قەوارەی سیاسی لە نێوان ڕۆچوون و بەردەوامیدا
4/7/2025 7:34:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
کاتێک سیستەمی سیاسی ڕوبەڕوی گرفتی بونیادی دەبێتەوە و دەسەڵاتی سیاسی لەبەردەم ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەکان خۆی پێ ڕاناگیرێت، سیستەمی حوکمڕانی ڕۆ دەچێت.
کەڵەکەبوونی گرفتەکان و بەهەند وەرنەگرتنی لێکەوتەکانی، لەگەڵ هەموو کات کوشتنێک بۆ چارەسەرکردنیان وادەکات وەک نەخۆشی شێرپەنجە بە تەواوی جەستەی قەوارەی سیاسیدا بڵاوبێتەوە، دواجار چارەسەرکردن مەحاڵ دەبێت، لەم کاتەشدا نائومێدی باڵ دەکێشێت بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا و چارەنوسی وڵات هەرەس و داڕمان دەبێت.
هەر بۆیە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی پێویستی بە دەمەوەهاتنی خێرا و چارەسەری ڕیشەییە، وادەخوازێت دەسەڵاتە گشتییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان لە پرۆسەیەکی ڕیفۆرم و نوێبوونەوەی بەردەوامدابن، ئەم پرۆسەیەش ئیرادە و کەسانی خۆی دەوێ.
پێش حەوت سەدە فەیلەسوف و زانای مەزن ”ابن خلدون 1406 - 1332 “ ئاماژەی داوە بەوەی:
”دەوڵەت بکەوێتە تەمەنی نائومێدیەوە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ گەنجێتی تەنانەت ئەگەر حوکمڕانەکانیشی هەوڵی گۆڕانکاری بدەن، هەموو زەمانێک دەوڵەت و پیاوی خۆی هەیە.“