ئاشتكردنەوەی نیشتیمانی.
2/20/2019 7:45:00 PM
نەبەز جەلال
بەواتای ئاشكردنەوەی گروپ و تاقم نییە بۆ مەرامی كورتی سەرخستن و بردنەوەی دەستكەوتی كەم و كاتی.!
پارتی بۆ ئاشتكردنەوەی یەكێتی و، یەكێتی بۆ ئاشتكردنەوەی پارتی، دوای ٣١ ی ئاب، ڕێككەوتنی ستراتیژیان بۆ دەستكەوتەكان، واژۆ كرد.!
هەردووكیان بە عەقڵی ڕازیكردنی پلەو پۆست و بەرژەوەند خوازی، ئەو یەكگرتنەوە و پێكەوە كاركردنیان ڕێكخستبوو، نەش گەیشتنە ئەنجام.!
ئەوان بۆ بەرژەوەندی سەرانی هەردوو لا ڕێككەوتبون نەك بۆ خەڵك و دواڕۆژەكەی.
كاتێك بەرژەوەندییە كەسییەكان تێكچوون، ئیتر سەراپای ڕێكەوتنەكە پووچەڵ بۆوەو مانای نەما.!
بە نموونە واژۆكردنی ڕێككەوتنامەی دەباشانی « گۆڕان و یەكێتی»یش چوون لەسەر بنەمای بەرژەوەندی كەسی و بازرگانی سەرانی سیاسی نەبوو، پشت گوێ خراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە.!
ئاشتبوونەوەی گشتی بۆ خەڵكە، نەك گروپێكی بچووك، كە خۆیان كردووە بە خاوەنی خەڵك و دەنگی بڕیاری زۆرینە.
كەم بینی و كاڵفامییە، خواستی زۆرینەی خەڵك لە گروپێكی دیاریكراوی نێو دەسەڵاتدا ڕام بكەن و لە دیدی سیاسەتی پارت و بازووی كەسە پایەدارەكانی حیزبدا كۆم بەكەن.
پارتی و یەكێتی دوای ئەو هەموو كردە ناجۆرە سیاسی و خراپییەی بۆ خۆ چەسپاندن و مانەوەیان ئەنجامیان دەدا، درێژەو بەردەوامییەكەشیان وەك كاری كردە لە دۆخی چەقبەستوی گۆڕەپانەكەدا دەقۆستەوە بۆ خۆ گیركردنی زیاتر لە مانەوەو سەركەوتن و ، گرتنە دەستی باڵاترین پلە لە بەژنی دەسەڵاتدا.!
لە ئێستادا هەموو لایەنەكان بە گومانەوە سیاسەت لەگەڵ یەكتردەكەن و متمانەیان بەیەك نەماوە.!
ئەم گومانەش گەرچی ناوەرۆك و هۆكارەكانی دیار و كوشندەن، بەڵام ئەگەر و ئومێدی خۆ دەربازكردن و ڕەوینەوەی ئەستەم نییە بۆ كورد و سیاسەتەكەی.
ئێمە « كورد » بە زەمەنی سیاسی و ململانێ تێپەڕیوو،نیوەی جەستەمان نوقمی لیتاوی دوژمنە.!
بۆیە ئیتر كاتییەتی پێكەوە بەیەك دەست و هەڵوێستی بەهێز، هەوڵبدەین نیوە زیندوەكەی تری جەستەمان ڕزگار بكەین و بیخەینە خزمەت خەڵك و خاكەوە.