1043وتار

هەندێک !!

10/26/2019 8:21:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی

• هەندێک لە هەندێ کاتدا و بە هەر هۆیەک بێت وەڵامی تەلەفونی کەسێكیان پێ نادرێتەوە، بەڵام کە کەسێک وەڵامی تەلەفونێکیان ناداتەوە، دنیایەک گومان دەبەن و بەرامبەر دەخه‌نە ریزی تاوانباران ! 
• هەندێک لە کاتی شۆفیریدا دەکەونە هەندێک هەڵەی زەق و نا ئەنقەسته‌وه، بەڵام کاتێک بەرامبەرەکان هەمان هەڵەکانی ئه‌وان دووباره‌ دەکەنەوە، خۆیان لێ دەبێتە شۆفێری پرۆفیشناڵ و ئەوانی تر نەزان ! 
• هەندێک بە راست و چەپدا خەریکی گاڵتە و شۆخی کردنن بە ئەم و بە ئەو، بەڵام کاتێک کەسانێك هەمان گاڵتە و شۆخیان لەگەڵدا دەکه‌ن، گرژی ناوچاوانیان داگیر دەکات و تۆمەت دەدەنە پاڵ ئەوان ! 
• هەندێک لە خوت و خۆرایی هەڵده‌چن و خەشم و تورەییان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام کاتێک کەسێکی تر بە هەمان تۆنی ئه‌وان هەڵدەچێت و کۆنترۆڵ لەدەست دەدات، لێی دەبنه واعیز و نەسیحەتکاری زەمان ! 
• هەندێک داوای هەڵوێست و را لە سەر پرسە سیاسیە رەواکان (لەوان) دەكه‌ن، بەڵام لە پرسه سیاسیه‌‌ ره‌واكانی (ئەوان)دا، نەک هەر بێدەنگ و بێرەنگ‌، بەڵکو هەزار بیانوو دێنینەوە بۆ (ئه‌وان) ! 
• هەندێک رەخنە لە هەموو شت ده‌گرن‌، به‌ڵام كاتێك ره‌خنه‌یه‌ك له‌ ره‌نگی بۆینباخه‌كه‌یان یا ده‌قه‌ شیعریه‌كه‌یان یا گوتاره‌ حه‌ماسیه‌كه‌یان ده‌گیرێت، ده‌كه‌ونه‌  به‌رگری سه‌رسه‌ختانه‌ و شه‌ری مان و نه‌مان !
• هه‌ندێك خه‌ریكی دابه‌شكردنی خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكتاتۆر و سته‌مكارن‌ به‌سه‌ر ئه‌واندا، به‌ڵام له‌ پۆست و به‌پرسیارێتیه‌كه‌ی خۆیاندا به‌رده‌وام خه‌ریكی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌روونیی‌ ئه‌وانن !
• هه‌ندێك خۆی و لایه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌كی ئاودیو سنوور كردوه‌ و 20 ساڵه‌ به‌ ره‌گه‌زنامه‌ی ولاتێكی ئه‌وروپی كه‌یف و سه‌فا ده‌كا، به‌ڵام به‌رده‌وام گڵۆپێكی سوری پێیه رێگه‌ نادات‌ به‌ هاتني (ئه‌وان) ! 
• هه‌ندێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌خشین و سه‌خاوه‌تمه‌ندیی زۆری پێیه‌ بۆ وتن، به‌ڵام كه‌می پێیه‌ بۆ ره‌فتار و بۆ كردن ! 
• هه‌ندێك له‌ ماڵدا بێده‌نگ، له‌ كۆردا پر ده‌نگ.. له‌ رێكخراودا چالاك، بۆ باوك و دایكی بێباك.. له‌ حیزبدا سه‌رقاڵ له‌ حكومه‌تدا به‌تاڵ !!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن