بۆ کاک رابوون مه‌عروف و خه‌مباربوونه مێژووییه‌که‌ی
3/28/2020 3:08:00 PM
ماردین ئیبراهیم
مادام بابه‌ته‌که هاته سه‌ر به‌رگریکردن له حه‌ق چ قه‌یدیه با گوێ نه‌ده‌مه ئه‌وه‌ی ساڵانێکی زۆره من و تۆ هاوڕێین و هه‌ندێک قسه بکه‌م. مه‌گه‌ر ئازادی بیروڕا کۆڵه‌گه‌یه‌کی گرنگی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نییه؟
ئه‌م نووسینه‌ی به‌ڕێزت شایان به هیچ ڕێزێک نییه کاک رابوون، به‌ڵام که وا ده‌ڵێم له‌به‌ر زمانه سه‌تحی و ڕیتۆریکه هه‌ژاره‌که‌تم نییه که پێی ناسراویت، له به‌ر ئه‌وه‌شم نییه که به ئاشکرا دیاره له رووی زانستییه‌وه له چه‌مکه‌کانی شارستانێتی، ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، مافه‌کانی مرۆڤ و ئینجا ئایدیۆلۆجیا تێنه‌گه‌یشتوویت و به ئاره‌زووی خۆت ملیان با ده‌ده‌یت، له‌به‌ر ئه‌وه‌شم نییه که له‌م کاره‌ساته مرۆییه گه‌وره‌یه‌دا هاوپشتی مرۆڤانه بۆ قوربانییه‌کانی دنیا بابه‌تێکی سه‌نتراڵه و تۆ گوێی ناده‌یتێ، هه‌زاران مرۆڤی به ته‌مه‌ن و نه‌خۆش ده‌مرن و خه‌مبار نابیت، به‌شێکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستان له به‌رده‌م مه‌ترسی هه‌ژاری و نه‌داری و په‌لاماری نه‌خۆشیدان و خه‌مبار نابیت، که‌چی به گواستنه‌وه‌ی مه‌لا کرێکار له نه‌رویجه‌وه بۆ ئیتالیا خه‌مبار بوویت؛ له کاتێکدا ئیتالیا و نه‌رویج دوو وڵاتی ئه‌وروپین بگره ئیتالیا خۆشتریشه، هیچ فه‌رقی نییه بۆ پیاوێکی له یاسالاده‌ر زیندانه‌که له نه‌رویج بێت یان ئیتالیا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا ده‌کات ئه‌م نووسینه‌ی تۆ شایانی ڕێز نه‌بێت چه‌ند خاڵێکه:
یه‌که‌م: تۆ به حیساب قه‌راره ته‌شریع بۆ وڵاتێکی وه‌کو عێراق دابنێیت پێیم ناڵێیت چۆن پێش بڕیاری دادگای نه‌رویج و دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئیتالیا ده‌که‌ویت و ده‌ڵێیت غه‌در له مه‌لا کرێکار کراوه؟ براکه‌م ئه‌وه بابه‌تێکی یاسایی ئاڵۆزه مه‌یکه به گاڵته‌جاڕ و لێی گه‌ڕێ یاساناسانی نه‌رویج و ئیتالیا قسه‌ی لێبکه‌ن. ئه‌و بڕیاره به‌ناو پرۆسێسێکی ئاڵۆزی دورودرێژدا ڕۆیشتووه که به ده‌یان دادوه‌ری گه‌وره و خاوه‌ن سومعه‌ی نه‌رویج له گه‌ڵاڵه‌کردنیدا به‌شدار بوون. دادگاکانی نه‌رویج له دادگا ته‌واو سه‌ربه‌خۆکانی دنیان.
دووه‌م: تۆ هیچ له‌و به‌ڵگه‌و بڕیار و پرۆسیجه‌رانه‌ی وڵاتی نه‌رویج ده‌زانیت؟ هیچ له‌و به‌ڵگانه ده‌زانیت که دادگای ئیتالیا پشتی پێبه‌ستووه بۆ تاوانبارکردنی مه‌لا کرێکار؟ ده‌زانیت تۆمه‌ته‌کان چین؟ ده‌زانیت یاسای تیرۆری ئیتالی چییه و چۆنه؟ هه‌ر ئاوا به سووک و ساده غه‌در له مه‌لا کرێکار کراوه و ته‌واو؟ ئه‌گه‌ر دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئیتالیا حوکمه‌که په‌سه‌ند بکات مه‌لا کرێکار به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ده‌بێت ده ساڵ له زینداندا بێت، ئه‌و بڕیاره بڕیارێکی جدیه هی ئه‌وه نییه تۆ بۆ وروژاندنی چه‌ند موسوڵمانێکی ساده‌دڵی کورد به ئاره‌زووی خۆت و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ته‌فسیر و ته‌ئویلی بکه‌یت.
سێیه‌م: تۆ بۆ ئه‌وه‌نده بابه‌تی مه‌لا کرێکار ساده ده‌که‌یته‌وه؟ خۆ مه‌لا کرێکار له سه‌ر نه‌دانی پاره‌ی ئاو و کاره‌با نه‌گیراوه، ئه‌و پیاوه تۆمه‌تباره به تێوه‌گلان له پلان‌داڕشتن بۆ کاری تیرۆریستی له ئیتالیا. نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌کو که‌سێکی ترسناک و تیرۆریست ناساندوویه‌تی. جگه له‌وه‌ش فیگه‌رێکی ترسناکی شه‌ڕه دڕندانه‌کانی کوردستان بووه و به ئاشکرا شانازی به سه‌ربڕینی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه ده‌کات، له کاتی شه‌ڕی داعش و ڕفاندن و ئیغتیسابی کچان و ژنانی یه‌زیدی ئه‌و کرداره به‌ربه‌ریانه‌ی به فه‌رزی عه‌ین و فه‌رزی کیفایه له‌سه‌ر موسوڵمانان پێناسه کردووه، ئیتر ئه‌و که‌سه چۆن ده‌تووانێت به‌شداری بکات له بنیادنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاشتیسالار. ئه‌گه‌ر ذه‌شڵێیت خه‌تای ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه فشاریان بۆ هێناوه و ناچاریان کردووه ڕوو بکاته کاری تیرۆریستی ئه‌وا خۆی سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌یه که کاراکته‌ری ئه‌و پیاوه به ملیۆنان ساڵی تیشکی دووره له‌وه‌ی بۆ بنیادنانی دیموکراتییه‌ت؛ زڕه‌هیوایه‌کیشت پێی هه‌بێت. ئینسانی مه‌ده‌نی ئه‌گه‌ر فشاریشی بخرێته سه‌ر کاردانه‌وه‌کانی مه‌ده‌نی ده‌بێت، مرۆڤی به‌ربه‌ریش فشاری بخرێته سه‌ر کاردانه‌وه‌کانی به‌ربه‌ریانه ده‌بێت.
چوواره‌م: دادگاکانی ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر کێشه‌یشیان هه‌بێت هێشتا هه‌ر باشترین دادگاکانی جیهانن، مه‌لا کرێکار بێته‌وه کوردستان دادگایی بکرێت - وه‌ک جه‌نابت داوای ده‌که‌یت- مافه‌کانی زۆر که‌متر ده‌بێت له نه‌رویج و ئیتالیا، مه‌لا کرێکار له هه‌ر وڵاتێکی ئیسلامی دادگایی بکرێت- به سعودیه‌شه‌وه- بێگومان حوکمه‌که‌ی له سێداره‌دان ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی له ئیتالیا پێی دادگایی کراوه و حوکمی تاوانباربوونی ده‌رچووه خۆ هه‌مان ئه‌و تۆمه‌تانه نین که له کوردستان ئاراسته‌ی ده‌کرێت ئیتر چۆن ده‌بێت بێته‌وه ئێره؟ بێته‌وه ئێره‌ش دادگایی بکرێت و ئازادیش بکرێت هێشتا ئیتالیا واز له مافه‌کانی خۆی ناهێنێت. له ئیتالیا له سه‌ر تاوانه‌کانی به‌رامبه‌ر ئیتالیا و له نه‌رویج له‌سه‌ر تاوانه‌کانی له نه‌رویج و له کوردستان له‌سه‌ر تاوانه‌کانی به‌رامبه‌ر کوردستان دادگایی ده‌کرێت.
پێنجه‌م: تۆ چۆن ده‌زانیت حکومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی نه‌داوه بیهێنته‌وه و دادگایی بکات؟ چۆن ده‌زانیت مه‌لا کرێکار رازیه له کوردستان دادگایی بکرێت و چه‌ندان مه‌رجی ته‌عجیزی دانه‌ناوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یگه‌ڕێننه‌وه کوردستان؟ چۆن ده‌زانیت نه‌رویج دنیایه‌ک وتوێژی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عێراق و هه‌رێم نه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵایه‌ی له کۆڵ بێته‌وه و کرێکار له عێراق دادگایی بکرێت و ئه‌و کاره سه‌ری نه‌گرت چونکه مه‌رجی نه‌رویج ئه‌وه بوو دادگاکه دادپه‌روه‌رانه و به‌پێی ستانداردی ئه‌وروپا و به له‌به‌رچاوگرتنی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ به‌ڕێوه بچێت و هه‌رچه‌ند هێنایان و بردیان تێگه‌یشتن که ئه‌وه مومکین نابێت؟ پێده‌چێت ئه‌و شتانه نه‌زانیت یان بیزانیت و وا پێویست بکات خۆتیان لێ نه‌بان بکه‌یت، به‌ڵام به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی نابێت له ئه‌وروپاوه زیندانی بدرێته‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی که ئه‌شکه‌نجه‌ی تێدا په‌یڕه‌و ده‌کرێت و حوکمی له سێداره‌دانی تێدایه.
تەواوی وتارەکەی ڕابوون مەعروف لە بەشی بیروڕای دیجیتاڵ میدیای زەمەن بخوێنەرەوە