43079 کەلتور

شەڕی حەکایەتخوان لەپێناو دروستکردنی ژیانێکی ئارام

10:21 - 02/05/2020

ئیسماعیل سابیر

(هەڵوەستەیەک لەسەر ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)

لە ساڵنامەی هەموو وڵاتێک ڕۆژانێک هەن بوونەتە چەقی بایەخ و بەرباسی مێژوو. بۆ وڵاتێکی وەکو یابان هیرۆشیما ڕووداوێکی چەندە خەمگین و تراژیدیش بێت ناگاتە ئەوەی بەهیچ شێوەیەک خەڵکی ئەم وڵاتە ئەو ڕووداوەیان لەبیربچێتەوە. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین دوای دۆزینەوەی ئەمریکا لەلایەن مستەر کۆڵۆمبۆسەوە هیچ ڕووداوێکی دواتر وەکو ئەوەی یازدەی سێپتەمبەر نەبووە یادگە و خەیاڵی هاوڵاتیی ئەمریکی. هەمیشە کاربەدەست و تاکی ئەو وڵاتە لەلایەک بە خەمگینییەوە لایەکی تر بە تووڕەییەوە باسیان لەو ساتەوەختە شوومە کردووە. مێژووی ئەوروپا شاهێدە شانبەشانی جەنگی جیهانی، هۆڵۆکۆست ڕووداوێکی سەرتاپا تراژیدی و دڵڕەقی مێژووی ئەوڕوپامان نیشان دەدات کەوا تاکو ئێستاش سەرتاپای مێژوونووس و ئەدیبانی ئەو کیشوەرەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. بۆ میللەتێکی نەگبەتی وەکو کورد کەوا هەمیشە ترسی قڕ کردن و لەناوچوونی بە درێژایی مێژوو لەسەر شووناسی هەبووە، دوای ئەنفاڵ، شۆڕش نزیکترین ڕووداوێکە هەمیشە لە یادەوەریی ئێمەدا عەمبار کراوە، دوای هەموو پێشهاتەکانی ڕۆژ پەنامان بۆ بردووەتەوە و باسمان لە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە بەسەر کۆمەڵگادا کردووەتەوە. ئەو شۆڕشەی کە نەیتوانی ئێمە لە قۆناغێکی خەمگین و مەرگدۆستییەوە بگوازێتەوە بۆ ناو ژیاندۆستی و بەرەو قۆناغێکی ئاسوودە و ئارام.

زۆربەی ڕۆماننووسان لەڕێی ڕووداوێکەوە هەڵوەستەی مێژوویەکی دیاریکراوی کۆمەڵگا دەکەن. خەیاڵ و تەکنیکی زمان و ڕەخنەوە دەکەن بە کەرەستە، وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی دونیایەکی نوێ، ئەمەش لەڕێی کارەکتەرەکانەوە ئەم بۆشایی و پانتاییە دەکەنە باس. گابرایل گارسیا مارکیز لەڕێی (سەد ساڵ تەنیایی)ـیەوە باسی لە ساتەوەختێکی مێژوو و شەڕێکی خوێناوی ناو وڵاتی ئیسپانیا کردووە، لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ(دۆستۆیڤسکی) لەڕێی سێ براوە باسی لە قوناغێکی دیاریکراوی  ڕووسیا دەکات. لەناو ئەدەبیاتی کوردیشدا(بەختیار عەلی) یەکێکە لەو ڕۆمانووسانەی کەوا بەدرێژایی کارەکانی هەمیشە ئیش لەساتەوەختێکی مێژوویی دونیای ئێمەدا دەکات بەتایبەت لە( کەشتی فریشتەکان)ـدا ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەیی هەیە بۆ بینینی مێژووی شۆڕشی نوێ لەلایەک و دەسکەوتی خەباتی پێشمەرگایەتی و شارستانیەتی کوردی بەدرێژایی ئەو ماوانەی دوای شۆڕش دێن. ئەم کتێبەش وەک زۆربەی ڕۆمانەکانی تری (ئارام محەمەد) هەوڵیداوە لەڕێی گەڕانەوە بۆ ساتەوەختێکی مێژووی ناو دونیای ئێمە، لەڕێی چیڕۆکی خێزانێکی کەم دەرامەت و بە زماێکی سادە دوور لە قورسی تێگەیشتن، هاتووە  باسی لە مێژووی چوار ساڵی پڕ تراژیدی دونیای کوردی بکات. دەکرێت بڵێین هەولێکیش بێت لەڕێی ئەم چوارساڵەوە گشتاندنێک بکات بۆ سەرتاپای ساڵەکانی دوای شۆڕش. ئەو ساڵانەی سەرتاپای جگە لە برین و ئازار هیچ شتێکی دڵخۆشکەری پێ نەبوو بۆ ئێمە. کەچی لە پێشتردا هەموو هیواکان و گەیشتن بە سەرفرازی و ژیانێکی کامەران لەسەر سڵتوەختی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و پیاوەکانی بنیات نرابوون.
ئەم ڕۆمانە گەڕانەوەیەکی هۆشمەندانە و ڕەخنەگرانەیە لەناو چرکەساتێکی گرنگی مێژووی نوێی کورد، ئەویش بریتیە لە شۆڕش و ڕووداوەکانی دوایی. لەوێوە تارماییەکی بێ ئومێدانە بەناو ڕۆژە خەمگینەکانی ئێمەدا تێپەڕدەبێت. لەوێوە کاتێک ئەکتی شۆڕش دەبێتە ڕێگاخۆشکەرو دەروازەیەک بۆ دزین و چەتەیی بە سەرمایەی ئەم وڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک  خەڵکانێکی دڵڕەق شەرعیەت وەربگرن و بەو هۆیە  هەموو هەوڵێکی قەڵەوکردنی خۆیان لەسەر وێرانکردنی ژیانی ئەوانی تردا بنیات بنێن. بەسەرێکی تریش کاتێک پیاوەکانی شاخ دەگەڕێنەوە ناو شار لەوێوە مێژووی خەمگینی بۆ دونیای ئێمەدا زیاتر ڕەنگ بەبەر (کوردایەتی) دەداتەوە. دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای شارستانیەک کەوا عەقڵ تێدا غائیب بوو. ئینسانەکان بۆ بچووکترین پێداویستیەکانی ژیانیان لەسەر ئەم زەمینیەدا وەک ئاژەڵی عەوداڵ دەگەڕان،  پیاوەکانی حیزب دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە مێژووی خۆیان دەترسێن و هەموو شتێک دەکەن و هێزی سەربازی و هەواڵگری بەگەڕ دەخەن بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان تا لەوێشەوە کارە چەپەڵەکانی خۆیان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
لێرەدا حەکایەتخوان وەک ئەکتێکی ئینسانیانە و چەشنی ڕاهێنەرێکی پڕ وزە یان وەک ڕێکخراوە هیومانیستەکانی دونیا هەموو هەوڵێکی بۆ گەشەپێدانی تاک و کرانەوەی هۆشی تاکە. بۆیەش بە درێژایی ڕۆمانەکە هەوڵی حەکایەتخوان ئەوەیە چەشنی بەڕەیەکی کۆنە پاڵەوانە تۆز لێنیشتووەکانی مێژووی ئێمە لە شانازی دابتەکێنێت. ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو شۆڕشگێڕانە دەربخات کەوا هەمیشە لەپشت فریوێکەوە خۆیان وەک تاکە فڕیادڕەسی کۆمەڵگا نیشانی هاوڵاتیان دەدەن. ڕێڕەوی گەنج و لاوانی ئێمە دەکات بەم نمایشە خەتەرناکانەی ئایدۆلۆژیا فریو نەخۆن، لەپێناو دروستکردنی ژیانێکی باشتر هەرگیز لە ڕێڕەو و ئەجێندای ئەم جەردانەدا نزیک نەبنەوە. هەموو ئەمانەی  زیاتر لەپێناو ئەو نەوە نوێیەی  کۆمەڵگایە  کەوا هیچ پەیوەستیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی یان ڕابردووی شۆڕش بە ئێستایان نابەستێتەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکانی تریش بەئاگاهێنانەوەی ئەو نەوەیەیە کە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی بەشۆڕشەوە هەیە تا دەریانبێنێت لەو چیڕۆکە تراژیدییەی حیزب  هەمیشە بە گوێیان دادەداتەوە، لەڕێی ئەم فریوەوە ئەوانیش بە نەزانییەوە و هەمیشە شانازییان پێوە کردووە. پێمان دەڵێت:( ژیان تەنیا مانەوە نییە لەناو تراژیدیاکانی ڕابردوو، بەڵکو ژیان سەفەریشە بەناو خەون و خەیاڵی داهاتووە.)لێرەدا ئاراستەیەک هەیە بۆ خواستی بەرەوپێشچوون، نەک چەقبەستوویی ژیان لەناو کۆمەڵێک چیڕۆکی فووتێکراودا. هەموو شەڕێکی حەکایەتخوان ئەوەیە گەر ڕێگرییەکان زۆریش بن بە هیچ شێوەیەک سازش نەکات لەو پەیامە ئینسانییەی هەڵی گرتووە، هەوڵی ئەوەیە چیڕۆکی ئێمە تەژی و لێوانلێو بکات لە ژیانێکی ئاسوودە و ئارام. لە کۆتاییدا ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بەری دەکەوین بریتییە نییە تەنیا لەچیڕۆکی ڕووت بەڵکو زیاتر مەبەسێکە بۆ بەگژداچوونەوە ئەکتی شۆڕش و ڕووداوەکانی دوایی. هەڵوەستە کردن لەبەردەم تراژیدیای میللەتێک کەوا هەمیشە لە ئاراستەی خەمگینی دایە، تا ئەم چرکەیەش نەگەیشتووە بە ئاسوودیی ژیان، بەڵکو بەهۆی باڵادەست بوونی  هێزێکی چەتەگەری ڕێڕەوی ئێمە هەمیشە لەبەردەم ئاراستەیەکی بزر و سەر لێشێواویی دایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن