هۆمۆفۆبیا ناکۆک به عه‌قڵ و مۆراڵ
12/8/2022 6:07:00 PM
ماردین ئیبراهیم
گوتاره‌کان که زاڵ ده‌بن، جا هه‌ر گوتارێک بێت، کلتوری، سیاسی، ئاینی، یان ته‌نانه‌ت هونه‌ری و ئیستاتیکیش، زاڵبوونه‌که‌یان مه‌رج نییه وابه‌سته‌ی ڕه‌وابوونه‌که‌یان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی که‌می ڕه‌وابوونیان هه‌بێت، ده‌بێت ڕێگه خۆشبکرێت و زه‌مینه‌سازی بکرێت به‌وه‌ی گوتاره دژه‌کانیان خۆیان نمایش بکه‌ن. له سه‌رده‌می نوێ‌دا بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێک ڕه‌وایه‌تی وه‌ربگرێت ده‌بێت له فه‌زای گشتیدا دیبه‌یتی له‌سه‌ر کرابێت، به فیلته‌ری ئه‌رگومێنت و وتوێژی عه‌قڵانی هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌دا ڕۆیشتبێت که هه‌موو لایه‌نه‌کان بۆچون و ئه‌رگومێنت و دژه‌ئه‌رگومێنته‌کانیان له‌ناو ده‌رفه‌تێکی یه‌کساندا خستبێته ڕوو. گوتاری هێترۆسێکسوالیتی- مه‌یلی سێکسوالیتی بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر- که هه‌زاران ساڵه زاڵ بووه، زاڵبوونه‌که‌ی مانیفێستی جۆرێکی دیاریکراوه له په‌یوه‌ندییه‌کانی هێز و ده‌سه‌ڵات، بۆیه زاڵبوونه‌که‌ی هه‌رگیز مانای ئه‌وه نییه هێترۆسێکسواڵیتی ڕه‌سه‌ن و راسته و هۆمۆسێکسوالیتی و بایۆسێکسوالیتی ناڕه‌سه‌ن و هه‌ڵه و یان به زمانی هه‌ندێک به حیساب خوێنده‌وار 'له‌گه‌ڵ سروشت و فیتره‌تی مرۆڤ ناکۆکه'. ئه‌وه‌ی که ساڵانێکی زۆر پیاو زاڵ بووه و نۆرم و به‌هاکانی دیاریکردووه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جۆرێک له په‌یوه‌ندی هێز و ده‌سه‌ڵات بووه نه‌ک شتێکی سروشتی، ئه‌وه‌ی که مرۆڤی سپی خۆرئاوایی له هه‌ڵمه‌تی کۆڵۆنیالیدا وڵات و میله‌تانی تری کۆلۆنیزه کردووه و چه‌وساندوونییه‌ته‌وه په‌یوه‌ندی به هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بووه نه‌ک هۆکاری خوێن و ڕه‌گه‌ز، بۆیه کاتێک فیمینیزم ته‌حه‌دای ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاو و ناڕه‌وای پیاو ده‌کات بێگومان که‌سانێکی زۆر هه‌ست به مه‌ترسی له‌ده‌ستچوونی ده‌سه‌ڵاته‌که ده‌که‌ن، چه‌ندان بیانوو و قسه‌ی تیۆری داده‌تاشن تاکو ئه‌و ته‌حه‌دایه بێ‌نرخ بکه‌ن، کاتێک کۆڵۆنیالیزه‌کراو ڕاده‌په‌ڕێت و ده‌ڵێت کۆڵۆنیالیزم ڕه‌وا نییه، خۆ کۆڵۆنیالیسته‌که یه‌کسه‌ر ناڵێت ڕاست ده‌که‌یت، بێگومان دێت دنیایه‌ک تیۆری سیاسی و بایۆلۆجی و کۆمه‌ڵناسیت بۆ ڕیز ده‌کات تاکو ڕه‌وایه‌تی به‌و پرۆسێسه بدات. سه‌باره‌ت به هێترۆسێکسوالیتیش هه‌ر وایه. کاتێک هۆشیاری به‌ماف و ناسنامه‌ی گروپه‌کانی ئێڵ جی بی تی کیو خۆی نمایش ده‌کات، هه‌زاران هۆمۆفۆب ڕاست ده‌بنه‌وه و قسه ده‌هێنن و ده‌به‌ن، باسی فیتره‌ت و سروشتی مرۆڤ ده‌که‌ن، ئاین و نه‌ریت و یاسا ده‌خه‌نه کار، چونکه نایانه‌وێت له‌و قۆزاخه نه‌ریتییه ده‌ربچن، له ڕاستیدا نایانه‌وێت و به‌رهه‌ڵستی سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن که هێترۆسێکسواڵه‌کانی زاڵ کردووه و ئه‌وانی تری بێده‌نگ کردووه.
*****
ساڵی دوو هه‌زار و چووارده مۆرتین تیلده‌م ی ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی فیلمێکی دروست کرد که باسی ژیانی ئاله‌ن تێرینی ده‌کرد. ئاله‌ن که له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ڕۆڵێکی گرنگی هه‌بوو له سه‌رکه‌وتنی به‌ریتانیادا له جه‌نگ و کۆدی په‌یامه‌کانی سوپای نازی ئه‌ڵمانی بۆ سوپای به‌ریتانیا که‌شف ده‌کرد. ئاله‌ن تێرین ماتماتیکزان و زانای کۆمپیوته‌ر بوو، ئه‌و زانسته‌ی کۆمپیوته‌ر که ئێمه ئێستا ده‌یزانین و ئه‌و سیستمی ئه‌لگۆریسمه‌ی به‌کاری ده‌هێنین به‌شێکی زۆری قه‌رزاری توانا و لێهاتوویی ئاله‌ن تێرینه. به‌ڵام ئاله‌ن تێرین مه‌یلی هاوڕه‌گه‌زخووازی هه‌بوو، له ژێر جه‌بری کلتوری هۆمۆفۆبیا و جیاوازیقبوڵنهکهری ئه‌وکاتی به‌ریتانیدا خۆی کوشت. فیلمه‌که، 'گه‌مه‌ی کۆپیکردن" گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار و شکۆ بوو بۆ تێرین و پێ‌زانین و ڕێز بوو بۆ کاره‌کانی، هه‌روه‌ها داوای لێبوردنێکیش بوو بۆ ئه‌و زوڵمه‌ی لێی کرا.
به‌ریتانییه‌کان له ساڵی ٢٠٢٠ دا له شاری بریستۆڵ په‌یکه‌ری ئێدوارد کۆڵستن یان خست و فڕێیاندایه خوواره‌وه و خستیانه ژێر پێ. ئێدوارد کۆڵستن پیاوێک بووه، له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ژیاوه، بازرگانی کۆیله بووه و به کاره خێرخووازییهکانی ناسراوه. ڕوخاندنی په‌یکه‌ره‌که‌ی و لابردنی؛ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئیعتیبارێک بوو له پیاوێک که شایانی نه‌بوو، با کاری خێرخووازیشی کردبێت، به‌ڵام ئه‌و بازرگانی کۆیله بووه، هه‌روه‌ها داوای لێبوردنێکیش بوو له کۆیله‌کان و له قوربانییه‌کان.
*****
شارستانێتی خۆرئاوا ئێستا له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌کی ڕاسته که هه‌ڵه‌کانی پێشووی خۆی ڕاست ده‌کاته‌وه. ئۆباما پێشوازی له ئێلێن دیگێنێرسی ئه‌کته‌ر و کۆمیدیاکار ده‌کات، شاژنی به‌ریتانیا پله‌ی 'سێر' ده‌به‌خشێت به ئێڵتن جۆنزی گۆرانیبێژ، له‌کاتێکدا ئه‌و دوو ناوه به ئاشکرا هۆمۆسێکسوه‌ڵن.
*****
بابه‌تی جێنده‌ر بابه‌تێکی ئاڵۆزه، تازه‌یه، له زانکۆکانی دنیا هه‌زاران توێژه‌ر خه‌ریکی توێژینه‌وه‌ن ده‌رباره‌ی، بووارێکه تێیدا زانست و به‌تایبه‌ت زانستی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی، فه‌لسه‌فه‌و سیاسه‌ت و توێژینه‌وه که‌لتوورییه‌کان یه‌کتر ده‌بڕن و به‌شداری له دیبه‌یته‌کانیدا ده‌که‌ن، هۆمۆسێکسوالیتی و تێگه‌یشتن له ناسین و پێناسه‌کردن و زانینی ناسنامه‌ی سێکسوالیتی به‌شێکی ئه‌و بوواره‌یه، ئه‌وانه‌ی هه‌موو بابه‌تی جێنده‌ر له هۆمۆسێکسوالیتیدا کورت ده‌كه‌نه‌وه به ئه‌نقه‌ست وا ده‌که‌ن، پاڵنه‌ره‌که‌شیان ئه‌جێندایه‌کی دوواکه‌وتووانه‌ی کلتورپهرستیه و له بنه‌مادا پاڵنه‌ره‌که‌یان دژایه‌تی مافه‌کانی مرۆڤه، به‌ڵام په‌نا بۆ ناشیرین‌ترین فۆرمی ده‌ربڕین و ڕیتۆریکێکی به‌ربه‌ریانه و تیرمینۆلۆجییه‌ک ده‌به‌ن بۆ پاساودانی هێرشه‌که‌یان که هه‌مان تیرمینۆلۆجی فه‌قێی گوندێکه. ئه‌وه‌ی که مه‌یلی سێکسواڵی جیاواز له مه‌یلی باو، جیاواز له هێترۆسێکسوالیتی له ئه‌وروپا و به‌شێک له وڵاتانی تردا قبوڵ ده‌کرێت و دانیپێدا ده‌نرێت بابه‌تێکی هه‌ڕه‌مه‌کی نیه به‌ڵکو دنیایه‌ک زانست و توێژینه‌وه و کتێب و به‌شی گرنگی زانکۆی گرنگ ڕاستییه‌که‌ی ده‌سه‌لمێنن و بیرمه‌ندان له فه‌زای گشتیدا دیبه‌تییان له‌سه‌ر کردووه و هه‌زاران نوسه‌ر و چالاکوان له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه خه‌باتیان بۆ کردووه پاشان دانیپێدانراوه و به یاسا ڕێگه‌ی پێدراوه و هه‌ر به یاساش ڕێگه له‌وه گیراوه سوکایه‌تییان پێبکرێت و هه‌موو جۆره هه‌ڵاواردنێک له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مای سێکسوالیتی یاساخ بکرێت .
*****
هیچ ئامارێکمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه تاکو ڕێژه‌ی هۆمۆسێکسوه‌ڵ و بایسێکسوه‌ڵه‌کان له کوردستان بزانین، ڕێژه‌که هیچ گرنگ نییه چونکه بابه‌ته‌که په‌یوه‌ندی به مافه‌وه هه‌یه، له کوردستاندا هاوڕه‌گه‌زخووازی نه‌بۆته گوتارێک و که‌سانێک یان گروپێک به ئاشکرا خۆیان وه‌کو هاوڕهگهزخوواز پێناسه بکه‌ن و به‌رگری له ناسنامه‌ی جێنده‌ری و سێکسواڵ ئۆرێنته‌یشنی- مه‌یلی سێکسوالیتی- خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌موو مه‌لاکانی کوردستان، هه‌موو بانگخووازهکان، هه‌موو ئیلیتی دوواکه‌وتوو و له دنیا به‌جێماو، هه‌موو فه‌ریکه ڕۆشنبیری نیمچه‌خوێنده‌وار شه‌ڕێکی گه‌وره و دڕندانه‌یان دژیان ڕاگه‌یاندووه، پێده‌چێت بابه‌تێک بێت پێویست بێت قسه‌ی لێبکرێت. هه‌ر به ڕاستیش پرسیارێکی گرنگی فه‌لسه‌فی و سایکۆ-کۆمه‌ڵایه‌تییه ئایا چۆنه هێشتا گروپێکمان نییه به ئاشکرا ڕایگه‌یاندبێت که مه‌یله سێکسییه‌که‌یان له ده‌ره‌وه‌ی مه‌یلی سێکسوالیتی باوه، ئاوا ئه‌و هه‌موو دوژمنه سه‌نگه‌ریان لێگرتووه؟ ئه‌و هه‌موو دوژمنه که پڕچه‌کن به زمانێکی بڕنده که گوزارشته له مێنتاڵیتییه‌کی دڕنده، پڕچه‌کن به ڕیتۆریک و زاراوه‌سازییه‌کی توندوتیژ و ڕوخێنه‌ر و وێرانکه‌ر که گوزارشته له عه‌قڵییه‌تێکی کێوی و هه‌مه‌جی، چه‌کی ئاینیان پێیه، چه‌کی یاسایان پێیه، چه‌کی گوتاری که‌لتوری زاڵی کۆمه‌ڵگایان پێیه، دنیایه‌ک نوکته و پلار و له‌یبڵی وه‌حشیانه‌یان پێیه، به‌و هه‌موو چه‌که‌وه هێشتا ته‌نگه‌نه‌فه‌سن و هه‌ست ده‌که‌ن له‌ژێر گوشار و هێرشدان. ڕه‌نگه له قوڵایی بونیاندا، له چینه‌کانی ژێره‌وه‌ی ناخودئاگایاندا هه‌ستێک هه‌بێت بزانن که ته‌نیا یه‌ک شتیان پێ نییه ئه‌ویش ڕه‌وایه‌تییه، ئه‌ویش عه‌داله‌ته.
ئێڵ جی بی تی کیو دیارده‌یه‌ک نییه بڵاوببێته‌وه، مۆدێلی قژچاککردن و شێوازی جلوبه‌رگ نییه به ڕیکلام و مارکێتینگ زیاد بکات، به‌ڵکو فۆرمێکه له بوونی مرۆیی که هه‌میشه هه‌بووه، نه‌ک هه‌ر بوونی مرۆیی به‌ڵکو بوونی ئاژه‌ڵیش، له کتێبی پیرۆز (به‌یبڵ) باس کراوه، له دیالۆگه‌کانی ئه‌فلاتوندا باس کراوه، ئه‌وه‌ی تازه‌یه هۆشیارییه به‌رامبه‌ر مافه‌کانیان، وه‌کو چۆن ژن هه‌ر هه‌بووه به‌ڵام داننان به مافه‌کانیان و هۆشیاری ده‌رباره‌ی بوونی مرۆیی و سیاسی‌یان تازه‌یه و به‌رئه‌نجامی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی رۆژئاوایه و دوواتر وه‌کو ڕۆشناییه‌ک به جیهانی تاریک‌دا بڵاوبۆته‌وه. به‌ڵام گریمان دوو هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ئه‌و دیارده‌یه نه‌بووه و ئێستا هه‌یه؟ نابێت؟ به‌لای منه‌وه ده‌بێت چونکه من بڕوام به ناسنامه‌ی شل و نه‌رم هه‌یه و هیچ جۆره بڕوایه‌کم به فیتره‌ت و ناسنامه‌ی جێگیر و نه‌گۆڕ و هه‌تاهه‌تایی نییه به خودی ناسنامه‌ی سێکسوالیتی و ڕه‌گه‌زی و جێنده‌ریشه‌وه، ده‌کرێت مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکان له دوو هه‌زار ساڵی ڕابردوودا له‌ژێر کاریگه‌ری ژینگه و سیستمی خۆراک و ده‌رمان به‌ناو پرۆسه‌یه‌کی ئیڤیولیشنی هێواشدا ڕۆیشتبن و زۆر گۆڕانکاریی فیزیۆلۆجیان دروست کردبێت له مرۆڤدا.
*****
ئه‌و شین و فوغانه چییه به‌وه‌ی خێزانه‌کانتان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، کۆمه‌ڵگاکه‌تان وێران ده‌بێت؟ ئاینه‌که‌تان له به‌ین ده‌چێت و دنیا دوژمنتانه؟ خێزانه‌کانتان له‌سه‌ر لم بنیادنراوه؟ له‌سه‌ر وههم ودوڕوویی؟ له‌سه‌ر سته‌مکاریی کلتوریی و ناهاوسه‌نگی جێنده‌ری بنیادنراوه؟ با هه‌ڵوه‌شێته‌وه. دڵنیابه که‌س دوژمنت نییه، که‌س نایه‌وێت کۆمه‌ڵگاکه‌ت وێران بکات، که‌س حه‌سودی به کلتور و ئاینه‌که‌ت نابات، ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ت وا لێده‌کات هه‌تاهه‌تایه له قوڕی نه‌زانی و پاشکهوتووییدا بچه‌قێت هه‌ر خۆتیت که سه‌رت کردووه به‌ناو لمی نه‌فامیدا و واده‌زانیت دنیا پاشه‌ڵت نابینێت، ئه‌وه‌ی دوژمنته ئه‌و بیرکردنه‌وه شێواوه‌ته که ئینکاری ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆت ده‌که‌یت. پێت وایه که هه‌ندێک ناووناتۆره‌ت ڕیز کرد و که گوتت هۆمۆسێکسوالیتی یان ئێل جی بی تی کیو له‌گه‌ڵ کلتوری ئێمه ناگونجێت یه‌کسه‌ر کێشه‌که‌ت چاره‌سه‌ر کردووه؟ ده‌موده‌ست دیارده‌که نامێنێت؟ ئاوا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه ده‌که‌یت که له‌ناو گروپی ئێڵ جی بی تی کیو دا پۆلێنکراون؟ ئینکاری بوونیان ده‌که‌یت؟ لێم بوویته ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد؟ به نوکته و ده‌سته‌واژه قێزه‌ونه‌کانت کاراکته‌ریان ده‌سڕیته‌وه؟ ئاوا سوک و ئاسان خۆت ده‌خه‌یته سه‌نگه‌ری ئه‌و که‌سانه‌وه که ئۆسکار وایڵدیان زیندانی کرد؟ پشتی ئه‌و که‌سانه ده‌گریت که ئاله‌ن تێرینیان ناچار کرد خۆی بکوژێت؟ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ت جیاوازی چییه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌ی بازرگانیان به کۆیله‌کانه‌وه کرد؟ تۆ پشتی کۆیله‌داره‌کان ده‌گریت دژی ئه‌و که‌سانه‌ی کراونه‌ته کۆیله؟ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ت جیاوازی چیه له‌گه‌ڵ ئه‌نتیسمیتیزم؟ ده‌چیته پشت نازیه‌کان دژی جوله‌که‌کان؟ ڕه‌وایه‌تی ده‌ده‌یت به کوشتنی ئان فرانکه‌کان؟ که‌واته ئه‌گه‌ر تۆ له ئه‌فه‌ریقای باشور بژیایتایه به‌رگریت له سیستمی ئاپارتاید ده‌کرد؟ دژی ماندێلا ده‌بوویت و هه‌لهه‌له‌ت بۆ ره‌گه‌زپه‌رستی لێده‌دا؟ ده‌زانیت هۆمۆفۆبیا جۆرێکه له ڕه‌گه‌زپه‌رستی؟ ده‌زانم خۆت ئاماده کردووه بڵێیت ئینجا که‌سێک خۆی هۆمۆ نه‌بێت بۆ به‌رگری له هۆمۆکان ده‌کات؟ بێباکم له تۆمه‌ته‌کانت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه پێودانگه ئه‌خلاقییه‌کانته؟ ده‌زانیت ئه‌وه نزمترین جۆری پێوه‌ری داوه‌ریکردنی مۆڕاڵییه؟ ده‌زانیت وه‌ک ئه‌وه وایه سوکایه‌تی به ئیسماعیل بێشکچی بکه‌یت چونکه کورد نییه و هه‌موو ساڵانی گه‌نجی خۆی له زینداندا له‌پێناو به‌رگریکردن له کورد ته‌رخان ده‌کات؟ ده‌زانیت ئه‌وه وه‌ک ئه‌وه وایه به‌چاوی نزم سه‌یری کازم سه‌ماوی شاعیر بکه‌یت؟ هه‌ر به جدی کازم سه‌ماوی ده‌ناسیت؟ ده‌زانیت خه‌ڵکی سه‌ماوه بوو و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی مرد و وه‌سیه‌تی کرد له کوردستان بنێژرێت؟ ده‌زانیت گۆڕه‌که‌ی له سلێمانییه؟ پێت وایه هه‌ر گروپه و ته‌نیا ده‌بێت به‌رگری له خۆی بکات؟ ئه‌وه ئه‌و جیهانه‌یه که تۆ خه‌ونی پێوه ده‌بینیت؟
*****
مافی یه‌کسانیی له‌نێوان مرۆڤه‌کان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ناسنامه‌ی ئیتنی و ئاینی و ڕه‌گه‌ز و باوه‌ڕ و باکگراوندی کلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی پاشانیش ئێستا له خۆرئاوا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ناسنامه‌ی سێکسوالیتییان؛ به‌هایه‌کی ڕۆشنگه‌رانه‌یه، منداڵی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆشنگه‌ری خۆرئاوایه و وه‌کو به‌هایه‌کی گه‌ردوونی خۆی سه‌لماندووه و کۆمه‌ڵگاکانی تر وه‌ریان گرتووه و بووه به به‌های یونیڤێرساڵ، به‌ڵام خۆ هه‌ر وا به‌ئاسانی بڵاونه‌بۆته‌وه، له‌ناو خودی خۆرئاوادا چه‌ندان که‌س و ڕه‌وت و ته‌وژم دژی بوون و له‌مپه‌ریان بۆ دروست کردووه و به‌ره‌نگاری بوونه‌ته‌وه و تاکو بووه به نۆرمێکی زاڵ چه‌ندان قوربانی بۆ دراوه و چه‌ندان فه‌یله‌سوف و ڕۆشنبیر و بیرمه‌ند و که‌س و گروپ ملی خۆیان له‌پێناویدا له چه‌قۆ سویوه.
*****
ئازادی پرۆژه‌یه‌کی ته‌واونه‌کراوه، به‌رده‌وام تازه ده‌بێته‌وه و فراوان ده‌بێت، ئه‌و پرۆژه‌یه له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا جوڵه‌یه‌کی پڕواتای کردووه که مافی مرۆڤ به ئه‌ندازه‌یه‌ک فراوان بکرێت که مافه‌کانی گروپی په‌لکه‌زێڕینه‌ش بگرێته‌وه، ئه‌و بازدانه‌ی خۆرئاوا نیشانه‌ی زیندوویی و گرنگی ئه‌و شارستانێتییهیه، به‌ڵام تۆ که به‌هۆی جیهانبینییه ته‌نگ و مێنتالیتییه تاریکه‌که‌ت، به‌هۆی تێڕوانینه که‌موکورته‌که‌ت بۆ ئازادی، به‌هۆی بڕوانه‌بوونت به مافه‌کانی مرۆڤ، له‌وه تێناگه‌یت، یان تێده‌گه‌یت و خۆت که‌سێکی هۆمۆفۆبیت، ڕه‌گه‌زپه‌رست و ده‌غه‌زاریت، دیسان ده‌مه‌وێت بیرت بهێنمه‌وه؛ ده‌زانیت هۆمۆفۆبیا ڕه‌گێکی ده‌چێته‌وه سه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستی؟ ده‌زانیت هۆمۆفۆبیا جۆرێکه له هه‌ڵاواردنی ئینسان؟ ڕۆشنبیرییه ته‌سک و تاریکه‌که‌ت بایی ئه‌وه هه‌یه له‌و شته تێبگه‌یت؟ ده‌زانیت ناسنامه‌ی سێکسوالیتی ناسنامه‌یه‌کی فره‌ڕه‌نگه؟ ده‌زانیت دنیا هه‌ر له هێترۆسێکسواڵه‌کان پێک نه‌هاتووه؟ ده‌زانیت هۆمۆسێکسوه‌ڵ و بایسێکسوه‌ڵیش هه‌ن و مرۆڤن و چالاکن و پڕۆفیسۆری زانکۆن و زانان و ده‌چن بۆ سه‌ر مانگ و ئه‌ده‌بی گرنگ به‌رهه‌م دێنن و هونه‌رمه‌ندی به‌هره‌مه‌ندن و به‌رگریکاری مافه‌کانی مرۆڤن و ته‌نانه‌ت ئینسانی ئاینی پله‌دارن؟ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تن؟تۆش هه‌لپه‌رستانه و به‌سوودوه‌رگرتن له گۆمی لیخنی هۆشیاری کۆمه‌ڵگاکه‌ت په‌نا بۆ زمان و ڕه‌وانبێژییه‌ک ده‌به‌یت که پڕه له توندوتیژی ڕه‌مزی تاکو ئه‌و گروپه‌ی پێ بکه‌یت به‌شه‌یتان و زه‌مینه بۆ قه‌ڵاچۆکردنیان خۆش بکه‌یت، یان ناوێریت، به‌ڵێ ترسنۆکیت ناوێریت به‌رگرییان لێبکه‌یت، چونکه ده‌ترسیت پێت بڵێن هۆمۆ، چونکه هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاینده‌ییت نییه بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ت، ده‌ترسیت خه‌ڵکی فڵان شاره‌دێ و فیسار گه‌ڕه‌ک لێت زیز ببن و ئیتر پێت نه‌ڵێن ئه‌دیب و ڕۆشنبیری گه‌وره. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تکاران و ئیلیتی سیاسی به هه‌ر هۆیه‌ک بێت، هۆی سیاسی و بهرژهوهندخووازانه بێت، هۆکاری پراگماتیکی بێت، هۆمۆفۆبیا بێت، نا‌وێرن ده‌نگ هه‌ڵبڕن به‌رامبه‌ر ئه‌و هۆڤیبوونه، به‌رامبه‌ر ئه‌و زمان و زاراوه‌سازییه کێوییه، ئه‌وا تۆی ڕۆشنبیر له‌چی ده‌ترسیت؟ تۆ بڕیار نه‌بوو ده‌نگی حه‌قیقه‌ت بیت؟ بڕیار نه‌بوو به‌رگری له‌و گروپانه بکه‌یت که هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییان له‌سه‌ره؟ بڕیار نه‌بوو سنگی خۆت بکه‌یته قه‌ڵغان بۆ ئه‌و ده‌سته و کۆمه‌ڵه خه‌ڵک و که‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر هێرش و په‌لامار؟ بۆچی گرتن و زیندانیکردنی فڵان ڕۆژنامه‌نووس و فیسار ئه‌کتیڤیستی سیاسی ده‌که‌یته ڕۆژه‌ڤ؟ ده‌زانم زیندانیکردنی ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌کتیڤیستی سیاسی بابه‌تێکی گرنگه شیاوی باس و سه‌رنج و نووسین و بایه‌خپێدانه، به‌ڵام تۆ به چی پێوه‌رێک مافه‌کان ده‌پێویت؟ مافێکی سیاسی گرنگتره بۆت له مافێکی مه‌ده‌نی؟ مافی ڕۆژنامه‌نووسێک گرنگتره له مافی هاوڕهگهزخووازێک؟ پێت وایه ناتبینم؟ پێت وایه ئاگام لێ نییه که سه‌در و هێزه وه‌حشییه‌که‌ی سه‌ت گه‌نجی ئیمۆیان ڕه‌شه‌کوژی کرد تۆ قسه‌ت نه‌کرد؟ گه‌نجه‌که‌ی دهۆک براکه‌ی کوشتی تۆ موویه‌کی سه‌رت نه‌بزووا؟ ئاسایشی سلێمانی وه‌کو جه‌ڵه‌ب کۆمه‌ڵێک گه‌نجی له سه‌رچنار پێش خۆی دا وخستنییه زیندانه‌وه تۆ ئه‌وه‌ت وه‌کو پێشێلکردن و پایه‌ماڵکردنی ماف نه‌بینی، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه؛ بگره چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی تازه و کۆنه؛ خاڵی له هه‌موو شه‌رافه‌تمه‌ندیی و شکۆیه‌ک ده‌ستخۆشیان له ئاسایش کرد. به جدی ئاوا به‌رگری له ماف و ئازادی ده‌که‌یت؟ ئه‌وه ڕووانینهکهته بۆ دادپه‌روه‌ری؟ ئینجا که هه‌موو کۆمه‌ڵگا گروپی ئێڵ جی بی تی کیو ی په‌سه‌ند کرد ئه‌و کاته به‌رگری تۆ ی بۆچیه؟ خۆت ئاماده کردووه ئه‌و کاته بێیته سه‌ر حازری؟ خۆت ئاماده‌کردووه ئه‌و کاته بڵێی ئه‌وانیش مرۆڤن، مافیان هه‌یه؟
*****
دیهیومانیزه‌کرن یاخود له‌مرۆڤخستن میکانیزمێکی ترسناکه گوتارێکی زاڵ له سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا ده‌یکات تاکو کوشتن و له‌ناوبردنی گروپێک ئاسان بێت. له دیراساتی پۆستکۆڵۆنیالدا ئه‌و تێرمه ناسراوه. بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شه‌کان به ئاسانی به کۆیله بکرێن، بکڕدرێن و بفرۆشرێن و و ئینجا ئه‌گه‌ر پێویست بوو بکوژرێن، یه‌كه‌مجار له پرۆسێسێکی هێواشدا که به زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و نوکته و ئاین و کۆمه‌ڵێک نۆرمی کلتوریدا ده‌ڕووات سوک و بێبه‌ها ده‌کرێن، هه‌موو خه‌سڵه‌تێکی مرۆڤبوونیان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشۆیتز و هۆڵۆکۆست ڕوو بدات زمان و ئه‌ده‌ب و کڵێسا و فیکری ئه‌ڵمانی زه‌مینه‌سازی ده‌کات و ڕێگه‌که ئاسان ده‌کات، بۆیه کاتێک کاره‌ساته‌که ڕوو ده‌دات، خودی کرده‌ی له‌ناوبردنه‌که ڕوو ده‌دات؛ شۆک دروست ناکات، چونکه ئه‌وه‌ی کوژراوه مرۆڤێکی ڕه‌ش نییه، به‌ڵکو ڕه‌شێکه، مرۆڤێکی جوله‌که نییه، به‌ڵکو جوله‌که‌یه‌که، مرۆڤێک نییه به‌ڵکو شتێکه که پێشتر له‌مرۆڤبوون خراوه، داماڵراوه، که‌وڵ کراوه، بۆیه کوشتنه‌که‌ی، له‌ناوبردنه‌که‌ی هیچ هه‌ستێکی به‌رپرسیارێتی و عه‌زابی ویژدان لای بکوژه‌کان دروست ناکات، چونکه کاراکته‌ره‌که پێشتر له ناو زمان و ڕیتۆریک و نوکته و ته‌وس و پلاره‌کاندا ناسنامه‌ی مرۆڤبوونه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه.
گروپی ئێل جی بی تی کیو له ئێستای کوردستاندا هۆمۆساکه‌ره‌کانی کوردن، ئازادیخووازترین مرۆڤی کورد خۆی له به‌رگریلێکردنیان ده‌بوێرێت. ڕۆژانه ئه‌و هه‌موو قسه بێسه‌روبه‌ره‌ی له‌سه‌ریان ده‌کرێت، ئه‌و هه‌موو لافاوه له قسه‌ی نازانستی و نامۆڕاڵی، ئه‌و هه‌موو نوسه‌ره فڵته‌فڵتکه‌ر و چالاکوانه چه‌نه‌باز و ڕووقایمانه به ئاره‌زووی خۆیان و به عه‌قڵی هۆمۆفۆبی خۆیان تیۆره‌یان بۆ داده‌تاشن و مۆریان لێده‌ده‌ن و وشه‌و جنێوی تازه‌یان له‌سه‌ر به‌رهه‌م دێنن، به‌ڵام ئێڵ جی بی تی کیو وهکان خۆیان ونن، زمانیان لێسه‌نراوه‌ته‌وه، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا زمانیان نه‌دراوه‌تێ، مافی قسه‌کردنیان نییه، له‌ناو فه‌زای گشتیدا تیرۆرکراون، جه‌نگێکه هێرش به‌ره‌کان دیارن، مه‌لا و بانگخواز و نوسه‌ری دوواکه‌وتو و چالاکوانی خۆبه‌شتزانی هیچ له‌بارانه‌بوو، ئاین و کلتور و سیاسه‌ت و نه‌ریت و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و نوکته و هه‌موو ئه‌وانه‌ن، به‌ڵام هێرشبۆکراوه‌کان دیار نین، چونکه هه‌ڵمه‌ته‌که بۆ ئه‌وه‌یه دیار نه‌بن.