە لە داهاتی ناوخۆ لە گەنجینەکان خەرج دەكرا، بەڵام ئێستا دیار نییە لەلایەن بەغدا خەرج دەكرێت یان لە داهاتی ناوخۆ دەبێ، ئێمە چاوەڕوانی فەرمانی خەرجكردنین و هەموو كارەكان تەواو بوونە.”

هەروەها بەرپرسەکەی گەنجینەی دارایی وتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین کراون، لیستی ناو و مامەڵەی شەش مووچەکەیان دراوەتە وەزارەتی دارایی، ئەوانەی خانەنشین کراون و (٢٥ ساڵ) زیاتر خزمەتیان هەیە، (١٢ مووچەی تەواو)ی پاداشتی خانەنشینی (ئیکرامییه) وەردەگرن، بەڵام ئەو پرسه پەیوەندیی بە فەرمانگەی خانەنشینی و دارایی عێراقەوە هەیە، پەیوەندیی بە گەنجینەکانەوە نییە.

هاوکات، ئەشرەف فازڵ، بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی، ڕایگەیاند: “بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مانگی خانەنشینان دەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو: “بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە، ناتوانرێت پاداشتەکە پێکەوە بدرێتە هەموویان، بەڵکوو بە چەند قۆناغێک دەدرێت”.
بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای راژەی شارستانی، ئەو فەرمانبەرەی حەواڵەی خانەنشینی دەکرێت، مافی مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە (ئیکرامییە)ی هەیە و ئەم بابەتە مافێکی وەزیفییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مافی خانەنشینییەوە نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی جێبەجێکردن و هاوتاکردنی یاسای خانەنشینیی فیدڕاڵی، لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرانی لەدایكبووی سێ ساڵ (سێ موالید) خانەنشین کران، کە ژمارەیان زیاتر له (٣٠ هەزار) کەس بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن