29089 کەلتور

یادەوەری تاکە دوژمنی مرۆڤ

09:20 - 12/03/2020

حەمە مەنتک

یەکێک لە باشییەکانی سۆشیال میدیا ئەوەیە، دەتوانی لە زووترین دەمدا هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێک، ڕۆمانێک و سازکردنی کۆڕێکی ئەدەبی بخوێنیتەوە. قسەیەکی ناخۆشی دیکەیش هەیە، کاتێک بە هاوڕێیەکت دەڵێی با بچینە کۆڕی بڵاوکردنەوەی فڵانکەس، ڕۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە. تاقەتم نییە! وەرامی ئەوە. ئەم کارە لەم فەوزا و قەرەباڵغی و بە لێشاو بڵاوکردنەوەی کتێب، گەڕانە بۆ دۆزینەوە و خوێندنەوەی ڕۆمانێکی باش. لە زۆر باردا بەخت یاوەرمان نابێت، بەڵام جار جارەیش ئاهێک هەڵدەکێشی و ماندووبوونەکەت بە زایە نەچووە.


ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، ڕۆمانێکی نوێی ئارام محەمەدە. پێش بڵاوبوونەوەی ئەو پرسیارانە یەخەی زەینیان گرتم، کام ڕۆژ؟ کام ساڵانە؟ لە کتێبخانەی مەم و زین کۆڕی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە بوو. پێشڕەو عەبدوڵڵا قسەی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە کرد. ورد دەپەیڤی، لە قسەیەکدا لەگەڵی هاوڕا نەبووم، کاتێک گوتی: ئەم نەوەیە ئازادییەکی ڕەهای هەیە و هیچ کەپتێکی نییە! بە بڕوای من یەکێک لە کەپتەکانی ئەم نەوەیە، نەبوونی یادەوەرییە. ئەم نەوەیە، هیچ شتێکی نییە بیگێڕێتەوە. هەموو یادەوەری ئەم نەوەیە لەناو ژوورۆچکەی چات و ئایکۆنی مۆبایلە زیرەکەکەیەتی. ئەم نەوەیە، کەپتی گەلێ زۆرە، ئایکۆنی چاتی هەر یەکێک بکەیتەوە دنیایەک خۆبەتاڵکردنەوەی تێدایە. بۆیەیش دەتوانین بە یەک کلیک کۆی یادەوەری هەر یەکێک لەم نەوەیە بسڕینەوە.


لێرەدا نامەوێ کۆی چیڕۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، ناونیشانی ڕۆمانەکە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕۆمانەکەوە هەیە. خوێنەر هیچ ڕۆژێکی خۆش لەم ڕۆمانەدا ناخوێنێتەوە، چیڕۆکنووسێک دەیەوێ ژیانی پاکەتفرۆشەکە سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی دیکە بنووسێتەوە، بەڵام پڕ لە ڕۆژانی خۆش. (گرنگ نییە، دەژیم و هیوام ماوە، ئێستایش وا دەبێتە بیست و پێنج ساڵ جگەرە دەفرۆشم. دۆخەکە بۆ من نەگۆڕاوە. ڕۆژێکی خۆش هەبێت لە ژیانم، هەڵی دەگرم و لەناوی دەژیم...) [محەمەد: ٢٠٢٠: ١٥١- ١٥٢] بەڵام خوێنەر لە کۆی ڕۆمانەکە ئەو ڕۆژە نادۆزێتەوە، کە کارەکتەر بیەوێ تێیدا بژی، یان هەستبکات تێیدا ژیابێت. ئەوەی گرفتە ئەوەیە کارەکتەر ناتوانێت گوزارشت لەو یادەوەریانەی خۆی بکات. بە واتایەکی دیکە ئەو فۆرمێکی بۆ گێڕانەوە نییە. لێرەوە ئەوەیمان بۆ دەردەکەوێت، هەموومان هەڵگری تێمە و بابەتی ڕابردووین. واتە هەموومان بەشێک لە یادەوەریمان هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن بتوانین گوزارشت لەو یادەوەریانە بکەین. یان چۆنی بگێڕینەوە؟ بۆیە دوو فۆرمی گێڕانەوەمان پێشکەش دەکات. یەکیان نووسینی چیڕۆکە و ئەوی دیکەیان، درووستکردنی فیلمی دیکۆمێنتارییە. دواجار لەناو ڕۆمانەکەدا فۆرمی چیڕۆکنووسین بە باشتر و باڵاتر لە فیلمەکە دادەنێت. هۆکاری ئەمەیش فیلمی دیکۆمێنتاری شتەکان چۆنن وەهایان نیشان دەدات، بەڵام چیڕۆکنووسین، هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ خەلقکردنەوەی ڕووداوەکان. بۆیەیش فیلمەکە دواجار لەناو دەچێت، بەڵام چیڕۆکنووسەکە دەیەوێ دیسان یادەوەرییەکانی بۆ خەڵق بکاتەوە. واتە فیلمسازەکە دەیەوێ ڕابردووی کارەکتەر تۆمار بکات و بهێڵێتەوە، بەلام چیڕۆکنووس دەیەوێ داهاتووی کارەکتەر خەڵق بکات. کەواتە ئیشی چیرۆکنووس ئەوەیە ڕۆژێک بۆ کارەکتەر دروست بکات بۆ ئەوەی تێیدا بژی. ئەم جیاوازییە هەمان ئەو جیاوازیەیە، کە ئەرەستۆ لە کتێبەکەیدا لە نێوان مێژوونووس و شاعیردا دەیکات. بە بڕوای ئەرەستۆ مێژوونووس کەسێکە ڕابردوو دەنووسێتەوە، بەڵام شاعیر کەسێکە ڕووداوگەلێک دەنووسێتەوە، ڕەنگە ڕووبدات.
هەموو هەوڵێکی کارەکتەر ئەوەیە خۆی لەو یادەورریانە ڕزگار بکات، بەڵام وەکوو بەختیار عەلی دەڵێت: یادەوەری گەورەترین دوژمنی ئینسانە، چونکە تاکە شوێنێکە کە حەقیقەت وەک خۆی هەڵدەگرێت، هەموو ئازارەکان لەوێوە دێن، هەموو شتێکی مرۆڤ دەتوانێ درۆ بکات، یادەوەری نەبێت. گرفتی سەفینی کارکەتەر هەر ئەمەیە ناتوانێت خۆی لەو یادەوریانە ڕزگار بکات و بەردەوام لەگەڵی دەژین. هەر ئەمەیشە کاتێک بەر پرسەکان دەزانن ماڵی سەفین کۆمەڵێک یادەروەری و ئەرشیفی گرینگی تێدایە دەیسوتێنن و بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتانە بزر بن و خەڵک ئاشنایان نەبێت، چونکە یادەوەرییەکان درۆ ناکەن. دەبینین بەرپرسەکانی ئێستا بەردەوام دەیانەوێت لە ڕێی نووسینەوەی یادەوەرییە حەقیقەتێکی دیکە بۆ نەوەی ئیستا بگێڕنەوە، بەڵام دەزانین ئەوان خیانەت لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیان دەکەن. بۆ نموونە کاتێك کتێبی (چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە) لە لایەن (برایم جەلال) لە بارەی مێژووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە بڵاودەکاتەوە، دواتر لە لایەن (مەلا بەختیار) بە کتێبی (چۆن چەپکێک و کام مێژووی کۆمەڵە؟!) وەرامی دەداتەوە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە خیانەت لەو مێژووە کراوە و یادەوەرییەکان بە ناتەواوی گێڕدراونەتەوە. چیڕۆکنووس لەم ڕۆمانەدا دەیەوێ یادەوەری لە واقیعەوە بۆ دەقی ئەدەبی بگۆڕێت. ئاشکرایە یادەوەری لەسەر ڕاستگۆیی لە گێڕانەوە وەستاوە، واتە ئەو کەسەی یادەوەری دەنووسێتەوە، دەگێڕێتەوە دەبێت ئەوپەڕی ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان هەبێت، بەڵام ئەم ڕاستگۆییە لە ڕۆماندا دەسکاری دەکرێت.
لەم ڕۆمانەدا، هێندێ تەکنیکی هونەری هەن، کە ڕۆڵیان لە بە هونەریکردنی ڕۆمانەکەدا هەیە. یەکێک لە تەکنیکەکان، تەکنیکی چیڕۆک لەناو چیڕۆکە. چیڕۆکنووسی ناو ڕۆمانەکە، چیڕۆکی (مۆزەخانەی شۆڕش) بۆ کارەکتەر دروست دەکات و لەو ێ کارەکتەر کچێک دەبینێت و عاشق دەبێت. ئەم چیڕۆکە جودا لەوەی هەوڵێکە بۆ پشوودانی خوێنەر و ئامادەکردنیەتی بۆ گوێگرتنی لە چیڕۆکی سەفین، هاوکات هەوڵێکیشە بۆ ئەوەی بۆ خوێنەر بسەلمێنیت، کە توانای هەیە واقیعێکی جیاوازتر بۆ کارەکتەر بخولقێنێت.
تەکنیکی نامە، یەکێکە لەو تەکنیکانە ڕووداوەکانی ڕۆمانی لە ڕێیەوە دەگێڕدرێنەوە. لەم ڕۆمانەدا لە ڕێی نامەوە فەزا و کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتمان بۆ دەگێڕێتەوە. واتە کاریگەری نامە لەو کات دەردەخات. بۆ نموونە لەوسەردەم تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی هێندە پێشکەوتوو نەبوون. بۆیەیش نامە تاکە هۆکاری پەیوەندی بووە، بەتایبەت لە نێوان خۆشەویستان و پیاوە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرا. نامە هۆکارێکە بۆ دەربڕینی هەستوسۆزی کارەکتەرەکان. بۆیەیش نامە دەبێتە هۆی کاریگەری لەسەر باوکی سەفین و تێکەڵبوونی بە کایەی سیاسی.
یەکێک لە کێماسییەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووی هونەرییەوە، بە واعیزبوون و ئامۆژگاریکاری کارەکتەرەکانن. دەمەوی بڵێم کارەکتەرەکان، لە زۆر جێدا وەکوو واعیزێک دەردەکەون. بۆ نموونە پەیڤەکانی دکتۆر بۆ باوکی سەفین لەبارەی سارای خوشکی سەفینەوە. ئەم پەیڤانە دەبنە هۆکارێک بۆ خاوکردنەوەی هێڵی درامی ڕۆمانەکە. زوو زوو باوکی سەفین بە دکتۆر دەڵێت: ئێستا چی بکەین؟ هاوکات قسەکان لەبارەی هۆکاری بایۆلۆجی، دەروونی و جۆرەکانی دەرمان لەم شوێنەدا وەها سوودێکی نییە، هاوکات هیچ شتێک بۆ تێمەی ڕۆمانەکە زیاد ناکەن. بە بڕوای من ئەگەر ڕۆماننووس ئەرکی واعیزبوونی لە دکتۆر سەندبایەوە و ئەرکی دکتۆری پێ بەخشیبوایە هونەری تر دەبوو.
دوا پەیڤم ئەوەیە ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکە بە هێوری خوێنەر لەگەل ڕووداوەکان دەبات، پەلەپەلی گێڕانەوەی تێدا نییە، گەمەی کات بەتایبەت لە تەکنیکی هێنانەوەی ڕووداو و پێشبینی ڕووداودا. ئاشنامان دەکاتەوە بە کۆمەڵێک یادەوەری، کە تەکنەلۆژیا لە بیری بردووینەتەوە. واتە دەیەوێ پێمان بڵێت مرۆڤی ئەم سەردەمە مرۆگەلێکی بێ یادەوەریین، ڕووداوێکیان بۆ گێڕانەوە، ڕووداوێکی ڕاچڵەکێنەریان لە ژیاندا نییە، ئەگەر هەیشبێت ناتوانێت وەکوو یادەوەرییەک بۆ زەمەنێکی دیکەی هەڵبگرێت.

محەمەد، ئارام: ٢٠٢٠: ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم: ڕۆمان: لە بڵاوکراوەکانی نووسیار: سلێمانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن