لە پشت کەوالیسەکانی ڕێکەوتنەکەی سوشیەوە : کورد و پێگە نوێیەکەی !
10/23/2019 6:26:00 PM
عادل باخەوان
یەکەم : داهاتوی کورد لە سوریادا بەو شێوە دراماتیکیە نیە کە میدیای کوردی باسی دەکات. ئەوەی کە لە ئێستا و ئێرەدا و لەژیر چاودێری پیاوە بەهێزەکەدا (ڤلادیمیر پوتین) ئامادە دەکرێت داهاتووی سوریایە. لەنێو ئەو داهاتوەدا، کورد پێگەیەکی تایبەتی دەبێت.
دووهەم: هێزەکانی سوریای دیمۆکرات تێکەڵ بە سوپای دەوڵەت دەبن و ژیانیان بۆ دابیندەکرێت و بۆئەمەش میکانیزمێکی چاودێریی تایبەت لەلایەن ڕوسەکانەوە دادەنرێت. ( ئەمە هەواڵە نەک پێشبینی).
سێهەم : لە پشت کەوالیسەکانەوە پەیوەندی لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا دروستبووە و بە نافەرمی یەکتری دەبینن و سەرقاڵی ئامادەکردنی بەیەکگەشتنی فەرمیی هەردوو لایەنن بە ئەردۆگان و ئەسەدیشەوە. ( ئەمە هەواڵە نەک پێشبینی).
چوارهەم : ڕێکەوتنی تورکیا و سوریا، ڕاستەوخۆ دەبێت بە سەرەتای ئاشبەتاڵی ئەو شتەی کە ناونرابوو "شۆڕشی سوریی"، ئەمەش یەکسانە بە کۆتاییهاتنی خەونی سوریایەکی دێمۆکرات یان سوریای برایانی موسوڵمان. بەشێکی زۆر لە شیکاریە فەرەنسیەکان بەم ئاڕاستەیەدا دەڕۆن.
پێنجەم : لەم قۆناغە نوێیەدا ئەسەد دەخرێتە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی کۆمەڵێک میکانیزمەوە کە مۆسکۆ وەک ئەندازیاری یەکەم و بە پرس و ڕا لەگەڵ تورکیا و ئێران و ئەمەریکا و ئەوروپادا دایاندەڕێژێت.
شەشهەم : لێرەوە زەمەنێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێدەکات کە ئێمە ناویدەنێین (زەمەنی پوتین). لەنێو ئەم زەمەنە نوێیەدا دەرفەتێکی باش هەیە بۆئەوەی کورد لە چەند پانتاییەکدا وەک ئەکتەرێکی مامناوەندی ڕۆڵی گرنگ، نەک سەرەکی، ببینێت.