کورد لەبەردەم کاتێکی ترسناکدا!.
2/26/2022 10:48:00 AM
نەبەز جەلال
شەڕی بردنەوەو بەرژەوەندی زلهێزەکان، جەنگی
سارد و ململانێ دوورەکانی تێپەڕاند، ئێستا خاڵی یەکلابوونەوەی دۆخەکەیان گەیاندە سەر
سنور و دەرگای ماڵەکانی خۆیان!.
بۆ بردنەوەو زاڵبوون بەسەر شەڕەکەو دورخستنەوەی
سنگەرەکان لەخۆیان، شوێن سنگەرەکانیان دابەشدەکەن بەسەر تەواوی ئەو جێگایانەی کە پێشتر
خاڵی بەرکەوتن و ململانێیان بوون.
بێگومان وڵاتانی داگیرکاری کوردستان و هەرێمی
کوردستانیش شوێن بەرکەوتن و بەرکەوتەی بەرژەوەندی سیاسی و بازرگانی و سەربازی زلهێزەکانی
ناوچەکەن، جا بە جۆری ڕاستەوخۆ بووبێت یان ناڕاستەوخۆی دەستاودەست.
لە ئێستادا ئەستەمە بتوانرێت کاردانەوەو دەرخستەی
زیان و دەستکەوتەکانی ئەم جەنگە دیاریبکرێت و بزانرێت بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی
ناوین و ئەم ناوچەیە دەگەن بە کوێ.
گەر ڕاستگۆیانەش قسە بکەین دەزانین کە بەداخەوە
کورد لەو ئاستە هۆشیاریە سیاسیە گەورەیەدا نییە لێکدانەوەی وورد و زانستی خۆی بۆ ئەم
دۆخە هەبێت جگە لە بینینی شێوە گشتیی دۆخەکەو، بیستنی کەمە زانیاریەکی وەرگیراو لەو
دۆستە گوماناویانەی هەمیشە بونەتە مایەی شکست و دواخستنمان لە پرۆسە گشتییەکەو دووبارە بوونەوەی بێبڕوایمان لە جۆریی پەیوەندی و لایەنگیری زلهێزەکانی خۆیان کردۆتە
دۆستمان.
کاتەکە گرنگە یان ترسناک، بە کورتی و کرمانجی دەمەوێت
بڵێم :
دۆخێک دروست بووەو خۆی وا پیشانی هەموون دەدات،
لەمڕۆدا بەداخەوە دوژمنەکانمان بوونەتە دۆستمان، خۆشمان بوینەتە دوژمنی خۆمان و
بووین بە چەند بەرەیەکەوە، دابەش بوونەکەشمان لەسەر هەمان ڕیتم و بنەمای دۆستایەتیکردنی دوژمنەکانمان وەک نەیار
بەڕێوەدەچێت.!
کە لێرەوە ماڵ وێرانییەکی گەورەو ترسی نەمان و
تیاچونێکی نوێ و فۆڕمی دابەشکردنەوەیەکی
تر دێتەوە بەرچاومان؛ کەتێدا هەمووان نووقم دەبین و، تێیدا دەست بۆ پوشی نامەردترین
جۆری بەهاناوە چوونی دوژمنەکانمانەوە دەگرین و لە خۆمانیان دەکەینە فریادڕەس!.
پێشئەوەی ئەم شەڕی ماڵ وێرانی و سەرگەردانییەمان
پێبگات دەبێت کورد بە خۆیدا بچێتەوەو واز لە غروور و رۆحیەتی خۆپەرستی و بڕوا بە زلهێزی و خۆ بەزلزانی بهێنێت
و، دەست بە گفتوگۆیەکی کوردانەی کراوە بکات و هەرچی زووترە هەنگاوی یەکگرتنەوەی نیشتیمانی
و یەک ڕیزی و هێزی بیرو باوەڕو پتەو بە ئاڕاستەکردن و دەنگ و ڕەنگی خەڵکی کوردستان
و خاکەکەی بنێت و پیشانبدات ، کە بێگومان دەبێت:
١.کۆنگرەیەکی بە پەلەی تەواوی هێزەکوردییەکان ڕێکبخات و یەکگرتویی هێزە
کوردیەکانی باشور ڕابگەیەنرێت و دەستبکات بە یەکگرتنەوەی سەرتاسەری و، پرۆژەو بیری هاوبەشی کارکردن لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاواو
باکور و ڕۆژهەڵات و هەموو ئەو کوردانەی لە دەرەوەی ئەو چوار پارچەیەدان و بۆ لۆبی
کوردستانی بکاتە ئامانج لە دەرەوە.
٢.لابردنی هەموو ئەو قین بوغز و شەڕانگێزییەی ڕابووردو و مێژووە ناشرینەی
بۆتە مۆتەکەی حیزب و سیاسەتی کوردی. هەرچی زووە نوێنەرایەتی کورد لە بەغداد دیاربکرێت
و بێ سەڵمینەوە ببنە خاوەن یەک گوتاری سیاسی بوێر و کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت
٣.ئاشتکردنەوەی شەقام و گشتی ڕابگەیەنرێت و هەموو ئەوشتانە بوونەتە هۆکاری
گرێ و گۆڵی سیاسی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە ڕێ و شوێنی یاسای خۆی ئاشکرا بکرێت و خەڵک
لە نیەت پاکی و دڵسۆزیت بوونتان دڵنیابکرێنەوە.
٤.ئایندەو گوتاری سیاسی هاوبەشی خۆتان بۆ خەڵک و ڕوون بکەنەوەو بیانکەوە
بەهێزو دەسەڵاتی یەکەمی پشتگیریکردن و دۆست لە ئامانجە پێکەوەییەکەداو دەست لە دۆستایەتی
دوژمن و دوژمنایەتی لایەنەسیاسی و خەڵکەکەتان هەڵگرن و شەفاف و بوێربن لەڕاستی
ووتنی کێشەکان و سەروەت سامانی خەڵک و چالاکردن و سەربەخۆکردنی هەموو دەسەڵاتە باڵاکانی
هەرێم و گەڕانەوە بۆ پاراستنی شکۆی هاوڵاتی و خزمەتکردنیان بۆ دروستکردنی هێز و دەوڵەتی
هاوڵاتی کە خەڵک تێیدا شانازی بوونی خۆی تێدا ببینێتەوە.
بێگومان لەم دەستپێکەوە کە بەهەموان دەکرێت دەچینەوە
سەر ئەو ئومێدەی کە دوا چانسی لێواری دۆخەکە
بۆ سەرکەوتن و ئازادی تاقیدەکەینەوەو دەبینەوە بەو ئاهەی پشووی تێدا دەدەین
و دەژین ، یان بۆ داواجار دوا کاڵەکی نەگەییوو بە ئەژنۆ شەکەتەکامان دەشکێنین و خۆمان
و خاکیشمان بەو تاقیکردنەوە پوچانەی ئێوە دەسپێرین کە ساڵانێکی زۆرە هاوارو نزای
پاڕانەوەی بۆ دەکەین و ئێوەش وەک کەڕەی شەربەت.