223وتار

(غرور)ی ده‌سه‌ڵات و ژیان له‌ (هه‌ساره‌)كه‌ی تردا !

8/27/2022 9:31:00 AM
د.یەحیا عومەر رێشاوی





(غرور) و (خۆبه‌شتزانین) خه‌سڵه‌تێكی سایكۆلۆجی مرۆڤه‌و هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ (نه‌خۆشی)ه‌ك و چاره‌سه‌ری ئاسان نییه‌، جیاوازی ئه‌م (نه‌خۆشی)ه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی تر ئه‌وه‌یه‌، (نه‌خۆشه)‌كه‌ هه‌ست ناكات كه‌ (نه‌خۆشه‌) و ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌ی له‌ توانای (ده‌سه‌ڵات – دارایی – جوانیی – زانستیی – ئاینیی - حزبیی) بۆ دروست ده‌بێت، له‌بیری ده‌باته‌وه‌ كه‌ ئه‌و (نه‌خۆش)ێكه‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌و سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆس و په‌تایه‌كه‌و پێویستی به‌ بنه‌بركردن و قه‌ڵاچۆكردن هه‌یه‌.

ئه‌م خه‌سڵه‌تی (خۆبه‌شتزانین)ه‌ و نه‌بینینی ئه‌وانی تر و به‌كه‌م سه‌یركردنی كه‌سانی تر، زۆر جار به‌رۆكی خه‌ڵكانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ وڵاتانی دواكه‌وتوو ناوزه‌د ده‌كرێن و زۆر جار خۆی له‌ گروپی حوكمران و كاربه‌ده‌ستانی وڵاتدا ده‌بینێته‌وه‌و دواتر شۆر ده‌بێته‌وه‌ بۆ كه‌سانی ده‌وربه‌رو ده‌ست و دایه‌ره‌یان، كه‌ دوور نییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نووسه‌ر و رۆشنبیرێك بێت یاخود كه‌سێكی ئه‌كادیمیی و ته‌نانه‌ت مامۆستایه‌كی ئاینییش بێت، هه‌ندێك جار ره‌نگه‌ بگاته‌ پاسه‌وان و چێشتلێنه‌رو ده‌رگاوانی به‌ر ده‌رگاكانیشان‌.

ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ (پرێك ده‌بنه‌ كورێك)و چاویان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ناو كۆشكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتدان، ده‌بینێت باپیر و باوك و مام و ئامۆزاو پورزاكانیان به‌ بێ تونێڵی تاقیكردنه‌وه‌و بوونی ئه‌زموونی حوكمداریی و شاره‌زایی له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵاتدا كه‌سی یه‌كه‌من، ده‌بینێت هه‌ریه‌كه‌و پۆستێكی هه‌ستیاریی سیاسییان گرتوه‌ته‌ ده‌ست و فه‌رمان ده‌رده‌كه‌ن و یاسایان بۆ داده‌رێژرێت و ده‌ستووریان بۆ هه‌موار ده‌كرێت، ده‌بینێت خاوه‌نی كۆمپانیا و بزنسی تایبه‌ت به‌ خۆیانن و سه‌رانه‌ سه‌ندن و پشكی كۆمپانیاكان ده‌بیته‌ نه‌ریتی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونیان، ده‌بینێت سوپایه‌ك له‌ كه‌سانی ده‌روون نزم و ماستاوچی خه‌ریكی پرۆسه‌ی گه‌وجاندنن و له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا‌وه‌ خه‌ریكی جوانكردن و مكیاج كردنن، ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ له‌م ژینگه‌یه‌دا گه‌وره‌ ده‌بێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌شازه‌ی لێ ده‌بێته‌ (ئه‌سڵ) و هه‌مان سایكۆلۆجیه‌تی (غرور) و (خۆبه‌شتزانین) ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌.

كێشه‌ی‌ ئه‌م (خۆبه‌شتزانه‌ - نه‌خۆشه‌) ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ ئاسته‌م گوێی له‌ ده‌نگی ناره‌زایی ئه‌وانی تره‌ و چاوه‌كانی ناتوانێت موعانات و خه‌مه‌كانی ده‌ورووبه‌ری خۆی ببینێت، ناتوانێت له‌وه‌ بگات كه‌ ژینگه‌یه‌كی تر هه‌یه‌ جیاواز له‌و ژینگه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا گه‌وره‌ بووه‌ و كه‌سانێك هه‌ن كه‌ ساده‌ترین پێداویستییه‌كانی ژیانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت، هه‌ربۆیه‌ زۆر به‌ساده‌یی و ره‌نگه‌ (راستگۆ)ش بێت دێته‌ سه‌ر شاشه‌ و به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌راستی نان و ئاوتان ده‌ست ناكه‌وێت (كه‌ گومان ده‌كه‌م ده‌ستان نه‌كه‌وێت!) پێشنیاری كێك و شیرتان بۆ ده‌كه‌م!

هه‌ربۆیه‌ به‌ تێپه‌ربوونی كات دوو جۆر ژینگه‌ و دوو جۆر هه‌ساره‌ی گریمانه‌یی‌ له‌ وڵاتدا دروست ده‌بێت‌، هه‌ساره‌ی ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ و كاربه‌ده‌ستدانی نزیك له‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ یان نایانه‌وێت یاخود ناتوانن له‌ موعاناتی خه‌ڵكیی بگه‌ن و سه‌رقاڵی (ئاوادانكردنه‌وه‌)ی هه‌ساره‌كه‌ی خۆیانن و (غرور)ه‌كه‌ به‌ری چاویان ده‌گرێت و ته‌نها و ته‌نها رووبار و گرد و خاك و زه‌مینی هه‌ساره‌كه‌ی خۆیان ده‌بینن، هه‌ساره‌یه‌كی تریش كه‌ ده‌بێته‌ شوێنی ژیان و گوزه‌رانی ناچاریانه‌ی خه‌ڵكه‌ سته‌مدیده‌كه‌و له‌ ناو خۆیاندا خه‌ریكی هات و هاوار و ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تی و گله‌یی كردنن، بێئاگا له‌وه‌ی ئه‌مان له‌ (هه‌ساره‌یه‌ك)و گروپی حوكمران و (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی)ش له‌ (هه‌ساره‌یه‌ك)ی تر، كێشه‌ی دروستبوونی ئه‌م دوو جۆره‌ له‌ (هه‌ساره‌) ئه‌وه‌یه‌ دانیشتوانی هه‌ساره‌ی دووه‌م به‌ ناچاریی هه‌میشه‌ ئاتاجی ته‌قه‌دانن‌ له‌ ده‌رگای (هه‌ساره‌)ی یه‌كه‌م و داواكاریه‌كانی به‌ ناچاریانه‌ ده‌بێ بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وێ، له‌ كاتێكدا ئه‌و (هه‌ساره‌)یه‌ی تر‌ نه‌ ده‌رگای ته‌قه‌لێدانی دیاره‌و‌ نه‌ ده‌رگه‌وانێك هه‌یه‌ ئه‌ركی كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌ی پێ سپێررا بێت !

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن