گەندەڵیی وەك خوو، گەندەڵیی وەك كولتوور
1/14/2020 3:56:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی
پەرلەمانتار عەلی
حەمەساڵح: “گرفتی گەورە لە گەندەڵیی و داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكانە!”.
ئەمە دوا لێدوانی
هاوڕێی خۆشەویست (كاك عەلی حەمەساڵح)ە بۆ سایتی خەندان، بە ئیجازەی بەڕێزیان ئەمەوێت
بڵێم: راستە هەموولا دان بەوەدا دەنێن، كە گەندەڵیی تا بینەقاقای حوكمڕانی هەرێم
هاتووە، دروستە كە حكومەت هاتۆتە سەرخەت و بۆ سومعەی خۆیشی بێت دەیەوێت شتێ بە شتێ
بكات، ئەوەش راستە كە پەرلەمان یاساو پرۆسەیەكی چاكسازیی لەبەردەستەو نیەتی هێناوە
ئەمجارە لە جارانی تر نەچێت و بۆ لاساییكردنەوەی بەغداش بێت هەر ئەبێ وەڵامێكی بۆ
ئەو خەڵكە پێ بێت، بەڵام ئەوەی ئەم راستیانە دەكاتە بڵقی سەرئاوو ئومێدەكانت لا دەكوژێنێتەوە،
ئەو واقیعە تاڵەیە، كە بەرۆكی سیستمی حوكمڕانی و دام و دەزگاكان و بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی
ئەم هەرێمە خێر لە خۆنەدیوەی گرتووەو هەوڵەكان بۆ چاكسازییو پاكسازیی دەهێنێتەوە
چوارگۆشەی یەكەم!
ئەوەی كە ناچارت
دەكات نیوە بەتاڵەكەی پەرداخەكە ببینیت و ببیتە بەشێك لە گروپی رەشبینەكان، ئەو هەواڵانەیە
كە لێرەو لەوێ لەسەر بەردەوامیی خووی قێزەونی واسیتەو واسیتەكاریی و بەرتیل وەرگرتنو
مەحسوبیەت و بەحیزبیكردنی دام و دەزگاكانی میریی دەبیستیت و دەخوێنیتەوە، ئەوەی
ناچارت دەكات بەم زمانە بنووسیت و ئاخاوتن بكەیت، ئەو ژینگە نەخۆشەیە، كە بە ڤایرۆسی
گەندەڵیی تەنراوەو چووەتە نێو شادەمارەكانی فەرمانگەو رێكخراو و حزب و زانكۆ و دام
و دەزگاگان و جەستەیەكی شەکەت و ماندووی بۆ
بەجێ هێشتووین.
بەڵگەی زۆرت ناوێ
بۆ سەلماندنی ئەم قسانە، لیژنەت ناوێ بۆ دۆزینەوەی بەرپرس و سەرانی ئەم واقیعە پڕ
لە نیگەرانییە، هەر ئەوەی لە ئان و ساتی بڕیارەكانی پەرلەمان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی
چاكسازیی و هەر لەو ساتانەی سەرۆكی حكومەت بەڵێنی سزادانی گەندەڵكاران دەدات، هەر بە
پاراڵێڵ بە بەڵێنەكان بۆ لێپرسینەوەو گۆڕانكاریی و دادگاییكردن، بە بەرچاوی خۆتەوە
دەبینیت زەوی كاكی بەكاكی بۆ خزمان تەملیك دەكرێنو دۆستانی حزب دادەمەزرێنرێن و
كوڕان و كچانی بەرپرسان لە كەیف و سەفای خۆیان ناكەون و ئاپۆرای ئۆتۆمبێلە جام رەشەكانیش
شەقامەكان زیاتر دەتەنن و تەزكیەی حزبیی و تەلەفونی بەرپرسانیش هێشتا دەوای دەردی
زۆرێك لە نەكراوو ئەستەمەكانە! ئیتر مەگەر هەر تەنها بڵێیت: حسبنا الله و نعم الوكیل !
هەربۆیە لە فەزایەكدا
كە ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەی چاكسازی ئەنجام بدەن و سزای ئەوانی دی بدەن، خۆیان پێویستیان
بە(سزادان) بێت، لە فەزایەكدا شوێنی حەوانەوەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لایەك
لە شار داگیر بكات و بە چەند دیوارێكی ئاسنین بە رووی هاوڵاتیاندا داخرابێت، لە فەزایەكدا
كەس نەزانێت داهاتی ئەم وڵاتە بە چ میكانیزمێك و چۆن خەرج دەكرێت و دەزگای میدیایی
زەبەلاح بە پارەوپولی سەرچاوە نادیار قوت بكرێنەوە، لە فەزایەكدا هێشتا بەڕێوەبەری
خوێندنگەو سەرۆكی زانكۆو نوێنەری هێڵەكانی هاتوچۆی پاسەكانی ناوشار لەلایەن كۆمیتەو
ناوچەو لق و مەڵبەندەوە ئاراستە بكرێن و هێشتا بارەگا حكومیەكان وەك بارەگای حزبی
بەكاربهێنرێن و هێشتا وێنەی سەركردەكان بە پردەكانی پەڕینەوەو فەرمانگە حكومیەكان
و بە قەبارەی پەنجا مەتریی هەڵبواسرێن و هێشتا لەنێوان كەمتر لە كیلۆمەترێكی رێگەی
سماقوڵی بۆ هەولێر دوو بازگەی پشكنینی مڕومۆچ پێشوازیت لێ بكەن، چۆن دەتوانی ئومێدێكت
هەبێ بەو شتەی ناویان لێناوە (پرۆسەی چاكسازیی؟!)