475 کوردستان

لەمەودوا منداڵبوون و مردن بۆ فۆڕمی خۆراک لەڕێگای مۆبایلەوە تۆمار دەکرێت

01:13 - 07/04/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی هەرێم ئاشکرایکرد، سیستمی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە هەفتەی داهاتوەوە جێبەجێ دەکرێت و فۆڕمە نوێیەکە لە ڕێگەی ئەپی نێو مۆبایلی هاوڵاتییان خۆیانەوە دروست دەکرێت.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی نیسانی ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سیستەمی نوێکردنەوەی زانیاری فۆڕمی خۆراک و بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمەکە لە هەرێم قۆناغی یەکەمی تەواو بوە و چاوەڕوانن لەم هەفتەیەدا لە بەغدادەوە لیژنەیەک بێنە هەولێر بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتو دەست بە قۆناغی دوەم و جێبەجێکردنی سیستەمەکە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، فۆڕمە نوێیەکەی خۆراک لە ڕێگەی ئەپی نێو مۆبایلی هاوڵاتییان خۆیانەوە دەکرێت و ڕۆتیناتی نێو دائیرەکان ناهێڵێت، هەر کەسێک بیەوێت منداڵی تازە لەدایک بو تۆمار بکات یاخود ناوی کەسێک ڕەش بکاتەوە کە وەفاتی کردوە ئەوا لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە ئەو کارە دەکات.
باسی لەوەش کردوە  ئەو خێزانانەی تا ئێستا فۆڕمی خۆراکییان نیە، بە هەمان شێوە دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیان و ئەو ئەپانەی تایبەتە بە فۆڕمی خۆراک، خۆیان تۆمار بکەن و فۆڕمی خۆراکیان بۆ دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن