حوکمداریی سادەگەرایی: تڕەمپ بە کوردیی
4/6/2025 12:57:00 PM
سەردار عەزیز
دۆناڵد ترەمپ دونیای هەژاندوە. ئەوەی دەیکات جگە لە خزمەت بە ئیگۆی خۆی هیچ سودێکی تری نیە. ترەمپ لە مۆدێلی ئەو سیاسیانەیە کە بڕوای وەهایە حوکمداریی ئاسانە. ئەو زۆرجار لە قسەکانیدا بە ڕاشکانەوە ئەوە دەڵێت کە نایزانێت، بەڵام زوو فێر دەبێت. ئەم هەڵوێستە بە مانای ئەوە دێت کە شارەزا و پسپۆر پێویست نین، ئاساییە نەزانیت بەڵام زوو فێر دەبیت.
بە گشتی فاشیزمی نوێ دژ بە شارەزا و مەعریفەیە، چونکە جەماوەری فاشیزم ڕقی زۆری لە توێژی خاوەن مەعریفە و زانایانە. وەک ڕۆبەرت کەپڵان دەڵێت ترمپ لەو توێژەیە کە لە ژیانیدا کتێبێکی نەخوێندوەتەوە. بۆیە ئەستەمە بۆی تێبگات سیستەمی تاریفە و ئابوری و جیوپۆلەتیکی جیهانی چۆن کار دەکات. بەڵام چونکە نایزانێت وەها دەزانت ئەوەی هەیە سادە و هیچ ئاڵۆزییەکی تیادا نیە.
ئێستا ئەمریکا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت. توێژێک تیایدا حاکمن کە دەترسن لە سەرۆکەکەیان، سەرۆکەکەیان خۆی لێبوە بە پادشا، تەنها پێوەری ئەوەیە کە ئایا ئەوەی دەگوزەرێت بۆ شەخسی ئەو باشە یان خراپ. ئەو جەماوەرەی کە دوای کەوتون هەر بڕێکی ئامانجێکی جیاوازی هەیە، بەڵام بە زۆری سادەکارن.
مرۆڤی سادە، یان مرۆڤی ئاسایی یان مرۆڤی خاکی مرۆڤێکی بێتاوان و پاک و قوربانی نیە. لە دونیای فیکری سیاسیدا بە تایبەتی شارەزایانی نازیزم، خەڵکانی وەک هەنا ئارێنت و ولیەم ڕایش و ئەوانیتر بە جوانی قوڵی تاوانباریی خەڵکانی ئاساییمان بۆ دەردەخەن.
لە کوردستان یەکێتی و پارتی دەترسن لە مەعریفە، بەڵام ئەوەی پێی دەڵێن ئۆپۆزسیون نەک دەترسن لە مەعریفە بەڵکو تڕۆکەری مەعریفەن. بۆیە کە دێتە سەر سیستەمی حوکمڕانی، ئەگەر داهاتوو هەر شتێک بێت، تاریکترە لە ئێستا. وێنەکە ئەو بەتریقانەیە کە ترەمپ تاریفەی لە سەر کاڵاکانیان داناوە، دەبێت ئەم بەتریقانە چ کاڵایەک بۆ ئەمریکاکەی کاک دۆناڵد بنێرن؟