334وتار

تره‌مپ: من (تویته‌ر) به‌كار ده‌هێنم كه‌واته‌ من هه‌م !

1/11/2021 12:52:00 PM
د.یەحیا عومەر رێشاوی





ئه‌گه‌رچی مێژووی سیاسیی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا مێژووی ئاڵوگۆری كاریگه‌ریی نێوان هه‌ردوو كایه‌ی (میدیا) و (سیاسه‌ت)ه‌، وئه‌گه‌رچی ململانێی نێوان (ده‌سه‌ڵات) و (میدیا)، هه‌میشه‌ دیمه‌نی زه‌قی ژینگه‌ی سیاسیی و حزبیی و هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه‌، به‌ڵام هیچ كات به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی چوار ساڵه‌ی (دۆناڵد ترامب)، (میدیا) و (سیاسه‌ت) له‌لایه‌ك ئاوێته‌ی یه‌كدی و له‌لایه‌كی دی له‌شه‌ری ده‌سته‌و یه‌خه‌دا نه‌بوون، پێناچێ هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌م پیاوه‌ سه‌ركێشه‌ خۆی خزاندبێته‌ نێو كایه‌ی میدیاییه‌وه‌ و وه‌ك میدیاكار ده‌ركه‌وتبێت، له‌كۆتایشدا هیچ كام له‌سه‌ركرده‌كانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌م، (میدیا) زیانی به‌ سومعه‌ی نه‌گه‌یاند و له‌قاڵبی نه‌دا!

(دۆناڵد تره‌مپ) هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ به‌كارهێنانی تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی (تویته‌ر) به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر، سه‌غڵه‌تیی بۆمیدیا ته‌قلیدیه‌كانی وه‌ك رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ دیاره‌كان دروست كرد و هه‌موانی به‌ ته‌واوی شپرزه‌ كرد، ئه‌و پێش هه‌موان و له‌ به‌ره‌به‌یاندا په‌یامه‌ كورته‌كانی له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌ بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و بریاره‌كانی له‌وێوه‌ ئاراسته‌ ده‌كرد، گوێی نه‌ده‌دا به‌ (ره‌خنه‌ و ئامۆژگاری) (نه‌یار و یار)ه‌كانی، سه‌رجه‌م ئه‌ته‌كێت و رێوه‌ره‌سم و نه‌ریته‌ ته‌قلیدیه‌كانی كۆشكی سپی ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌، ئه‌و نه‌یده‌ویست له‌و وتانه‌ بگات كه‌ پێیان ده‌وت ئه‌وه‌ ئیشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا نیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ فه‌رمیه‌كانیشدا خه‌ریكی مۆبایله‌كه‌ی نێو ده‌ستی بێت ! ئیشی ئه‌و نیه‌ ریتویتی پۆست و ڤیدیۆی كه‌سانی تر بكاته‌وه‌، ئیشی ئه‌و نیه‌ خه‌ریكی شه‌ره‌ قسه‌ و ده‌رخستنی پاڵه‌وانێتیه‌كانی خۆی بێت له‌ نێوه‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا !(دۆناڵد تره‌مپ) جیاواز له‌ هه‌موان ئه‌و پێگه‌ میدیاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كرده‌ فه‌زای بڵاوكردنه‌وه‌ی (هه‌واڵ، چالاكی، ره‌خنه‌، سوكایه‌تی، وه‌ڵامدانه‌وه‌، بریار، ئاگاداری...) و له‌وێوه‌ هه‌میشه‌ ده‌یوست به‌ نه‌یاره‌كانی بڵێت (من تویته‌ر به‌كار ده‌هێنم كه‌واته‌ من هه‌م !). 

ئه‌م شێوازه‌ سه‌یره‌ی به‌كارهینانی میدیا و به‌تایبه‌ت (تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ی به‌هێزترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین و به‌هه‌ژموونترین وڵاتی دونیا، دواجار بوویه‌ بزنس و به‌ قازانج بۆ خودی تره‌مپ و بۆ (تۆری كۆمه‌لایه‌تی تویته‌ر)یش شكایه‌وه‌، پشكه‌كانی تویته‌ر له‌ بازاری بۆرسه‌ی جیهانیدا ده‌یان جار سه‌ركه‌وتن و به‌شداربوانی به‌ هه‌زاران زیادیان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌مرۆ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌بیر كرد و له‌بریاریكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا ئه‌كاونته‌كه‌ی داخست و به‌شێك له‌ كۆمێنته‌كانیشی سریه‌وه‌ !

 ئه‌م شێوازه‌ به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ میدیا و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ هه‌م له‌سه‌ر تیۆره‌ سیاسیه‌ ته‌قلیدیه‌كان دروست ده‌كات و هه‌م پسپۆرانی بواری میدیاش ناچار ده‌كات كه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ تێروانینه‌ باوه‌كانیان بۆ كاری میدیایی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌م ستایله‌ له‌ تێكه‌ڵبونی میدیا و سیاسه‌ت ئاتاجی لیكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و كۆنفراس و وردبونه‌وه‌ی زیاتره‌ و له‌ هه‌موان ده‌خوازێت كه‌ قوڵتر له‌م په‌یوه‌ندیه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌م پرسیارانه‌ بهێنێت:
ئایا ئاساییه‌ سه‌رۆكی وڵاتێك له‌ رێگه‌ی تۆری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ په‌یام و بریاره‌كانی ئاراسته‌ بكات و له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا بكه‌وێته‌ چه‌له‌حانێ و گفتوگۆ و هاندان؟
ئایا كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی و پێگه‌ ئینته‌رنێتیه‌كان و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ چركه‌یه‌كدا و به‌ بیانوی جۆراوجۆر ده‌مكوتی به‌شداربوانیان بكه‌ن و مافی راده‌ربرینیان لێ زه‌وت بكه‌ن؟
ئایا پێناسه‌ی میدیا و میدیاكار هه‌ر به‌شێوه‌ كلاسیكیه‌كی ده‌مێنێته‌وه‌؟ یاخود ئاتاجی دوباره‌ خوێندنه‌وه‌ و پێناسه‌ كردنه‌وه‌یه‌؟
چۆن باس له‌ ئه‌رك و كاریگه‌ریه‌كانی میدیا بكه‌ینله‌ نێو ئه‌م ژینگه‌ سیاسیه‌دا؟ ئایا ئیتر ده‌توانین باس له‌ (بێلایه‌نیی) بكه‌ین و وه‌ك چه‌مكێكی میدیایی؟
چۆن به‌رخورد له‌گه‌ڵ ئه‌م تێكه‌ڵیه‌ی نێوان (میدیا) و (سیاسه‌ت)دا بكه‌ین و چۆن پۆلێن بۆ ئه‌م دوو كایه‌ هه‌ستیاره‌ بكه‌ین؟
ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیاری تر ده‌كرێت بكرێنه‌ ته‌وه‌ری خوێندنه‌وه‌ی زانستیانه‌ بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌، كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ركێش له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای و به‌جێی هێشت وهه‌ردوو كایه‌ی (میدیایی ) و (سیاسی) به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كرد.
– مامۆستای زانكۆ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن