لە سایەی سەلەفیەت و بێ ئیدراکیدا ؛ سلێمانی بەرەو کوێ؟!
1/2/2023 5:00:00 PM
نیاز سهعید عهلی
شارێک؛ پەڵە هەوری ڕەش و تاریکی سەلەفیەتی لە سعودیەوە بۆ هاوردە کرابێت، شارێک
پارەیەکی خەیاڵی میرنشینی قەتەری مەرجەعی ئیخوان موسلمین و سەلەفیی جیهادی و داعش و قاعیدەی بە ناوی (خێرخوازی
و بانگەوازی ئیسلامی)ەوە؛ خرابێتە ناو گیرفانی مورید و ئەتباعەکانی لە سلێمانی، ئەمانیش
هەژاری و بێکاری و ناهوشیاری دانیشتوانەکەی و بێ ئیدراکی لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسیەکانیان، بقۆزنەوە و مێشکی دانیشتووانەکەی بئاخنن بە مۆدێلێکی ئایدیۆلۆژیی دژە ژن، دژە
هونەر و ئەدەب و دژ بە هەموو جوانیەکان، شارێک کە هەڕەشە و شاڵاوێکی گەورەی لەسەر
بێت بۆ گۆڕینی ناسنامە و تێکدانی دیموگرافیا
و کەلتور و مەعریفیەکەی؛ بەرەو مۆدێلی سەلەفیەتی کارەساتبار، شارێک تیایدا ئیدراک
نەکرابێت بە هەڕەشە و مەترسیە جۆراجۆرەکانی سەلەفیەت و ئەو ئاراستە سیاسیەی کە بە ناوی بانگەوازی ئایینی
و بێداربوونەوەی ئیسلامیەوە؛ دەستی ئاوەڵاکراوە بۆ شێواندنی هەموو جوانیەکانی ئەم
شارە و ئەیەوێت ئەم شارە لە ناو لیتاوی نەزانی
و دواکەوتوویی و کۆنەپەرستیدا سیخناخ بکات.
هەر ئەوەی لێ بەرهەم دێت، کە ڕۆژانە
ئەیبینین و بە شێوازی جۆراوجۆر دووبارە ئەبێتەوە، ڕۆژێک بە شێواندنی چەمکی سیکۆلاریزم، ڕۆژێک بە شێواندنی چەمکی جێندەر و مافخوازیی ژنان، ڕۆژێک بە حەرامکردنی جەژنی نەورۆز
و کریسمس و گۆرانی و هونەر و شیعر و …هتد، ڕۆژێک بە سووکایەتیکردن بە ژنانی سفوور، ڕۆژێک بە ڕقئەستوورکردن و پڕکردنی عەقڵی نێرەکان لە دژی مێیەکان و قۆستنەوەی کێشە و ناکۆکی هاوسەرەکان بۆ پرۆسەی
مارە بەجاشکردن لەسەر دەستی خۆیان، ڕۆژێک بە بانگەوازکردن بۆ جیاکردنەوەی هەردوو ڕەگەز
لە ناو ناوەندەکانی خوێندن و …هتد.
ئەگەر زەمینە ڕەخساوەکان و بێ ئیدراکی لە بەرامبەر
هەڕەشە و مەترسیە جۆراوجۆرەکان بەردەوام بێت؛ دیاردەکە زیاتر تەشەنەئەسەنێت، بەرەو
دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵیبان و جەزائیری نەوەدەکان و میسری (٢٠١١-٢٠١٣)!
ئەگەر ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت؛ چاوەڕێی
دەرهاویشتەی نامۆ و سەیر و سەمەرەی تری سەلەفیەت و هەندێک لە بانگخوازە ئایینییەکان
بکەن، کە لە ناو مزگەوت و میدیا و سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی خوێندن و کایە کۆمەڵایەتیەکاندا، پێشبڕکێیانە لەسەر دابڕانی کۆمەڵگە لە کەلتور و مەعریفە پێشکەوتوەکان و بەسەلەفیکردنی
عەقڵ و ڕەفتاری تاکەکان؛ بەرەو توندڕەوی و داخران و بەستەڵەکبوونی مێشک!
هاوکات پێویستە مەلا و زانا ئایینیە نا سیاسی و
نا سەلەفیەکان ؛ کە هەڵگری پەیامی کرانەوە و میانڕەوی و دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتی
و فرەیین؛ بەرەنگاری تێزی سەلەفیەت و ئەو چەواشەکاریانە ببنەوە؛ کە لەلایەن ژمارەیەک
بانگخوازی ئایینیەوە، لە میدیا و سۆشیال میدیاوە بانگەشەی بۆ ئەکەن!