بەپەلە.. راگەیەندراوێکی توند لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە
07:08 - 08/01/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەنجومەنى سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، روو دەکەینە دەسەڵاتى زۆنى سەوز و پێیاندەڵێین، واز لە سیاسەتی دووڕوویی بێنن و کۆتایی بە پاشکۆیەتی و شاگردیی سیاسەتی تاڵانکاریی زۆنی زەرد بێنن، جەختیشیان کردووەتەوە کە، دژى هەژمارى من دەوەستنەوە و داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن لەژێر هیچ فشارێکدا هەژمارى من پڕنەکەنەوە.
دەقى راگەیەندراوەکەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى:
بەناوی خودای باڵادەست
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماف دزراو،
هاوڵاتیانی ستەمدیدەی دەستی دەسەڵاتی ستەمکار:
لەکاتێکدا پێمان ناوەتە ساڵی نوێوە، هاوڵاتیان و مامۆستا و فەرمانبەران چاوەڕوان بوون دەسەڵاتی شکست خواردوو تەنها جارێک شەرم بیانگرێ و هەنگاوێکی جدی بنێن بۆخزمەتکردنی هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی . بەڵام دەسەڵاتی چەتە و گیرفانبڕ بەدزینی مووچەی دەساڵی مووچەحۆران و تەخشان و پەخشانی زەوی و زار و تاڵانکردنی سامانی ووڵات تێری نەخواردووە و بۆ زیاتر پڕکردنی گیرفانە بێبنە قوڵەکانی بنەماڵەکانیان تەماعی کردۆتە نەخۆشخانە حکومیەکان و بەناوی کەرتی تایبەتەوە دەیانەوێت نرخی پشکینینی تاقیگەکان سەدان جار لەسەرهاوڵاتیان گرانتر بکەن، کە بە دڵنیاییەوە هاوڵاتیان ئەو ستەمە قبوڵ ناکەن و نابێ بۆیان بچێتە سەر. ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بێ ئابڕوانەتر و نامەردانەتر هەموو هەنگاوێکیان بووەتە بارگرانی زیاتر بەسەر هاوڵاتیان و بڕینی گیرفانیان .
لەهەنگاوێکی تریشیاندا فشاریان خستۆتە سەر مامۆستایان و فەرمانبەران لەپەروەردە و فەرمانگەکانی قەزای کۆیە، بەئامانجی کردنەوەی هەژماری بەدناوی دز. کە نەک سوودی بۆکەس نیە بەڵکو جۆرێکیتری دزینی مووچە و قوتی مووچەخۆرانە، ئامڕازێکی تری زامنکردنی سامانی زیاترە بۆخۆیان.
ئێمە بە پلەی یەکەم ڕوودەکەینە دەسەڵاتی زۆنی سەوز، پێیان دەڵێین؛ واز لە سیاسەتی دووڕوویی بێنن و کۆتایی بە پاشکۆیەتی و شاگردیی سیاسەتی تاڵانکاریی زۆنی زەرد بێنن. لە هەمان کاتیشدا جەختدەکەینەوە: بەهەموو توانامانەوە هەژماری بەدناوی دز ڕەتدەکەینەوە و داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین پابەندی پڕکردنەوەی فۆرمی هەژماری بنەماڵە مەبن و دژی بوەستنەوە.
لە کۆتاییشدا رایدەگەیەنین: هەنگاوەکانمان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ لەسەرئاستی ناوەندو هەرێم چڕتر دەکەینەوە. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و بەکەمتر لە تەوتین و پلەبەرزکردنەوە و گێڕانەوەی بەناو پاشەکەوت ڕازی نابین. پشتیوان بەخواو ئیرادەی پۆڵایینی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان، دەسەڵات ملکەچ پێدەکەین بۆ خواستە ڕەواکانمان .
سەرکەوتوو بێ ئیرادەی هەقخوازیی و مەردایەتیی
سەرشۆڕیی بۆتاڵانچیی و چەتەکان.