160 کوردستان

بەپەلە.. مامەڵەی دراوی ئەلکترۆنی و فۆڕێکس قەدەغەکرا

04:00 - 08/04/2025

زەمەن _ هەولێر

 

 ئاسایشی ئابووری هەرێم ڕایگەیاند: ، مامه‌ڵه‌كردن به‌دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی قه‌ده‌غه‌یه‌ و داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌مجۆره‌ مامه‌ڵانه‌.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر، ئاگاداری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردن به‌هه‌موو جۆره‌كانی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی فۆڕێكس و USDT قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە، كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئه‌لیكترۆنی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێگه‌پێدراو نین و مۆڵه‌تی فه‌رمیان نیه‌، به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم رێگه‌پێدراو نین و هیچ یاسا و رێنماییه‌ك نیه‌ بۆ رێكخستنی ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌.

ئاسایشی ئابووری هەولێر دەشڵێت: سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ژێر ناوی جیاجیا كاری فۆڕێكس و كردنه‌وه‌ی خولی فێربوونی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن و كڕینی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی ئه‌نجامده‌ده‌ن، نایاسایین و رێگه‌پێدراو نین.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، دوای چه‌ندین سكاڵای هاوڵاتیان و زه‌ره‌رمه‌ندبوونیان له‌رێگه‌ی ئه‌م كۆمپانیا و بڕۆكه‌رانه‌، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی تووشی زیانی ماددی نه‌بن، دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌مجۆره‌ مامه‌ڵانه‌ و پاره‌كانیان به‌فیڕۆنه‌ده‌ن به‌ پڕوپاگه‌نده‌ و ریكلامی كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خۆیان لێ به‌دووربگرن.

هەروەها  ئاگاداری گشت كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌رێگه‌ی سۆشیال میدیا ریكلام بۆ كاری فۆڕێكس و دراوه‌ كانزاییه‌كان نه‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن