نەبینین لە بینیندا.!
9/27/2020 2:49:00 PM
نەبەز جەلال
گەر بڕۆیتە تاریکیستانییەکی چۆڵەوە، چاو ببڕەیتە قوڵایی و قوڵی
ئاسمان و سەرنج بدەی، بەو تاریکی و تنۆکیەدا ڕۆبچیت و کەمێک بمێنیتەوەو بڕوانیتە نێو
مانگ و ئەستێرەکان!
تێدەگەی کە ئاسمان زۆر زۆر پڕترە لەو ڕەونەق و ڕۆشناھییە نەبینراوەی کە تۆ بە ڕۆژ لەبەر ڕوناکی خۆر توانای بینینیت
نییەو نایانبینی!.
ڕووناکیش بەشێک لە تاوانی شاردنەوەی تاریکی و پەنھانی ھەڵگرتووە، بۆ
بینینی ڕووناکییکی ڕاستەقینە پێویستیمان بە تاریکییەکی قوڵتری چاوە بۆ بینین.
زۆرینەی کێشەو ڕاستییە ئاڵۆزکاوەکان لە تاریکی و چەپەکی تەنگانەییدا
دەبینرێن و دەدرەوشێنەوە.!
مرۆڤ قەت ناتوانێ لە ڕووناکی و ڕوکەشدا بە ڕوونییەکی سەرپێیی ڕاستییەکان
لە دیوە شاراوەو ناچیزەکەی خۆی جیابکاتەوە ھەڵبژێرێ.
دەستی بە قوڵاییە شاراوەکەی تاریکی بگات، وەک سروشت و ڕاستەقینەی
ناوەوەی خۆی بناسێ و بە متمانەوە ھەموو شتەکانی ببینێ!.
بەرکەوتەی ئازار و جۆری پەشیمانبونەوەکەش لە ناشوێن و بۆشایی شوێندایە
لە تێگەیشتن و بینین گەیشتن بە بڕیاری کوێر.
ھەموو نەبینینێک و شاردنەوەی بینینێک دەبێتە ھۆکار و دەرکەوتەی سەرەتایەکی
خراپی باوەڕ کوێری و جەخت بەخشینەوەی خۆش باوەڕیشە بۆ شکستی ھەنگاوەکانی بە نابینایی
دەبنە بڕیار، ئەمەش شت گەلێکی خراپ و
خراپتر بە دووی خۆیدا دێنێ و، کات و زەمەنیش بە پوچ و بۆشی و بئ ئەنجامی لە دەستکەوتی
سەرکەوتنەکانی بینین بۆ ژیان تێدەپەڕن.!
بەجێھێشتنێ خەڵکی کوردستان لەم تاریکستانی نا شوێن و نابینییە بێ ھۆشیارییە
ڕامیاری و ژیارییەدا. شکستی گەورەی چەند ساڵەی بەڕێوەبردن و، بەرەو پێشچوون و
دروستبونی چێوەیەکە،کە تێیدا خاک ناچێتە شێوەی ووڵاتەوەو خەڵکەکەشی بەم جۆر و ھەنگاوە
نابن بە میللەت.
تێپەڕاندن و دەربازبوونی خەڵکی کوردستان لەم سیاسەتی تاریکاندن و
چاوبەستەکییە کارگێڕی و سیاسییە بازرگانییەی بۆتە مار و لە قورتمی گەل ئاڵاوەو دەیەوێ
ھەموان بخنکێنێ، ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەسەڵاداران و حیزبە سیاسییە بڕیار بەدەستەکانە
بۆ بە ھاناوەچوون ئاشتکردنەوەی پێکەوە ژیانی گشتی و ئاسودەیی، کە تا ئێستاش بە ھۆکاری
رەوشتی بەرزی نەتەوەیی و دڵسۆزی بۆ خەڵک و بەخشینی قوربانییەکان خاک ڕاگیریکردوون.
کە ئێوە ھەموو ئەم ڕاستییانە ڕەشکەنەوەو بتانەوێ بە مەبەست نەیبینن،
ئیتر نەبینین دەچێتە جێگەی بینین، نەبینیتان دەبینن.