27وتار

له‌مه‌ودوا چۆن ئیتیكه‌كانی كاری میدیایی به‌ خوێندكاران بڵێینه‌وه‌؟

10/21/2023 1:09:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی



ڕووداوه‌كانی (غه‌ززه‌)و شێوازی ڕووماڵی به‌شێكی زۆر له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كانی ڕۆژئاوا پرسیارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئیتیكی كاری میدیایی و پرنسیبه‌ دیاره‌كانی میدیا له‌ جیهاندا دروستكردوه‌و پێده‌چێت له‌دوای ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئیتیكی كاری میدیایی له‌ جیهاندا مشت و مڕو گفتوگۆی گه‌رم به‌دوای خۆیدا بهێنێت.  

به‌شێك له‌و ڕووماڵه میدیاییه‌‌ نه‌یتوانی پرنسیبه‌كانی (هاوسه‌نگیی و بێلایه‌نیی و بابه‌تی بوون) پارێزگاری لێ بكات و خۆی نه‌كاته‌ به‌شێك له ڕووداوه‌كه‌، نه‌یتوانی دیدو ئایدیا وئاڕاسته‌ی ئاینیی و بۆچوونه‌ تایبه‌ته‌كانی تێكه‌ڵ به‌ هه‌واڵه‌كان نه‌كات، هه‌ندێك له‌و میدیاكارانه‌ نه‌یانتوانی هه‌ڵچوونه‌كانیان بشارنه‌وه‌و مه‌یدانی ململانێ و جه‌نگه‌كه‌ وه‌ك خۆی بگوازنه‌وه‌، هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵه‌ میدیاییانه‌‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی (ورد بوون له‌ داتا)و (په‌له‌نه‌كردن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌)و (بیننی هه‌موو دیمه‌نه‌كه)‌ شكستیان هێناو له‌مه‌ودوا زه‌حمه‌ته‌ مامۆستایانی میدیا بتوانن هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ به‌ناوبانگانه‌ وه‌ك نموونه‌ی چاولێكراوو سیمبولی جێبه‌جێكردنی ئیتیكی كاری میدیایی بهێننه‌وه‌و به‌ شانازیه‌وه‌ باسی لێوه‌ بكه‌ن‌. 

كاتێك كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی وه‌ك (CNN) یا (FOX NEWS) یا (SKY NEWS) و ته‌نانه‌ت (BBC) ده‌كه‌ونه‌ په‌له‌ی (سبقی صحفی)و هه‌واڵی ساخته‌و دیمه‌نی دروستكراوو داتای هه‌ڵه‌ بۆ بینه‌رانیان ده‌گوازنه‌وه‌، ئیدی ئیتر دڵ به‌ كام میدیایه‌ خۆش بكه‌ین و كام كه‌ناڵی میدیایی بكه‌ینه‌ نموونه‌و وانه‌ی پراكتیكی و چاولێكراو؟! 

هه‌مومان بینیمان چیرۆكی چنراوو ساخته‌ی سه‌ربڕینی كۆمه‌ڵێك منداڵ له‌لایه‌ن (حه‌ماس)وه‌، چۆن كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی دونیای یه‌ك له‌دوای یه‌ك خسته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی میدیایی كوشنده‌و گه‌وره‌وه‌، چۆن هه‌ندێك له‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ (ئیسرائیل)یان وه‌ك قوربانیی و (حه‌ماس و غه‌ززه‌)یان وه‌ك جه‌للاد پیشان ده‌داو (پیشان ده‌ده‌ن)، چۆن به‌شێكیان به‌ په‌له‌ تاوانی نه‌خۆشخانه‌ی (مه‌عمه‌دانیه‌)یان خسته‌ پاڵ بزووتنه‌وه‌ی جیهادو ته‌نانه‌ت خودی حه‌ماس) یش !، هه‌ندێك له‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر (پیشه‌یی بوون) و (هاوسه‌نگیی) كاری میدیاییه‌، له‌م قه‌یرانه‌دا نه‌یاتوانی له‌گه‌ڵ بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌راكانیاندا ڕاستگۆ بن و دروشمه‌ به‌رزكراوه‌كانیان گومان و درزی گه‌وره‌ی تێكه‌وت. 

هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵه‌ میدیاییانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌كانیشدا نه‌یانتوانی بێلایه‌نیی خۆیان بپارێزن، بۆ نموونه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (مردن) بۆ (غه‌ززه‌ییه‌كان)و (كوژران)یان بۆ (ئیسرائیلیه‌كان) به‌كارده‌هێنن ! كه‌ ئه‌وه‌ لوتكه‌ی لایه‌نداریی و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌ له‌ پرنسیبه‌كانی كاری میدیایی. 

دیاره‌ پریشكی ئه‌م په‌تای لایه‌نداری و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پیشه‌ییبوونه‌ به‌ر هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵ و سایت و دوانگه‌ میدیاییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یش كه‌وت و له‌ كاتێكدا زیاد 500 كه‌س له‌ ژن و منداڵ و نه‌خۆش، بووبوونه‌ قوربانیی و دیمه‌نی جه‌سته‌ی سووتاویان به‌ هه‌موو جیهان ڕاسته‌وخۆ بڵاوبوویه‌وه‌، كه‌چی هێشتا هه‌ندێك كه‌ناڵی میدیایی هه‌رێمی كوردستان ده‌یانوت (حه‌ماس وا ده‌ڵێت) !! و هێشتا دیار نییه‌ كێ ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامداوه‌؟! 

به‌ڕاستی ئه‌م شێوازی ڕووماڵه‌ سه‌غڵه‌تیه‌كی گه‌وره‌ بۆ زۆرێك له‌ پسپۆڕانی بواری میدیا دروست ده‌كات و ده‌بێت بپرسین ئایا هه‌ر به‌ڕاستی شتێك ماوه‌ له‌ میدیا پێی بوترێت (بێلایه‌نیی)؟ یان واقیعه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت میدیا هه‌میشه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایدیاو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ته‌و له‌ قه‌یران وڕووداوه‌ گه‌رمه‌كاندا ئه‌م ڕاستیه‌ ئاشكراتر خۆی نمایشده‌كات ؟!

– مامۆستای میدیا 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن