بۆچی عێراق لە لێواری جەنگی ناوخۆدایە ؟ کورد ئەبێ چی بکات ؟
8/6/2022 10:11:00 AM
عادل باخەوان
حەوت هۆکاری سەرەکی وادەکەن کە عێراق لە لێواری جەنگێکی ناوخۆیی تراژیدی دابێت :
1- ئێمە لە عێراقدا دەستەبژێرێکی سیاسیمان هەیە کە پێیوایە دەوڵەتی عێراقی غەنیمەیەکە و دەبێت لەنێوان خۆیاندا دابەشیبکەن، نەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە دەبێت ڕۆژانە بینابکرێت.
2- کولتوری توندوتیژی کە گروپە سیاسیە جیاوازیەکان تیادا پەروەردەکراون و لەڕێگایشیەوە دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەنێو مێژوودا دەستەبەر بکەن.
3- سەرکردەی هێزە سیاسی و سەربازیەکان، لەڕێگای هەڵسەنگاندنی هەڵەوە بۆ پەیوەندیەکانی هێز، سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جەنگێکن کە وەک پێیوست لە باجەکەی و لە دەرەنجامەکانی تێنەگەیشتون و نازانن چەندیان لەسەر دەکەوێت.
4- برا شیعەکان، کە دەکرێت وەک برا دوژمنەکان ناوزەدەیان بکەین، دەیانەوێت لەڕێگای جەنگی ناوخۆوە، هێزی یەکتری تاقیبکەنەوە و بزانن برا ڕکابەرەکان تاکوێ توانای جوڵان و بەریەکەوتن و سازدان و بردنەوە و هەمژموونیان هەیە و ئەمەش گرەوێکی یەکجار ترسناکە.
5- دابەشبوون و دڕانی برا دوژمنەکانی نێو ماڵی شیعە، کە گەیشتوەتە مریشکە ڕەشە، وادەکات کە شانسی بیناکردنی ڕێکەوتنێک زۆر ئەستمەبێت و گەر ڕێکەوتنش بکرێت، شانسی ڕێزگرتن لێیی تەواو لاوازبێت.
6- مێژووی بیناکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، 2003-2022، بە کۆمەڵێک ئاڕاستەدا تێپەڕیوە کە پێکەوە زنجیرەیەک لە قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وایان دروستکردوە کە چیتر پرسی ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرانسیپ لە موستەحیلەوە نزیکبێت. واتە کارەساتەکە لە نێو بوونیەی دەوڵەتی عێراقیدایە.
7- لە کۆتاییدا، هەلومەرجی فەوزەوی و تراژیدی پەیوەندیەکانی هێز لەسەر ئاستی هەرێمایەتی (ئێران، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی)، و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا، چین) وایانکردوە هاوکێشەی عێراقی خراپ تێکبچێت و ئاسۆی دۆزینەوەیەکی دەرچە ئەستەمبێت.
کورد ئەبێ چی بکات ؟
تەنها یەک ڕێگا هەیە و بەس : گەڕانەوە بۆ بەرژوەندی و هێڵە سورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا و هەر گروپ و حیزب و ئەکتەرێک لەم بەرژەوەندی و هێڵە سورانە لایدا، دەبێت وەک ناپاکیی نیشتمانی پێناسەبکرێت، گەرنا کوردستانیش لە ژێر لافاوی جەنگی برا شیعەکاندا نقوم دەبێت.