ئایە یەکێتیی پێویستیی بەو هەموو ناوەندی بڕیارە سەرەکیی و ناسەرەکییانە هەیە؟
2/9/2020 9:43:00 PM
نیاز سهعید عهلی
لەقۆناغی تازەی کارکردنی (یەکێتیی)دا و لەدوای کۆنگرەی (٤)ەوە ، بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی کە داڕێژراوەو زیاتر لەنیوەی خاڵەکانی پەسەندکراوە؛ (یەکێتیی) ئەبێتە خاوەنی سێ ناوەندی سەرەکیی بڕیار و چەندین ناوەندی تری ناسەرەکیی بڕیار .
پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایە (یەکێتیی) بە سێ ناوەندی بڕیاری سەرەکیی و هەندێک ناوەندی بڕیاری ناسەرەکیی ترەوە؛ بەرەو کوێ ئاراستە ئەگرێت؟ ئایە (یەکێتیی) پێویستیی بەو هەموو ناوەندی بڕیارە ئەبێت؟ ئایە (یەکێتیی) ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەوەندە زۆرو گەورەیەو ئەوەندە جوگرافیای کارکردنی فراوانە؛ ئەو هەموو ناوەندی بڕیارە ، بڕیاری بۆ دەربکەن؟ ئایە بوونی ئەو ناوەندانە؛ زادەو پێویستیی قۆناغە؟ ئایە گەرەنتیی چییە ئەو ناوەندی بڕیارانە، ئەوەندەی تر (یەکێتیی) پەڕتەوازە نەکەن و سەرقاڵی نەکەن بەناکۆکیی و ململانێی ناوخۆییەوە؟
سێ ناوەندە سەرەکییەکەی بڕیاری (یەکێتیی)یش بریتیین لە؛ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی و هاوسەرۆکەکانی (یەکێتیی) و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندیی، ناوەندی بڕیارە ناسەرەکییەکانیش بریتیین لە؛ ئەنجوومەنی ڕاپەڕاندن و دەستەی کارگێڕیی.