سوتاندنی قورئان لەبەرژوەندی کێدایە؟
4/17/2022 5:04:00 PM
عادل باخەوان
دیسانەوە هێزە
ڕادیکاڵەکانی ڕاستی توندڕەو پەلاماری سوتاندنی قورئانیان دایەوە و دیسانەوە دۆخێکی
نائاساییان لە جیهاندا دروستکردەوە. من بەخێرایی ئەم تێبینیانەم لێرەدا دەنوسم و
هەوڵدەدەم دواتر بە وتارێک بگەڕێمەوە سەری.
یەکەم: ژمارەی
موسوڵمانان لە جیهاندا نزکەی دوو ملیار مرۆڤن و 24 % لە سەدی دانیشتوانی سەر زەوی
پێکدەهێنن.
دووهەم: ئەم
موسوڵمانانە هەرچیبن لە یادەوەری تۆدا، هیچ لەوە ناگۆڕێت مرۆڤن و خاوەنی چەند
موقەدەسێکن. ئەم موقەدەسانە لای تۆ هەرچیبن و هەرچۆن بن، ناتوانیت سوکایەتیان
پێبکەیت و هەستی دوو ملیار مرۆڤ برینداربکەیت.
سێهەم: ئەم جۆرە لە
سوکایەتیکردن و پەلاماردانەی موقەدەسی موسڵمانان، گەورەترین گرفتە لەڕێگای
توێژینەوەی بابەتی و زانستی لەسەر خودی ئەو موقەدەسانە و بەربەستن لە ڕێگای
بەرهەمهێنانی مەعریفەی بابەتی لەسەریان.
چوارەم: ئەو بزوتنەوە
کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە تەبەنی کولتوری سوکایەتی بە موقەدەسەکانی ئیسلام و موسڵمانان
دەکەن، بەشداریی زیندوودەکەن لە ئامادەکردنی هەلومەرجی ڕادیکالیزمی نەوەیەک کە
هەست بەوەدەکات بریندارکراوە و سوکایەتی پێکراوە.
پێنجەم: ئەم نەوەیە گەر
بێت و کەناڵی شەرعی بۆ نەکرێتەوە بۆئەوەی گوزارشت لە توڕەبونەکانی خۆی بکات،
بەدڵنیاییەوە ڕێگای کەناڵە ناشەرعیەکانی وەک تیرۆریزمی ئەلقاعیدە و داعش
دەگرێتەبەر.
شەشەم: سەبارەت بە
ستراتیژی موسوڵمانان. باشترین ستراتیژێک لە ئێستا و داهاتوشدا لەبەرامبەر ئەم جۆرە
مامەڵانەدا بریتیە لەوەی کە خودی موسوڵمانان ئەم کارتە لەدەستی ئیسلامۆفۆبيا و
توندڕەوەکانی ڕاستی ڕاسیست دەربێنن، بەوەی کە هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی توندوتیژیان
نەبێت، چونکە لەکۆتایدا موقەدەسی دوو ملیار مرۆڤ بەم جۆرە لە ڕەفتار نەک لاواز
نابێ، بەڵکو بەهێزتر دەبێت.
حەوتەم: ڕۆشنبیر وەک
نەخۆشیە گەورەکەی کۆمەڵگا. من وشیارم بەوەی بەشێکی گرنگ لەو ڕۆشنبیرانەی کە بوون
بە سەرەتانی تێگەشتن لە دنیای ئێمەدا، دیسان لەم تێبینیانەی منیش تێناگەن و وەک
هەمیشە لەسەر پێ، ڕیزێک بڕیار و جنێو و بوهتان دروستدەکەن. ئەم چاپە لە ڕۆشنبیر،
هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوەی کە لە سوید قورئانی سوتاند و هەردوکیان دوو کارەساتن
لە نێو مێژوودا، بەڵام بەیەک سروشتی نەگۆڕەوە کە بریتیە لە: جەهلێکی کوشندە.