بۆریس جۆنسن.. بیانوویه‌ک بۆ تێڕوانین له ته‌وژمی راستڕه‌و
7/30/2019 10:28:00 AM
ماردین ئیبراهیم
هه‌ڵبژاردنی بۆریس جۆنسن بۆ سه‌رۆکایه‌تی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا؛ که پاشتر راسپاردنی له‌لایه‌ن شاژنه‌وه‌ی به‌دوادا هات تاکو کابینه‌كه‌ی دروست بکات و ببێته سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌ریتانیا لێکه‌وته‌ی هه‌لومه‌رجێکی بابه‌تیه که ساڵانێکه ره‌وتی راست له به‌ریتانیا زه‌مینه‌ی بۆ خۆش کردووه. له هه‌مان کاتدا له‌ناو بارودۆخێکی جیهانی و خۆرئاواییدا روویداوه که چیدی ده‌رکه‌وتنی پیاوان و ژنانی پۆپۆلیستی راستڕه‌و وه‌ک سیمای سه‌ره‌کی سیاسه‌ت هیچ که‌سێک تووشی سه‌رسوڕمان ناکات.
هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به به‌ریتانیاوه هه‌بێ، کۆنزه‌رڤاتیڤیزم هه‌میشه ته‌وژمێکی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگاو سیاسه‌ت بووه و کۆمه‌ڵگای به‌ریتانی له گۆڕانی دراماتیک و رادیکاڵ پاراستووه. لێره‌وه سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و ته‌وژمه پێداویستیه‌کی کۆمه‌ڵگو بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانکه‌ره ئه‌وه‌یه که رۆژ به‌ڕۆژ ئه‌و ره‌وته چی له به‌ریتانیا و چی له ئەمریکاو وڵاتانی تری ئه‌وروپیدا له ژێر کاریگه‌ری راستی په‌ڕگیردا به‌هاکانی خۆی له ده‌ست ده‌دات و خۆی زیاتر به‌ره‌و راستی توند وه‌رده‌چه‌رخێنێ. کۆنزه‌رڤاتیڤیزمی به‌ریتانی له چه‌رچڵه‌وه که تێکشکێنه‌ری هیتله‌ر بوو و تا ده‌گاته تاتچه‌ر و پاشان جۆن مه‌یجه‌ر که یه‌کێک بوو له ئه‌ندازیارانی پاراستنی کوردستان له ساڵی ١٩٩١ئێستا ساڵانێکه به ده‌ست نه‌بوونی سه‌رکرده‌یه‌کی باش و دید و تێڕوانینێکی هاوسه‌نگ و ره‌سه‌نه‌وه ده‌ناڵێنێت.
هه‌رچه‌نده هه‌ر ده‌ستکه‌وتێک له خۆشگوزه‌رانی و ئازادی له ئه‌وروپا و خۆرئاوادا به‌ده‌ست هاتبێ زیاتر قه‌رزاری بزوتنه‌وه‌ی چه‌په نه‌ک راست، به‌ڵام له دوای جه‌نگی دووەمی جیهانییەوە هیچ کاتێک باڵی راستی توندڕه‌و به‌و بێچاوڕووییه‌ی ئێستایه‌وه نیگاکانی خۆی په‌خش نه‌کردووه. بۆ ئه‌مه‌ش ره‌وته کۆنزه‌رڤاتیڤه‌کانی خۆرئاوا به‌رپرسیاری یه‌که‌من. راسته باڵی راستی توندڕه‌و له هیچ جێگایه‌کی ئه‌وروپا بێجگه له نه‌مسا و ئیتالیا نه‌یانتوانیوه بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام تووانیویانه پارادایمی سیاسی خۆیان و زمان و ریتۆریکی خۆیان به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی‌دا زاڵ بکه‌ن، که به‌داخه‌وه ئه‌و کاریگه‌رییه به ته‌نیا له‌سه‌ر کۆنزه‌رڤاتیڤه‌کان نییه بگره له‌سه‌ر سۆشیال دیموکرات و هه‌ندێکجار له‌سه‌ر چه‌په‌کانیشه.
بۆریس جۆنسن یه‌کێکه له‌و سیاسه‌تکارانه‌ی کۆنزه‌رڤاتیڤ، که تینوێتی راستی توندڕه‌و ده‌شکێنێ. هه‌ر وه‌کو تره‌مپی کۆنزه‌رڤاتیڤ که به‌راده‌یه‌ک ڤۆڵگاریزم و بازاڕیبوونی له سیاسه‌تدا په‌ره‌پێداوه که ئیدی ئه‌مریکییه‌کان پێویستیان به راستی توندئاژۆ نییه گوزارشت له خه‌ونی ره‌گه‌زپه‌رستیان بکات. بێهۆ نییه تره‌مپ به سه‌رکه‌وتنی بۆریس جۆنسن شاگه‌شکه ده‌بێ. ئێستا له به‌ریتانیا پارتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانی که پارتێکی ره‌گه‌زپه‌رسته هیچ کورسیه‌کی نییه له په‌رله‌مان به‌ڵام زۆر که‌س هه‌ن له بری ئه‌وان گوزارشت له خه‌ون و ئایدیاکانیان بکات، بۆریس جۆنسن و ئاراسته کۆنزه‌رڤاتیڤه‌که‌ی له لایه‌ک و پارتی بریگزیت و نایجیل فاراج له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و ئه‌رکه راده‌په‌ڕێنن.
ترس و هیوا
بۆریس جۆنسن به هاوکاری نایجیل فاراج و سه‌رۆکایه‌تی ده‌یڤید کامیرۆن که ببوون به عه‌ڕابی بریگزیت و ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌کێتی ئه‌وروپا، ته‌نگژه‌یه‌کیان دروستکردووه که به‌ریتانیا ناتوانێ به‌بێ زیان لێی ده‌ربچێت، که‌واته بابه‌ته‌که بڕی زۆری و که‌می زیانه‌که‌یه. به‌ڵام هه‌ڵه‌یه بڵێین بریگزیت هۆکاری ته‌نگژه‌که‌یه، بگره خودی بریگزیت ئه‌نجامی قه‌یرانێکی تر بوو که له کۆمه‌ڵگای به‌ریتانیدا شه‌پۆلی ده‌دا، که قه‌یرانه‌كه‌ش ئه‌و گه‌رمه‌تا ئه‌وروپیه‌ی هاتنه‌وه مه‌یدانی باڵی راست بوو که له‌وه‌یاندا هه‌م چه‌په‌کان و هه‌م سۆشیال دیموکرات لێی به‌رپرسن که نه‌یانتووانیوه سیاسه‌تێکی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ نیولیبڕالیزم و سیاسه‌ته ئابوورییه تونده‌کانی بخه‌نه ڕوو. چینی کرێکار که چیدی هه‌ست ناکات به‌شداری سیاسه‌ت ده‌کات و رۆژبه‌ڕۆژ خزمه‌تگوزارییه‌کانی لێ که‌مده‌کرێته‌وه به ئاسانی ده‌بێته نێچیری ئایدیۆلۆژیا راستڕه‌وه‌کان که وه‌ک ‘چانتال مۆفێ’ ده‌ڵێت ترس و هیوای تێدا سه‌وز ده‌که‌ن؛ که بێگومان ترس و هیوایه‌کی ساخته‌یه. ترس له‌وه‌ی که ئه‌وانی بێگانه به ئاماده‌یی فیزیکی و ره‌مزی خۆیان ده‌رفه‌تی کاره‌کانیان ده‌به‌ن و کلتوره ئه‌وروپیه ‘ڕه‌سه‌نه‌که‌یان’ ده‌شێوێنن، هیواش به‌وه‌ی که ده‌تووانن له ده‌ره‌وه‌ی نیولیبرالیزم ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیکه بخه‌نه روو که گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه بۆ ناو خۆی. پارتی کرێکاران و سه‌رۆکه چه‌په‌که‌ی ‘جێرمی کۆربین’ ده‌سته‌وه‌ستان مانه‌وه له‌وه‌ی نه‌یانتووانی به‌ر به‌و ژاوه‌ژاوه‌ی بریگزیت بگرن و به‌شێکی زۆری ئه‌ندامانیشیان که‌وتنه ژێر ماشێنیکی ئایدیۆلۆجیه‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا باڵی راست لێی ده‌خوڕی. پارتی کرێکاران نه‌یتووانی هێڵێکی دیار بکێشێت له نێوان ره‌خنه‌گرتن له دیوه نێگه‌تیڤه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و ترسناکی خواستی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا. بۆ ره‌خنه‌گرتن له یه‌کێتی ئه‌وروپا، ئه‌ده‌بیاتێکی کلاسیک و نوێی چه‌پ له به‌رده‌ستدا بوو که پارتی کرێکاران هیچ پێویستی به‌وه نه‌بوو هه‌ڵوێستێکی هێنده لاواز بنوێنێت ئه‌ندامه‌کانی بکه‌ونه ته‌ڵه‌ی سیاسه‌تکارانی ڤۆڵگاری وه‌کو بۆریس جۆنسن و نایجیل فاراجه‌وه.
له فه‌ره‌نسا به‌شێکی زۆری چینی کرێکار له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگیان به مارین لۆپینی ره‌گه‌زپه‌رست دا. چینی ناوه‌ند و کرێکاران وا هه‌ست ده‌که‌ن سیاسه‌تی نیولیبرالیزم په‌لاماریان ده‌دات، وا هه‌ست ده‌که‌ن مافه ئابووری و کۆمه‌لایه‌تییه‌کانیان که‌مبۆته‌وه ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه که چه‌پی میانڕه و راستی میانڕه‌و هه‌ماهه‌نگن، بۆیه بۆ بزنێکی قوربانی ده‌گه‌ڕێن کینه‌ی خۆیانی ئاراسته بکه‌ن. مارین لۆپین ده‌یه‌وێت ‘بێگانه‌کان’ و ‘کۆچبه‌ران’ بکاته ئه‌و قوربانیه. باڵی راستی توندڕه‌و سه‌رکه‌توو بووه له‌وه‌دا که له بێگانه‌کان و کۆچبه‌ران وێنه‌ی دوژمنی دروستکردووه، له کاتێکدا سیاسه‌تی ئابووری گڵۆباڵیزم دوژمنه سه‌ره‌کیه‌که‌یه نه‌ک کۆمه‌ڵێک په‌نابه‌ری به‌له‌نگاز که زمانی وڵاته‌که‌ش نازانن.
سیاسه‌تی بێڕه‌حمی بازار و حوکمی ته‌کنۆکراته‌کان سه‌روه‌ره که ئیراده‌ی گه‌ل ته‌نیا فۆرمه‌که‌ی ماوه‌ته‌وه، وایلێهاتووه ده‌نگدان وه‌ک به‌یعه‌تدانه‌وه‌ی لێهاتووه به‌و سیاسیانه‌ی که ماشینی نیولیبرالیزم و سیاسه‌ته ئابووریه نابیناکه‌ی ده‌ئاژوون. بێهو نه‌بوو له ئیسپانیا ده‌یانگوت: ‘ئێمه ده‌نگدانمان هه‌یه، به‌ڵام ده‌نگمان نییه’ ئه‌مه‌ش رێک ئه‌و دۆخه بوو که چانتال مۆفێ ناوی نا ‘میتا سیاسه‌ت’
کینە لە پەنابەر
هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا دیموکراسی به‌هانه‌که‌ی زیاتر کردنی دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانیه که له ئیراده‌ی خه‌ڵکدا خۆی به‌یان ده‌کات، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی بێت وه‌ک ئه‌وه وایه دژی بنه‌ماکانی خۆی بوه‌ستێته‌وه؛ هه‌ر رێک وه‌ک ئه‌وه‌ی دوپشکێک به خۆیه‌وه بدات.
خه‌ڵک تێرمێکی سیاسیه نه‌ک ئه‌نسرۆپۆلۆجی. خه‌ڵک له رێگه‌ی گوتاره‌کانه‌وه دروست ده‌کرێت. ئه‌و شێوازه‌ی تره‌مپ و باڵی راست خه‌لکی پێدروست ده‌کات ته‌واو جیاوازه له شێوازێکی تری دروستکردنی خه‌ڵک. ئه‌و شێوازه‌ی که ماری لۆپین و نایجیل فاراج و ‘بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانی- بی ئێن پی’ خه‌ڵکی پێدروست ده‌که‌ن زۆر جیاوازه له‌و شێوازه‌ی که له دوای جه‌نگی جیهانیه‌وه مرۆڤی ئه‌وروپی خه‌ونی پێوه ده‌بینی. هه‌تاکو ئێستاش له فۆرمی سیاسه‌تدا و بۆ دروستکردنی خه‌ڵک سیاسه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا پشت به ئایدیای هاوڵاتیبوون ده‌به‌ستێت که تیایدا گه‌ل هه‌مووان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام باڵی راستی نوێ شێوازێک له خه‌ڵک دروست ده‌کات که شێوازێکی ئه‌ندێشه‌کراوه و بێگانه‌کان ‘ئه‌وان’ ده‌کاته ئامانج و وه‌ک دوژمن ده‌یانناسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به ئاسانی مۆبیلیزه‌ی ‘ئێمه’بکات به‌رامبه‌ریان. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خه‌ڵک هانبدات له ئه‌وروپا بێنه ده‌ره‌وه، سنوره‌کان دابخه‌ن، له یۆرۆ بێنه ده‌ره‌وه، بنیادنانی سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی په‌تی بکه‌نه ئامانج که ئه‌وانه‌ش هه‌ر هه‌مووی به رێگای رق و کینه دژی بێگانه‌کان و زینۆفۆبیا- ترس له بێگانه- دا ده‌ڕووات.
هه‌رچه‌نده یه‌کێتی ئه‌وروپا وه‌کو یه‌كه‌یه‌ی سیاسی ئه‌زمونێکی گرنگی کارکردنی پێکه‌وه‌ییه و کوالیسیۆنێکه که له ئاینده‌دا ده‌کرێت ببێت به هه‌وێنی ئه‌و حکومه‌ته جیهانیه‌ی که ‘کانت’ خه‌ونی پێوه ده‌بینی؛ ئێستا به‌ده‌ست کۆمه‌ڵێک کێشه‌وه ده‌ناڵێنێت که سه‌ره‌کیترینیان زاڵبوونی کۆمه‌ڵێک ئۆلیگارشی سیاسیه که نه‌ئه‌وان ده‌زانن خه‌ڵک چی ده‌وێت و نه خه‌ڵکیش ئاگای له‌وانه ده‌یانه‌وێت چی بکه‌ن. کاتێک هاوڵاتیانی فه‌ڕه‌نسا و هۆڵه‌ندا له ریفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٥ ده‌ستووری یه‌کێتی ئه‌وروپایان ره‌تکرده‌وه کۆمیسیۆنی ئه‌وروپا و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا وه‌ک ئه‌وه وابوو سه‌تڵێک ئاوی ساردیان پێداکرابێت؛ که‌چی له جیاتی باوه‌شکردن به سیاسه‌تێکی مارکێتی مرۆڤانه‌تردا هێنده‌ی تر خۆیان به رێساکانی دیوه ئابووریه دڕنده‌کانی جیهانگه‌راییدا چه‌سپ کرد که ئه‌و خۆ چه‌سپکردنه ته‌نیا به بڕینی خزمه‌تگوزاریه‌کان و ده‌رفه‌تی کاری خه‌ڵکی ئاسایی‌دا مه‌یسه‌ر ده‌بوو. پۆپۆلیستی راست ئه‌و بارودۆخه‌ی قۆسته‌وه و ورده ورده یه‌کێتی ئه‌وروپای له‌به‌رچاوی خه‌ڵک خست، چه‌پیش بێحه‌ول و قووه‌ت سه‌یری دراماکه‌ی ده‌کرد له‌کاتێکدا ده‌بووایه جه‌خت بکاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌لته‌رناتیڤی یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌ر یه‌کێتی ئه‌وروپایه‌کی باشتر و دیموکراتتر و مرۆڤانه‌تره نه‌ک گه‌رانه‌وه بۆ ناو سنووری ته‌سکی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که بۆریس جۆنسنه‌کانی به‌ریتانیا خه‌ڵکی به‌ریتانیایان بۆ کرده به‌رانه‌که‌ی حه‌زره‌تی ئیبراهیم.
سه‌رنج بده‌ن بۆریس جۆنسن له‌ناو چی هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وروپی و خۆرئاواییدا هاتۆته پێشه‌وه!
پارتی خه‌ڵک لە دانیمارک، دووه‌م حیزبی ناو په‌رله‌مانه کاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تی کۆچ و په‌نابه‌رانی دانیمارک یه‌کێک له توندترینی ناو ئه‌وروپا بێت. گریت ڤیڵده‌رز و پارته‌که‌ی ‘پارتی ئازادی هۆڵه‌ندا’ هه‌موو ریتۆریکی خۆی له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی موسوڵمانان و بێگانه‌کان داڕشتووه.فینس پارتی یان ‘فینله‌ندیه راسته‌قینه‌کان’ له فینله‌ند ده‌نگه‌کانیان له دوای سۆسیال دیموکراته‌وه بوو و پێش پارچه‌پارچه‌بوونه‌که‌یان له دوا هه‌ڵبژاردندا به پله‌ی دووه‌م ده‌هاتن، کرۆکی سه‌ره‌کی سیاسه‌ته‌که‌ی دژایه‌تیکردنی کۆچبه‌ریی و ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌ی که ئامانجی بوو پاره‌یه‌کی زۆرتر بخرێته خزمه‌تی رێگریکردن له گۆڕانی که‌شوهه‌واو گه‌رمبوونی زه‌وی. پارتی ‘دیموکراته‌کانی سوید’ که ره‌گوڕیشه‌ی فیکری سیاسیان ته‌واو له‌ژێر کاریگه‌ری نازیزمی نوێ دایه تووانیان له ساڵی ٢٠١٠ بچنه په‌رله‌مان و له هه‌ڵبژاردنی پاردا ١٨٪ی ده‌نگه‌کان به ده‌ست بهێنن، له‌کاتێکدا هه‌موو گوتاره سیاسییه‌که‌یان له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی په‌نابه‌ران و ره‌تکردنه‌وه‌ی مه‌ڵتیکه‌ڵچرالیزم-فره‌کلتووری- داڕشتبوو. ماری لۆپینی فه‌ڕه‌نسی که پێده‌چێ ره‌گه‌زپه‌رستی له باوکیه‌وه به میرات بۆ جێمابێت که باوکی دامه‌زرێنه‌ری پارتی ‘به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی’ بوو، له به‌رامبه‌ر ماکرۆندا شکستی خوارد، ئێستا سه‌رقاڵی تاوتوێکردنی دروستکردنی بلۆکێکی راستڕه‌وی توندڕه‌وه له ئه‌وروپا و له‌گه‌ڵ گریت ڤیلده‌رزی به‌دناوی هۆڵه‌ندی و مێتۆ سالڤینی ئیتاڵی وێنه بڵاوده‌کاته‌وه، ته‌نانه‌ت له گردبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئیتالیا له‌گه‌ڵ میتۆ سالڤینی ده‌رکه‌وت. له نه‌مسا پارتی ئازادی که هاینز کریستیان ستراچ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد به هاوکاری و هاوپه‌یمانی کۆنزه‌رڤاتیڤه‌کان هاتنه سه‌ر حوکم. سه‌پرایزی گه‌وره له ئیسپانیا بوو؛ که‌س بیری بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو دوای ئه‌زمونێکی تاڵ له‌گه‌ڵ دیکتاتۆریه‌تی فاشیزم و حوکمی فرانکۆ جارێکی دیکه خه‌ڵکی ئیسپانیا بۆ ئه‌و مێژووه تاریکه بگه‌ڕێنه‌وه. له هه‌ڵبژرادنی مانگی نیساندا ڤۆکس پارتی تووانی بۆ یه‌که‌مجار ٢٤ کورسی به‌ده‌ست بهێنێت، له کاتێکدا راستی توندڕه‌و پێشتر هه‌رگیز له کورسیه‌ک زیاتری نه‌هێناوه. سه‌رجه‌م گوتاری سیاسی ڤۆکس پارتی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک خاڵی راستڕه‌وانه بنیاد نرابوو که ریتۆریکێکی نزم و ساده ده‌یبرده رێوه ئه‌ویش دژایه‌تیکردنی کۆچبه‌ران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمی کاتالۆنیه‌کان بوو، واته بزوواندنی رک و کینه‌ی ئیسپانیه‌کان بوو دژی کۆچبه‌ران و دژی خه‌ڵکی کاتا‌لۆنیا. ساڵی ٢٠١٧ بۆ یه‌که‌مینجار له ئه‌ڵمانیا ‘پارتی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ئه‌ڵمانیا’ تووانی به رێژه‌یه‌کی به‌رزه‌وه که له سه‌دا ١٢ی ده‌نگده‌ران بوو بچێته په‌رله‌مان و ببێته گه‌وره‌ترین کوتله‌ی ئۆپۆزیسیۆن. نایجیل فاراج هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک له به‌ریتانیاوه هاتبوو به‌شداری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ی ده‌کرد. له ئیتالیا مێتۆ سالڤینی خۆی گه‌یانده ده‌سه‌ڵات و ئێستا جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانه. له سویسرا ‘پارتی خه‌ڵکی سویسری’ له سه‌دا ٢٩ ی ده‌نگه‌کانی هێناوه. له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه دۆناڵد تره‌مپ که نمونه‌ی ڤۆڵگاریزمی سیاسیه و پشت به تووانا و لێهاتوویی و لۆجیکی عه‌قڵانی نابه‌ستێت به‌ڵکو پشت به هێز و پاره ده‌به‌ستێت. تره‌مپ به ئیستیفزازکردنی به‌ها لیبراڵه‌کانی په‌یوه‌ست به ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ بێشه‌رمی نۆرمالیزه ده‌کات و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه بگره ده‌یکات به شتێکی سه‌رنجڕاکێش. بۆریس جۆنسن له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا سیاسیه‌که ئیلهام له‌و بازاڕیبوونه‌وه‌ی سیاسه‌ت وه‌رده‌گرێت. هه‌رچه‌نده به فۆرمی دیار و ره‌سمی بۆریس جۆنسن کۆنزه‌رڤاتیڤه و راستی میانڕه‌وه به‌ڵام هێنده‌ی له نایجیل فاراجی دژه-ئه‌وروپی و دژه ‘بێگانه’ نزیکه له هیچ که‌سێکی تر هێنده نزیک نییه؛ بگره کوشته و دێوانه‌ی هه‌مان پارادایمی سیاسیه.
تەنیا عەقڵ نا سۆزیش پێویستە
چه‌پ له ئه‌وروپادا به گشتی و له به‌ریتانیاش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پۆپۆلیزم و راستڕه‌وی زۆرتر گوتارێکی سه‌رزه‌نشتکارانه‌ی هه‌یه؛ هه‌ڵبه‌ته سه‌رزه‌نشتی ئه‌خلاقی بابه‌تێکی سیاسی گرنگه به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوشان نه‌بێت به نه‌خشه‌ڕێگای پراکتیکی که خه‌ڵک هه‌ست بکات ئه‌لته‌رناتیڤی بۆ پێشنیار کراوه ئه‌وا بێهوده ده‌مێنێته‌وه. هه‌رچه‌نده جێرمی کۆربینی سه‌رۆکی پارتی کرێکاران پیاوێکی خاوه‌ن ره‌وشتی به‌رز و هه‌ڵگری پره‌نسیپگه‌لی مرۆییه، به‌ڵام له به‌ریتانیاش و له ئه‌وروپاش چه‌په‌کان پێویستیان به که‌سانی کاریزمی هه‌یه که هاوته‌ریب به سیاسه‌تێکی عه‌قڵانی بتووانن هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکیش بجوڵێنن. راسته‌کان له هه‌ر وڵاتێک‌دا چه‌ند که‌سێکی کاریزمیان هه‌یه که رای گشتی ده‌وروژێنن. کاریزما مه‌رج نییه خۆبه‌خۆ باش یان خراپبێ. هه‌رچه‌نده پێویسته بڕبڕه‌پشتی هه‌موو سیاسه‌تێک عه‌قلانیه‌تبێ، به‌ڵام سیاسه‌ت ته‌نیا به عه‌قلانیه‌ت به‌ڕێوه ناچێ. به‌ڵکو وروژاندنی سۆزه‌کانیش گرنگه. کاریزمای راسته‌کان هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک بۆ بابه‌تێکی ناڕه‌وا ده‌جوڵێنن که پشتی به کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی لۆجیکی و درۆ و ئه‌فسانه‌سازیی به‌ستووه، چه‌په‌کان ده‌تووانن بۆ مه‌به‌ستی ره‌وا ئه‌و هه‌ست و سۆزانه‌ی خه‌ڵک بجوڵێنن. خه‌ڵک جیاوازیه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوان سیاسه‌ته‌کانی راست و چه‌پدا هه‌ست پێناکات، به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت وه‌کو کارێکی ته‌کنۆکراتی رووتی لێهاتووه که هه‌ر که‌سێک بێت هه‌مان درێژه‌پێدان وبره‌ودانه به نیولیبرالیزم، لێره‌وه‌یه راستی توندڕه‌و ئه‌لته‌رناتیڤێکی رادیکال - که بێگومان ئه‌لته‌رناتیڤێکی کاره‌ساتباره- ده‌خاته روو، کاره‌ساتباره به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه لای خه‌ڵکی ئاسایی که وا هه‌ست ده‌که‌ن ئۆلیگارشه سیاسیه‌کان ده‌رفه‌تی به‌شداری راسته‌قینه‌یان لێوه‌رگرتوونه‌ته‌وه.