وەزیرى دارایى: لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکانی بەردەم شێوازی دابەشکردنی مووچە چارەسەر دەبێت
09:25 - 06/04/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى دارایى رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى هەرێم پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکەکانی سنوری پارێزگای هەولێر.
وەزارەتى دارایى بڵاویکردووەتەوە، لەدیدارێکدا کە محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئامادەی بوو، وەزیری دارایی وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکان کرد کە لەماوەیەکی کەمدا توانییان مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆران بە بەبێ کێشە و گرفت دابەش بکەن.
هەروەها رایگەیاندووە، لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بانکەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکانی بەردەم شێوازی دابەشکردنی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت، لەلایەکی ترەوە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری داوای لە بەڕێوەبەری بانکەکان کرد لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و دەسەڵاتانای پێیان دراوە کارئاسانی تەواو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکان و بەڵێندەران بکەن.
لای خۆشیانەوە بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەری بانکەکانی سنوری پارێزگای هەولێر سوپاسی وەزیری داراییان کرد کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەمیشە پشتیوان و هاوکاریان بووە و هەر پێداویستییەک لە خزمەت بەرەوپێشچوونی ژێرخانی بانکەکان بووبێت ڕەزامەندی لەسەر داوە