سه‌رنجێک ده‌رباره‌ی پرۆژه یاسای میدیای ئه‌لیکترۆنی
8/18/2020 11:49:00 AM
ماردین ئیبراهیم
من پرۆژه یاسای ڕێکخستنی میدیای ئه‌لیکترۆنیم خوێنده‌وه، به ڕاشکاوی بیڵێم
جگه له په‌ره‌گرافی کۆتایی ماده‌ی ١٦: سزاکان، که هیچ پێویست ناکات په‌یوه‌ست بکرێته‌وه
به یاسای تیرۆر و تۆقاندن، یاساکه به گشتی یاسایه‌کی خراپ نییه.
بوونی یاسایه‌ک بۆ میدیای ئه‌لیکترۆنی پێویسته، له‌وه‌یش گرنگتر پاراستنی
مافی ڕاده‌ربڕین و گوزارشت له‌خۆکردن ده‌بێت بابه‌تێکی سێنتراڵ بێت.
هێرشکردنه سه‌ر پرۆژه یاسایه‌ک که زۆربه‌ی زۆری هێرشکه‌ران نه‌یان خوێندۆته‌وه
و نازانن باسی چی ده‌کات خزمه‌تی دۆزی دیموکراسی ناکات.
مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای ئێمه زۆر هیلاکه، ڕه‌وا نییه هێنده‌ی تر به زانیاری و لێکدانه‌وه‌ی
هه‌ڵه و مه‌زاجی بۆردومان بکرێت. چه‌نده ڕه‌خنه و گازنده‌کان لۆجیکی و ڕه‌واو هێمنانه
بن و شرۆڤه‌ی خودی پرۆژه یاساکه بکات دوور له هه‌ڵچوون و ده‌مارگیریی هێنده خزمه‌تی
ئه‌وه ده‌کات یاساکه باشتر بکرێت و دوواجار به قازانجی ئازادی ڕاده‌ربڕین بکه‌وێته‌وه.
پرۆژه یاساکه نه باسی کۆمێنتی تێدایه و نه باسی پانزه ساڵ زیندانیی و نه
باسی له سێداره‌دان وه‌کو به‌شێکی زۆری چالاکه‌کانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌ندێک
میدیای گه‌وره و فه‌رمی باسی ده‌که‌ن.
ده‌بووایه فشاره‌کان به ئاراسته‌ی ئه‌وه بووایه که یاساکه زۆرتر دیموکراسی
بووایه، زۆرتر مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕینی له‌به‌رچاو بگرتایه، نه‌ک به
ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی بڵێن ئێمه یاسای میدیای ئه‌لیکترۆنیمان ناوێت.
ڕۆژانه که‌سانێکی زۆر ده‌بینین لایڤ ده‌که‌ن و پۆست ده‌که‌ن و کۆمێنت ده‌نووسن
که پڕه له ڕه‌گه‌زپه‌رستی، پڕه له هێرشکردنه سه‌ر که‌رامه‌تی مرۆڤ، پڕه له هه‌ڵاواردن
و به‌که‌م سه‌یرکردنی ئێزیدی، مه‌سیحی، جوله‌که، ژنان، ئه‌و که‌سانه‌ی ڕوانگه‌یه‌کی
تریان بۆ سێکسوالیتی هه‌یه، ئه‌و که‌سانه‌ی ئاین به به‌شێک له ناسنامه‌ی خۆیان
نازانن، ئایا ئێمه یاسایه‌کمان ناوێت جڵه‌ویان بکات؟ یاسایه‌کمان ناوێت سنووریان بۆ
دابنێت؟
له ئێستادا ئه‌و که‌سانه‌ی له میدیای ئه‌لیکترۆنی ده‌نووسن به پێی یاسای
سزادانی عێراقی و یاسای خراپ به‌کارهێنانی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا
ده‌کرێت، بوونی یاسایه‌ک بۆ میدیای ئه‌لیکترۆنی ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌کات و
هه‌نگاوێک ده‌بێت بۆ پێشه‌وه.
جگه له‌مانه‌ش من تێناگه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و پرۆژه یاسایه‌یان واژۆ
کردووه بۆ به‌رگری له ڕووانگه‌ی خۆیان ناکه‌ن؟ مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بکات یاخود بۆی
ده‌ربکه‌وێت دیدگایه‌کی که‌موکورتی له‌سه‌ر بابه‌تێک هه‌بووه بێگومان شتێکی باشه
په‌شیمان ببێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڕێزانه نه پێمان ده‌ڵێن بۆ واژۆیان کردووه و نه
پێمان ده‌ڵێن بۆچی په‌شیمان بوونه‌وه.