414وتار

ئەنجومەنی باڵاى میدیا، لە نێوان سانسۆر و چاودێریى ژینگەی میدیاییدا

12/15/2019 8:56:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی


هەر پرۆسەیەك كە پەیوەندی بە مرۆڤەكانەوە هەبێت و كاریگەریی لەسەر ژیانیان دروست بكات ئاتاجی رێكخستن و دانانی رێنماییە، نەخاسمە پرۆسە و كایەیەكی گرنگی وەك (میدیا)، كە كاریگەریەكەى لە هەڵكشانێكى شێتانەدایە، هەربۆیە باوەرناكەم نە رۆژنامەنووسان و نە مامۆستایانی ئەكادیمی و نەچاودێرانی رەوشی میدیا بە شێوەیەكی گشتی، بە رێكخستن و دانانی رێنمایی بۆ كارى میدیایی دژ بن، ئەوەش كە هەموومان لەسەرى كۆكین ئەوەیە كە میدیا لە هەرێمی كوردستاندا بە دەست كێشە و گرفتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت و ئاتاجی  قسە لەسەر كردن و شرۆڤە كردن و چارەسەرە و لە چەندین شوێن و بۆنە ئاماژەى پێدراوە و ئەم نووسینە بۆ ئەم باسە تەرخان نەكراوە.

ئەوەى لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم و هاورێیانی رۆژنامەنووس (مەم بورهان قانع و ئاسۆس هەردی) لە دوو وتارى جیاوازدا ئاماژەیان پێدابوو باس و خواسی پێكهینانی ئەنجومەنێكی باڵایە بۆ رێكخستنی كاری راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا، كە هەریەك لەو دوو بەرێزە بە مەترسی بۆ سەر ئازادی رادەربرین و ژینگەى كارى رۆژنامەنووسی وەسفیان كردبوو، بە حوكمی ئەو ئەزموونە تاڵەى كە لەگەڵ ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەن و سەندیكایانە هەیە.

لێرەدا و پێش بەشداری كردنمان لە كارەكانی كۆنفراسی گرێدراو بۆ ئەم مەبەستە (كە ئێمە ئاگادارى پرۆژە پێشنیاز كراوەكە نین و تەنها وەك میوان بە سوپاسەوە بانگهێشت كراوین)، ئەم چەند خاڵە دەخەمە روو:
یەكەم: گەشەى میدیایی و ژینگەى كارى میدیایی بە جۆرێك گۆرانكاریى بەسەردا هاتووە، مەسەلەى دیسپلین كردن و كۆنترۆڵكردن رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێت و پاسەوانەكانی بەر دەرگاى كار رۆژنامەنوسی رۆژانە خانەنشین دەبن و كارەكەیان لە دەست دەدەن ! ئێران و چین و سعودیە نمونەى بەرجەستەن بۆ سەختبونی دانانی رێوشوین و چوارچێوە دانان بۆ كارى میدیایی.

دووەم: هەمیشە ئازادى رادەبرین و میدیا پەیوەستە بە فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كارى میدیایی و پەیوەستە بە بونی دیموكراسیەتێكى راستەقینە و ئابوری ئازاد و سەروەری یاسا و فەراهەمكردنی هەلی یەكسانی كێبركێ بۆ هەموان، جێگیر نەبوونی ئەم بنەمایانە لە هەر كۆمەلگەیەكدا ئەنجومەن و دەستە و سەندیكا بۆ كارى رۆژنامەنووسی لە ماناى راستەقینەكەى خاڵى دەكاتەوە.

سێهەم: بێگومان ئەگەر هەماهەنگیەكی راستەقینە لە نێوان بەرێوەبەر و بەرپرسانی دەزگا میدیاییەكان و ئەنجومەن و سەندیكا میدیاییەكان و دەزگا یاسایی و قەزائیەكاندا نەبێت و ئەم جۆرە دەستانە بە لێك تیگەیشتن دروست نەكرێن، ناتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت و هەر لەسەرەتاوە بە ئیفلیجی لە دایك دەبێت.

چوارەم: ئەوەى بە تەواوى ئامانجە گەورەكەى ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە لەبار دەبات، بیركردنەوەى حزبیانەیە لە بەرێوەبردنیدا، بە مانا پێش ئەوەى بیر لە بەرژوەندیە نیشتمانیەكانی ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە بكرێتەوە، بیر لە موحاسەسەى حزبی و ناوچەیی بكرێتەوە، بە دڵنیاییەوە هەر لە سەرەتاوە لە دانانی كەسەكاندا بەدەر دەكەوێت كە تا چەندێك بەرژوەندی نیشتیمانیی پێش بەرژوەندی حزبی خراوە، ئەم كارەش دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی حەقیقی میسداقیەتی دامەزراندی ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە.

پێنجەم: جگە لەم خاڵانە، بێگومان ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە و ئەوەى لە چەند رۆژى داهاتوودا گفتوگۆى لەسەر دەكرێت دەری دەخات كە تا چەندێك بۆ دیسپلین كردن و كۆنترڵكردنە و تا چەندێكیش دەیەوێت چارەسەرى قەیرانەكانی بوارى میدیا لە هەرێمدا بكات و خەوشەكانی كەم بكاتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەوانەى لە خەمی ئازادی رادەربریندان و پەرۆشی  پاراستنی ئەو پانتاییە رێژەییەن لە ئازادی وشە هەرگیز رێگە نادەن دامەزراندنی ئەو جۆرە دەست و ئەنجومەنانە ببێتە بەهانەیەك بۆ سانسۆر و بەرتەسككردنەوەى ئازادی رادەربرین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن