806وتار

رۆژنامەنووس‌و بەرپرسیارێتیی وشە

3/22/2019 4:13:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی

هەرچەندە یاسایەكی جێگیر بۆ زۆرێك لە پرسەكانی پەیوەست بە میدیاوە نییەو ناتوانین هاوكێشەیەكی ماتماتیكی‌و رێسایەكی كۆنكرێتیی بۆ میدیا دابنێین‌و (ئەبێت – نابێت) كەمتر لە دونیای میدیادا دەبینرێت، بەڵام بەگشتی رێنمایی و ئیتیك و ئەخلاقیات و یاساكان، كاری میدیایی لە مەترسی‌و ئاسەوارە نێگەتیڤەكانی دەپارێزن‌و بەرچاو رۆشنییەك بۆ دەزگا میدیایی‌و میدیاكاران سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی تەندروستانە لەگەڵ هەواڵ‌و راپۆرت‌و بابەتە میدیاییەكاندا دروست دەكەن.
میدیا هەمیشە وەك چۆن پێویستی بە پانتاییەكی باش لە ئازادیی‌و دەستكرانەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسە جۆراوجۆرەكاندا هەیە، بەهەمان شێوەش ئاتاجی بە ئیتیك‌و ئەخلاقیات‌و چوارچێوەی پیشەییانە هەیە‌و وەك لە كرۆكی تیۆری بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیدا باسكراوەو بەردەوام جەختی لەسەر كراوەتەوە: رۆژنامەگەریەكی (ئازاد و بەرپرسیارانە)، كە ئەمەش فەلسەفەو ناوەرۆكی كاری میدیاییانەی سەردەمەو دەزگا میدیاییە خاوەن پێگەو كەسایەتییەكان هەوڵی پراكتیزەكردنی دەدەن.   
دیارە ئەوەی لە دووتوێی سەرچاوە میدیایی‌و تیۆرەكانی كاری میدیاییدا هەیەو وەك پرنسیپ بۆ كاری میدیایی دانراوە لە راستگۆیی‌و ئەمانەتداریی‌و بەرپرسیارێتیی‌و هاوسەنگیی‌و بابەتی بوون، زۆرجار رووبەڕووی واقیعێكی تەواو جیاواز دەبێتەوەو دەزگای میدیایی‌و میدیاكارەكە ناتوانن بەشێكی زۆر لەو پرنسیپانە جێبەجێ بكەن، پێویستە لێرەدا ئەوەش بڵێین كە ئەوەی لە میدیاكار داواكراوە هەوڵدانە بۆ نزیكبوونەوە لەم پرنسیپ‌و رێسا گشتییانە، نەك جێبەجێكردن‌و پراكتیزەكردنی لەسەدا سەد، چونكە رۆژنامەنووسیش مرۆڤەو زۆرجار عاتیفەو باگراوندی ئاینیی‌و نەتەوەیی‌و فەرهەنگی‌و ژینگەی كاری میدیایی‌و كارتێكەرەكانی دیكە بەسەریدا زاڵ دەبن‌و بەخۆی بزانێت یا نەزانێت لەو پرنسیپ‌و بەهایانە دوور دەكەوێتەوە.
 پەیوەست بەم دەستپێكەی سەرەوە، لێرەدا پرسیارێك خۆی دەوروژێنێت، ئەویش: ئایا رۆژنامەنووس‌و دەزگای میدیایی چۆن مامەڵە بكەن لەگەڵ ئەو بابەت‌و كەیسانەی كە چارەنووسسازو هەستیارن‌و ئایا رێگە دەدرێت رۆژنامەنووس‌و دەزگا میدیاییەكە بە نهێنی‌و بێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاكە یان كەسایەتیەكە قسەو لێدوان‌و ئاخاوتنەكانی تۆمار بكەن؟ تا چەندێك ئەم بە نهێنی تۆماركردنە لە رووی پرنسیپ‌و ئەخلاقیاتی كاری رۆژنامەنووسی رێگە پێدراوەو مافی دەزگا میدیایی و رۆژنامەنووسەكەیە؟ 
دیارە ئەمە بابەتێكی هەستیارو وردەو ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە دەوترێت زۆربەی رێژەیی و شایەنی شەن‌و كەوكردنی زیاترە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بیڵێین چەند خاڵێكە:
• رۆژنامەنووس هەمیشە پێویستە مامەڵەیەكی ئەخلاقیانەو ئینسانیانە لەگەڵ كەیسە رۆژنامەییەكاندا بكات و بەردەوام هەواڵ و راپۆرتەكانی ببەستێتەوە بە بەها ئەخلاقیەكان‌و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی دەزگا میدیاییەكەی، حوكمدان لەسەر ئەوەی چی ئەخلاقیانەیەو چی ئەخلاقیانە نییە، كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نیەو بە تێپەڕینی كات و مومارەسەی ئیتیكیانە، دەزگا میدیاییەكەو رۆژنامەنووسەكەو تەنانەت رەنگە وەرگرێكی ئاسایی پەیامی میدیایش دەرك بەوە بەكەن كە ئەمەی رۆژنامەنووسەكە كردویەتی دوورە لە پرنسیپ‌و ئەخلاقیاتی كاری میدیایی، یاخود بەپێچەوانەوە پرنسیپە ئەخلاقیەكانی تێدا رەچاو كراوە.
• دەزگای میدیایی‌و رۆژنامەنووسان لە ئەستۆیاندایە ورد لەگەڵ كەیسە رۆژنامەییەكاندا مامەڵە بكەن‌و لەپێناو پێشرەفتیی رۆژنامەنوسیی‌و شكاندنی بەرامبەرو ناوبانگ و زیادبوونی تیراژو بینەرو بیسەردا، پرنسیپ و ئەخلاقیاتی كاری رۆژنامەنووسی نەكەنە قوربانیی، ئەم حاڵە پێویستی بە ویژدانێكی زیندوو و هەستێكی ئینسانیانەیە، دەزگا میدیاییە بەناوبانگ و خاوەن كەسایەتیەكانی جیهان بەئاسانی هەواڵ لە پەیامنێرەكانیان وەرناگرن تا رێژەیەكی باش لە دڵنیاییان بۆ دروست نەبێت‌و زۆرینەی لایەنەكانی بابەتەكە وەرنەگیرابێت، ئەوەی دەزگا میدیاییەكە بێ ئەرزش دەكات و كاری رۆژنامەنووسی لە بەها ئەخلاقیەكەی خاڵی دەكاتەوە، ئەو پەلەكردن‌و گوێنەدانەیە بەم پرنسیپانە، كە بەداخەوە زۆرجار لە دەزگا میدیاییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەستی پێ دەكەین. 
• ئەگەر دەزگا میدیایی و رۆژنامەنووسەكە هەموو هەوڵێكی خۆیاندا كە لێدوان و وتەی خاوەنی كەیسەكە وەرگرن، بەڵام رێگەیان لێگیراو بە بیانووی جۆاروجۆر زانیاریان لێ شاردرایەوە، ئەوكات رێگە دەدرێت بە رۆژنامەنووسەكە، كە بە نهێنی ئەو بابەتە تۆمار بكات و رایگشتی لێ ئاگادار بكاتەوە، بەمەرجێك ئەوە تاقە ئامراز بێت و بە هیچ شێوەیەك ئەو زانیاریانە لە رێگەی دیكەوە دەست نەكەون، جگە لەوەی پێویستە ئەو بابەتە پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی گشتی و بابەتێكی هەستیاری نێو كۆمەڵگە بێت، بۆ نموونە كاتێك رۆژنامەنووس دەیەوێت لەسەر بابەتێكی هەستیاری وەك مادە هۆشبەرەكان راپۆرتێك ئامادە بكات، یاخود هەندێك لەو رۆژنامەنووسانەی بە نهێنیەوە چونە ئەفغانستان و شێوازی ژیانی گەلی ئەفغانیان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا خستەڕوو، هەروەها لە كۆریای باكوور، یان ئەگەر رۆژنامەنووسێك بیەوێت لەسەر كەیسێكی گەندەڵیی لەهەرێمی كوردستاندا زانیاری كۆبكاتەوەو رایگشتی لێ ئاگادار بكاتەوەو ئەوەی لە زانستی رۆژنامەگەریدا پێ دەوترێت (بنكۆڵكاریی)، ئەوكات ناچار دەبێت كە زانیاریەكان بە نهێنی تۆمار بكات و راستییەكان بۆ رایگشتی ئاشكرا بكات. 
ئەمەی وترا گۆشەنیگایەو وەك لەسەرەتاوە وتم یاسایەكی جێگیرو كۆنكرێتیمان بۆ ئەم بابەتانە نییەو دەكەوێتەوە سەر ویژدانی زیندووی رۆژنامەنووسەكەو رادەی رەچاوكردنی و پرنسیپ و بنەما ئەخلاقیەكانی كاری رۆژنامەنووسی، كە هەمیشە دەبێت لە زەین و ئاوەزی رۆژنامەنووسدا بێت و بەرچاو رۆشنی بۆ دروست بكەن.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن