چارلی مرد.. به‌ڵام یاده‌وه‌ری گۆڕەپانی تیانانمین زیندووه
9/17/2019 1:32:00 PM
ماردین ئیبراهیم
ئه‌و کاته‌ی وێنه‌ی پیاوێکی به‌رده‌م تانکێکی گرت که دواتر به ‘پیاوی تانکه‌که’ ناسرا و بوو به سیمبولی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی مرۆڤی چینی له‌پیناو دیموکراسیدا، چارلی کۆل گه‌نجێکی ئەمریکی ڕۆژنامه‌نووس بوو، که بۆ کاری ڕۆژنامه‌وانیی له ئاسیای دوور بوو. له ژووری هوتێله‌که‌یه‌وه به دزییه‌وه وێنه‌و ڤیدیۆی پیاوێکی چینی گرت که له‌به‌رده‌م تانکه‌کاندا وه‌ستاوەو ناڕوات. هه‌رچه‌نده دوو سه‌ربازی چینی دێن و پیاوه‌که له‌سه‌ر ڕیگای تانکه‌کان لاده‌به‌ن، به‌ڵام دواتر که‌س نازانێ چاره‌نووسی ئه‌و پیاوه چی لێهات.
ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆیه که به فراوانی له ئه‌وروپاو خۆرئاوا بڵاوبۆوه، ته‌نیا ڕۆژێک دوای خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی مه‌یدانی تیانانمینی په‌کینی پایته‌ختی چین گیراوه، خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٨٩ که قوتابیانی چینی داوای دیموکراسی و کرانه‌وه‌و ئازادی زیاتریان ده‌کرد، خۆپیشاندانێک که هێشتا که‌س نازانێ چه‌ند که‌س تیایدا بوو به قوربانی به‌ڵام به هه‌موو ئه‌گه‌رێک به هه‌زاران کوژراو هه‌بووه.
هه‌ندێک فۆتۆگرافه‌ر هه‌ن به وێنه‌یه‌ک یان چه‌ند وێنه‌یه‌ک به‌شداری کارا ده‌که‌ن له دروستکردنی رووداوی گه‌وره‌ی مێژوویی‌دا، یاخود له پاراستنی یاده‌وه‌ری زۆر گه‌وره‌ی مێژوو که له ئاینده‌دا ئه‌و وێنه‌یه ڕۆڵێکی گرنگ ده‌گێڕێت. ئه‌و وێنه‌گره‌ی وێنه‌کانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و به‌دیاریکراوی وێنه‌ی عومه‌ری خاوه‌ری گرت کاتێک منداڵێکی له باوه‌شدایەو به گازی ژه‌هراوی خنکاون، ئه‌و وێنه‌گره‌ی وێنه‌ی منداڵێکی رووتی ڤێتنامی گرت کاتێک له شه‌ڕ ڕاده‌کات له‌کاتی شه‌ڕی ئەمریکا له ڤێتنامدا، هه‌روه‌ها چارلی کۆل که وێنه‌ی پیاوی به‌رده‌م تانکه‌که‌ی په‌کینی گرت له‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ن که به‌شداریه‌که‌یان هه‌ندێکجار له قورسایی به‌شداری هێزی گه‌وره‌ی سوپایی زیاتره له دروستکردنی ڕووداوێک‌دا.
لەکاتی خۆپیشاندانه‌کانی چیندا، چارلی کۆڵ ڕۆژنامه‌نووسێکەو راپۆرت و وێنه بۆ ‘نویز ویک’ ئاماده ده‌کات، کاتێک له باڵکۆنی هۆتێله‌که‌ی خۆیه‌وه پیاوێک له‌به‌رده‌م تانکێکدا ده‌بینێ ده‌زانێت ئه‌و پیاوه چاره‌نووسێکی تاریک چاوه‌ڕێی ده‌کات، بۆیه ئه‌و به کامێراکه‌ی بۆ هه‌میشه له یاده‌وه‌ری دنیادا به زیندوویی ده‌یهێڵێته‌وه.
دوای وێنه‌گرتنه‌که چارلی کول ده‌زانێ هێزه ئه‌منییه‌کانی چین بۆی دێنه هوتێله‌که‌وه، بۆیه فیلمه نه‌شۆراوه‌که له ته‌والێتی هۆتێله‌که ده‌شارێته‌وه، هێنده‌ی پێناچێ هێزه ئه‌منییه‌کان خۆیان ده‌که‌ن به ژووره‌که‌یدا، به‌ڵام فیلمه‌که نادۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ساڵی داهاتوو چارلی کۆلی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ساڵی پێوه‌رگرێت و وێنه‌که ببێ به یه‌کێک له وێنه هه‌ره ناسراوه‌کانی مێژوو.
بێجگه له کۆل سێ فۆتۆگرافه‌ی دیکه ئه‌و دیمه‌نه‌یان گرتووه و وێنه‌کان بوون به سیمبولی خۆپیشاندان و به‌رگری ئاشتیانه له جیهاندا.
سی ساڵ پێش ئێستا، ژماره‌یه‌کی زۆری خۆپیشانده‌ران که زۆربه‌یان قوتابی بوون له په‌کینی پایته‌ختی چین هاتنه مه‌یدانی تیانانمین و داوای ڕیفۆرم و ئازادیان ده‌کرد. دوای به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌کان بۆ چه‌ندین هه‌فته، ڕۆژی ٣ی مانگی حوزه‌یران حکومه‌ت چه‌ندان تانکی نارده مه‌یدانه‌کەو ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران کرد. حکومه‌تی چینی ئه‌و کاته ڕایگه‌یاند که نزیکه‌ی ٢٠٠ که‌س له خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌کان کوژراون، به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی بێلایه‌ن قوربانیه‌کان نزیکه‌ی ٣ هه‌زار کوژراو بوون.
هه‌تاکو ئێستاش باسکردنی روداوه‌کانی مه‌یدانی تیانانمین بابه‌تێکی بڤه‌یه له چین و وێنه‌ی ‘پیاوی تانکه‌که‘ قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌م بابه‌ته به‌راده‌یه‌ک وه‌ک تابو سه‌یر ده‌کرێت و په‌رده‌ی به‌سه‌ردا دراوه که ئه‌مساڵ ڕۆژنامه‌نووسێکی بی بی سی له‌ناو په‌کین وێنه‌ی ‘پیاوی تانکه‌که‘ی نیشانی خه‌ڵک ده‌دا زوربه‌یان نه‌یانده‌زانی ئه‌و وێنه‌یه چیه، ئه‌وانه‌ی ده‌شیانزانی خۆیان دوورده‌خسته‌وەو ده‌ترسان. ئه‌و که‌سانه‌ی وێنه‌که‌یان نیشاندرا ٨٠٪یان نه‌یانده‌زانی ئه‌و وێنه‌یه چیەو کێیەو چیرۆکه‌که‌ی چیه.
ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو وڵاتی چین به‌ناو هه‌ندێک گۆڕانکاریدا تێده‌په‌ڕی. کاتێک حکومه‌تی چین و حزبی کۆمۆنیستی فه‌رمانڕه‌وا ڕێگه‌یدا به هه‌ندێک وه‌به‌رهێنی بیانی و کۆمپانیای سێکته‌ری تایبه‌ت بێنه ناو وڵاته‌وه که مه‌به‌ست لێی گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ژیان بوو. ئه‌م جوڵه ئابوورییه جگه له هه‌ندێک ئایدیای سیاسی که له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای و هیوای به کرانه‌وه‌ی سیاسی وڵات زیاتر کرد، کۆمه‌ڵێک لێکه‌وته‌ی نێگه‌تیڤی ئابووری و ئیداری هه‌بوو له پێش هه‌موویانه‌وه گه‌نده‌ڵی.
ورده ورده دوو ئاراسته له‌ناو پارتی کۆمۆنیست‌دا ده‌رده‌که‌وت که ئاراسته‌یه‌کیان داوای گۆڕانکاری دراماتیکی ده‌کرد، ئاراسته‌که‌ی تریان داوای کۆنترۆڵی زیاتری ده‌وڵه‌تی ده‌کرد. ئه‌م بارودۆخه به هێواشی بوو به‌هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان و له به‌هاری ساڵی ١٩٨٩ دا ڕیزی خۆپیشانده‌ران فراوان بوو که داوای چاکسازی سیاسی زیاتریان ده‌کرد. خۆپیشاندانه‌که له دوای مه‌رگی سیاسه‌تکاری ناسراو هو یوبانگ که به ئاڵاهه‌ڵگری هه‌ندێک گۆڕانکاری ده‌بینیرا و دووساڵ پێشتر خرابووه قوژبنێکی ئۆپۆزیسیۆنبوونه‌وه له‌ناو پارتی کۆمۆنیست‌دا، گه‌وره‌تر بوو. له‌کاتی ناشتنه‌که‌یدا ده‌یان هه‌زار که‌س به‌شداریانکرد و داوای کرانه‌وه و ئازادی و چاکسازییان ده‌کرد. ئیتر دوای ئه‌وه خۆپیشانده‌ران له گۆڕه‌پانی تیانانمین کۆده‌بوونه‌وه و ژماره‌یان ده‌گه‌یشته ملیۆنێک که‌س، که دوواجار به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی تانکه‌کان و ته‌قه و کوژرانی هه‌زاران که‌س کۆتایی هات. له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانه‌که‌دا جوڵه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیش له پێناو دیموکراسیدا کز بوو.
بزاوتی دیموکراسی له چیندا کز بووه به‌ڵام کۆتایی نه‌هاتووه. خۆرئاوا‌و به‌تایبه‌ت ئەمریکا به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ستیار مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخی چیندا ده‌کات؛ حکومه‌تی چین و پارتی کۆمۆنیست‌یش هه‌موو هه‌وڵێکی سیاسی و ته‌کنیکیان خستۆته گه‌ڕ به‌وه‌ی هه‌م ئابووری چین به ئابووری و بازاڕی لیبراڵی جیهانیه‌وه په‌یوه‌ست بکه‌ن، هه‌م کرانه‌وه‌ی ئابووری نه‌بێته هۆی لیبراڵیزه‌کردنی که‌شوهه‌وای سیاسی. هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی چین له‌لایه‌ک و ئابووری چین له‌لایه‌کی دیکه تاڕاده‌یه‌کی زۆر ستایڵی خۆرئاواییان وه‌رگرتووه. حکومه‌تی چین بابه‌تی ئیندیڤیدوالیزم و تاکگه‌رایی مرۆڤی چینی و پارێزگاریکردن له ژیانی تایبه‌تی ناکاته کێشه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی خودی کۆمه‌ڵگای چینیش دانی به‌و تاکگه‌راییه له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئابووریدا ناوه. به‌ڵام لیبرالیزمی سیاسی بابه‌تێکه هه‌م چین و هه‌م خۆرئاوا به شێنه‌یی و ه‌ستیاریه‌وه لێی نزیک ده‌بنه‌وه. حکومه‌تی چین ده‌زانێت به‌بێ کرانه‌وه‌ی بازاڕی چینی به‌رووی لیبرالیزمی خۆرئاواییدا ئابوریه‌که‌ی ده‌خنکێ و کاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆیی رووده‌دات، به‌ڵام نایه‌وێت سیستمی حوکم بگۆڕێت. خۆرئاواش هێنده‌ی کرانه‌وه‌ی بازاڕی بۆ گرنگه هێنده بابه‌تی سیستمی سیاسی بۆ گرنگ نیه، خۆ ئه‌گه‌ر بۆشیان گرنگ بێت هێشتا کاره‌که هێنده ئاسان نییه، چونکه چین ده‌تووانێت ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری بۆ خۆرئاوا دروست بکات.
هه‌فته‌ی ڕابردوو چارلی کۆل له ئه‌ندۆ‌نیزیا مرد، به‌ڵام وێنه مێژووییه‌که‌ی ‘پیاوی تانکه‌که‘ که ئه‌و گرتبووی سیمبولی به‌ره‌نگاری مه‌ده‌نی مرۆڤی چینیەو له ئاینده‌شدا هه‌ر بزاوتێکی دیموکراسی له چین بێته گۆڕێ ناتوانێ له‌و وێنه‌یه ئیلهام وه‌رنه‌گرێت.