60وتار

پیرۆزییەکانی سەروەری.!

12/29/2023 11:31:00 AM
نەبەز جەلال




 شکۆ و سەروەرییەکانیشمان خەریکە دەچنە ژێر پرسیاری نەشیاوو شەرمی هەمەجۆرەوە. ناکرێ ئیتر بەگشتی باسیان نەکەین و بڵێین مێژوومان فڵان خەباتگێڕو و خەباتکارە؛ هێندە باش و جاش و پاک و پیس تێکەڵە بووە ئیتر هاوشانەکان کەچ و لاسەنگ بوون و سەنگینی و بێ سەنگی جیاناکرێتەوە مەگەر بە پرسیار وورد نەبێ!. پردی پەڕینەوە و چوار ڕیانەکانی خەڵک و خلۆک پیایدا دەخولێنەوەو دەبڕن بە ناوی شەهیدە ناو بەرزو هەندێک لەسەربەرزەکانی کوردەوە ناو نراوون. باخچە خنجیلەو وردیلەکانیش بۆ هەندێک لە شەهیدە دەست سەنگین و ڕەنگینەکانی جێدەستیان لە ناوخەڵک و خوێندا بەقوربانی دیارە. بازنە خولاوەکانی شاریش بونە ناتۆرەی هەندێک شەهیدی لە بیرکراو. ئەم هەرێمە هەموو شتێکی شێواوە هەر چۆن ( پێشمەرگە و جاش ) یان بە زیندووی کرد بەیەک ؛ بە مردوویش پیاو مەگەر بە شەڕیی ڕووداری خۆی لێکیان جیاکاتەوە!. وەختێک خائینێکی بە سزای گەل گەیەندراوی دەستی میلەت دەبێتە شەهیدی فەرماندەو سەرکردەی خەبات و قوربانی ئیتر هیچ پیرۆزییەک لە شەهیدبوون و گیان بەخشیندا نامێنێ!. کاتێک ڕاوو ڕووت چییەک ، پارە دزێک ، ئاودیوچییەک تاڵانچییەک ، گومرگ خۆرێک یان خۆیان ووتەنی مردن بە جووتەی ئەسپێکی لاقەکراو دەبێتە شەهیدی سەنگەر ئیتر هیچ بەهایەک بۆ شەهید و پیرۆزییەکانی نامێنێ!.

ئەوەی سەرنجی منی بۆ ئەم بابەتە زیندوکردەوە و ڕاکێشاوە ئەوە نییە کە تێپەڕیووەو ئازارەکەیمان شاردۆتەوەو خەڵکیش خۆڵی بە سەرداداوەو کورد ووتەنی شەیتان دەستی لێهەڵگرتوون ئێمەش لێی بێدەنگین.. ئەمانە مناڵەکانیان باوک و کەسوکاریان لێ بۆتە قارەمان و پێمان دەفرۆشنەوە لە کاتێکدا هیوامان هەیە گەر سیاسەت و حیزب و ملشۆڕی و سوکایەتی حیزب نەبێ کفرە ناوی لە لیستی شەهیدانیشدا تۆمار بکەن و پێی بوترێت شەهید. دز و جەردە و خۆفرۆش و لەشفرۆش و سەرفرۆش و قاچ فرۆش و دەستفرۆشیشیان لەسەر میلەت بە شەهید ناونوسکردووە. دەوروو بەرەکەشیان کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەکەن و شەهیدانی ڕاستەقینەش وەک خەباتکارە زیندوو بە ئەمەکەکان بوون بە ژێر پێوەو کەس لە ڕووشی نایات باسیشیان بکات. ئیتر سەردەمی فیداکاری گوزەشت و خەڵکە خۆ بەخش و دڵسۆزەکەش لە کۆتای ئەم هەموو چەوتییەدا گشت سەروەرییەکانی ناو ناخ و سەریشی وەری!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن