دوای پەیامەکەی ئۆچەلان پێویستە پەکەکە تۆپەکە فڕێبداتە گۆڕەپانی توورکیا
2/28/2025 9:31:00 PM
نیاز سهعید عهلی
نکولی
لەوە ناکرێت؛ پەیامەکەی ئۆچەلان بانگەوازێکە بۆ ئامانجی بووژانەوەی پرۆسەی ئاشتی و
کۆتاییهێنان بەچوار دەیەی شەڕی بەردەوامی نێوان حکومەتی توورکیا و پەکەکە؛ (١٩٨٤ –
٢٠٢٥)، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، بانگەوازەکە تاکلایەنە تەنها ئاراستەی پەکەکە
کراوە و تیایدا
بڕیاری دەستپێشخەریی ئاشتی؛گرێدراوە بەسەپاندنی دوو بژاردەی قوورس و ئاڵۆز، بەسەر یەک
لایەنی ململانێکەدا؛ ئەویش چەکداماڵین و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، بەبێ بوونی هیچ ئاماژەیەک،
بۆ لەئارادابوونی نەخشە ڕێگایەک؛ بەرەو چارەسەری ئاشتیی کێشەی کورد؛ لەلایەن
حکومەتی تورکیا !
پەکەکە
لەمێژووی خۆیدا؛ بانگەشەی ئاشتی و دانوستاندنی جدی ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵکو ئەوە حکومەتی
توورکیا بووە، هیج کات ئامادە نەبووە لەسایەی پرانسیپی دیموکراسی و ئازادی و مافی
مرۆڤ و فرەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتی و دادپەروەریدا؛ دانوستاندێکی ڕوون و جدی لەگەڵ
پەکەکە بکات، بەڵکو هەمیشە ناکۆکی و ململانێکەی لەگەڵ پەکەکە؛ لەکێشەیەکی ڕەوای نەتەوەییەوە؛
گۆڕیوە بۆ کێشەی ئاسایش و تیرۆر، لەبری دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن و پێکهاتن؛ داوای ملکەچی
و بەرزکردنەوەی بەیداخی سپی لەپەکەکە کردوە .
لەم
سۆنگەیەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی توورکیا، بەردەوام پێداگریان لەسەر لەناوبردن
و سڕینەوەی پەکەکە کردوە، یان داوای چەکداماڵین و هەڵوەشانەوەی بێ کۆت و مەرجیان لێکردوە؛
هاوکات هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی و کاریگەر و ڕیشەییشیان نەناوە، بۆ چارەسەری
بنەڕەتیی کێشەکە و سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، مەگەر هەندێک هەنگاوی سادە
و ڕووکەش؛ ئەویش لەپەراوێزی هەندێک لەمافە کەلتووریەکاندا، کە هیچ هیوا و ئومێدێکی
لەسەر هەڵناچنرێت و زیاتر ئەچێتە خانەی مانۆڕ و تاکتیک و هەوڵدان، بۆ کپکردنەوەی
هەستوسۆزی جۆشدراوی نەتەوەیی و بەرتەسککردنەوە
و سنووردارکردنی خواستە نەتەوەییەکان و سەندنەوەی ماف و ڕەوایی خەباتی چەکداریی ناچاری
و زۆرەملێ لەپەکەکە .
توورکیا
بەدەر لەهانابردن بۆ بژاردەی سەربازی، ئەتوانێت بەچەندین هەنگاو، جڵەوی کێشەی کورد
لەژێر دەستی پەکەکە دەربکات و ڕەوایی لێ بسەنێتەوە و کۆتایی بە شەر بهێنێت و لوولەی
تفەنگەکانیان پێ نەوی بکات و ئاشتیی ڕاستەقینە سەقامگیر بکات؛ ئەویش لەڕێگەی گۆڕینی
شێوازی مامەڵە و ڕەفتاری دەوڵەتی تووکیا؛ لەگەڵ کورد و ئەنجامدانی ڕیفۆرمی
دەستووری و هەڵوەشانەوەی ئەو یاسا و ڕێسا و کەلتوور و بنەما دەستووریانەی کە
نەتەوەی کوردی؛ وەکو نەتەوەی هاوبەشی دووەم لەتوورکیادا سڕیوەتەوە و ڕەوایی
دەستووری و یاسایی داوە؛ بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانیان .
لەئێستادا
و لەپاش بەردەوامیی شەڕ و ململانێیەکی مێژوویی سەخت لەگەڵ پەکەکە، پێویستە هۆشمەندانی
سیاسیی لەناو ناوەندی بڕیاری توورکیادا؛ درک بەو ڕاستیە نەگۆرە بکات؛ کە ئاشتیەکی
ڕاستەقینە و هاوسەنگ، پێویستیەکی ستراتیژیی هاوبەشە، لەنێوان حکومەتی توورکیا و
پەکەکە، بەڵام پێویستی بەبوونی ئیرادەی تۆکمە و دروستکردنی متمانەی هاوبەش هەیە .
نکولی
لەوە ناکرێت کە ئۆچەلان لەخەمخۆری و پەرۆشیدا بۆ ئەو ئاشتیە هاوبەشە، ئەم پەیامەی
کردۆتە بانگەواز بۆ پەکەکە، هەر بۆیە پێویستە لەسەر هەردوولا، زەمینەسازی و ئامادەیی پیشان بدەن و دەستپێشخەری بکەن؛ بۆ دروستبوونی
کەشێکی متمانە و دڵنیایی لەبەرامبەر یەکتری؛ ئەویش لەپێناوی بەرەو پێشبردنی
پرۆسەکە .
پێ
ئەچێت ناوەندی بڕیار لەتوورکیا، زیادەڕەویی لەخوێندنەوە و تێروانین و تێگەیشتنی
خۆی، بۆ پەیامەکەی ئۆچەلان بکات، لەم سۆنگەیەوە تاکڕەوانە وەکو لایەنی براوەی
یەکەمی شەڕ؛ لەخۆی بڕوانێت و پەکەکەش بە بەزیو و تێکشکاو، لەم چوارچێوەیەدا گوشار
و فشاری زۆر؛ بۆ سەپاندنی مەرج و داواکاریەکانی بەسەر پەکەکەدا بەکاربهێنێت و پێی
وابێت؛ ئاراستەی بەڕێوەچوونی ناکۆکی و شەڕ و ململانێی نێوانیان،؛ لەدوایین
وێستگەدا، بە خواست و مەیل و بەرژەوەندیی ئەو؛ بەرەو کۆتایی ئەڕوات ! .
جێی
ئاماژەیە پێویست بوو پەیامەکەی ئۆچەلان، ئاراستەی هەردوو لایەنی ململانێکە بکرایە
و داوای دەستپێشخەری و پیشاندانی نیازپاکی و متمانەی لەهەردوولا بکردایە، نەک
تەنها لەلایەک، چونکە ئەگەر ئەو دوو داواکاریە قوورسە، بەبێ کۆت و مەرج و بەبێ گەرەنتی و بەبێ دەستپێشخەری و هەنگاوی
پراکتیکی حکومەتی توورکیا؛ لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێبکرێت، ئەوا لەیەکەم هەنگاوی
سەرەتاییدا، ئەبێتە هۆی دروستبوونی ناهاوسەنگی و نادادپەروەریی سیاسی و سڕینەوەی ڕەوایی
خەباتێکی پڕ لەتێکۆشان و قوربانی و شکانەوەی دەرەنجامەکان؛ بە بەرژەوەندیی
تاکلایەنەی حکومەتی توورکیا .
لەگەڵ
بوونی چەندین تێبینی و سەرنج لەسەر پەیامەکە و ناڕوونیی هەڵوێستی حکومەتی توورکیا
لەسەر پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکە؛ پێویستە پەکەکە ئەم ڕێکار و هەنگاوانە بگرێتەبەر :
١- لەڕووی
تیۆری و پرانسیپەوە، ئەم دەستپێشخەریە بۆ ئاشتی ڕەت نەکاتەوە، بەڵکو لەپێناوی
پیشاندانی نیازپاکی و پەرۆشی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی سەرتاسەری؛ وەڵام و
کاردانەوەیەکی پۆزەتیڤ و نەرمڕەو، لەبەرامبەر پەیامەکەی ئۆچەلان؛ لەچوارچێوەی
نەخشە ڕێگایەکی چارەسەردا بخاتەڕوو، کە تیایدا داواکاری و پێداگریی چەندین ڕیفۆرمی
دەستووری و یاسایی، بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردی تیا بێت .
٢- پێویستە
لەم قۆناغەدا بەرپرسیارانە و ژیرانە؛ لەسەر بنەمای لۆژیک و پەرەگماتیکی سیاسیی،
دوور لەلێکدانەوەی ئایدیۆلۆژیی وشک و تەسک و دەمارگیری، هەنگاو بنێت و خۆی ئەپدەیت
بکاتەوە؛ بۆ خۆگونجاندن و هاوتەریب بوون لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکاری و
وەرچەرخانەکاندا، ئەویش لەڕێگەی گۆڕینی میکانیزم و ئامراز و
تاکتیک و شێوازی بەڕێوەبردنی ململانێ؛ دوور لەسازشکردن و پاشەکشەکردن لەئامانجە
بنەڕەتیەکان .
٣- لەهەموو
ڕەهەندەکانەوە؛ تاوتوێ و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی ئاشتیی ئەمجارە بکات، بۆ ئەوەی بەڕوونی
و بابەتی، بەواقیعی و پەرەگماتی؛ بتوانێت دید و تێڕوانین، پرۆژە و بژاردەی گونجاو؛
بەمیتۆد و بەقۆناغبەندی؛ بۆ چۆنیەتیی بەرقەرارکردنی ئاشتی، لەو نەخشە ڕیگایەدا، بۆ
لایەنی بەرامبەر بخاتەڕوو؛ دوور لەمەرجی قوورس و بنبەست، بەڵکو بەشێوازێک بێت؛
ببێتە هۆی بەدەستهێنان و زیاتربوونی پشتیوانیی دەرەکی و ڕای گشتی لەناوخۆی لەتوورکیادا
.
٤- لەهەنگاوی
یەکەمدا تاکلایەنە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی هێرشبردن، بۆ سەر سوپای توورکیا و شەڕی
میدیایی لەدژی حکومەتی توورکیا بدات، هاوکات ئامادەیی بۆ دیالۆگ و دانوستاندنی
فەرمی لەگەڵ حکومەتی توورکیا نیشانبدات .
٥-
هەموو هێلکەکانی نەخاتە ناو سەبەتەی ئاشتیەک؛ ئەگەر لەسەرەتاوە پرۆسەکە، جدی و
هاوسەنگ و پراکتیکی نەبێت !
٦- بەداڕشتن
و ڕاگەیاندنی ئەو نەخشە ڕێگایە، تۆپەکە فڕێ بداتە ناو گۆڕەپانی حکومەتی توورکیا و
بیخاتە بەردەمی دیفاکتۆ و بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە، بەتایبەتی کە پەیامەکە لەئاستی
ناوخۆیی و جیهانیدا؛ سەدا و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی پشتگیری بۆ دروستبووە .