حەوت تێبینی سەرەکی لەسەر کابینەکەی سودانی
10/25/2022 10:29:00 AM
عادل باخەوان
1. دێمۆکراسی عێراقی :
ئەم حکومەتە دەرەنجامی هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیک نیە، بەڵکو دەرەنجامی پێگەیە لەنێو پەیوەندیەکانی هێزادا. با ئیتر کەس باسی دێمۆکراسی عێراقی و پەڕینەوە بەرەو دێمۆکراسی نەکات، بە وڵاتانی ڕۆژئاواییشەوە.
2. گریمانەی تاڵانکردنی دەوڵەت :
ئەو هێزانەی کە حکومەت دروستدەکەن، دەوڵەتی وەزارەتەکان وەک غەنیمەیەک دەبینن و دەبێت وەبەرهێنانیان بەسەرەوە بکەن. ئەو گروپانە، بەتایبەتی میلیشیاکان، هێندەی خەمی ئەوەیانە کە چۆن دەزگاکانی دەوڵەت تاڵان بکەن، نیو ئەوەنە خەمی ئەوەیان نیە بەهێزیان بکەن.
3. چارەنوسی دەزگا ئەمنیەکان :
ئایا میلیشیاکان دەستدەگرن بەسەر ئەو پێگە هەستیارانەدا یان نا ؟ بۆ نموونە CTS یان موخابەرات ؟ گەر ئەمە ڕوبدات، بەدڵنیاییەوە دەرەنجامی زۆر نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت.
4. بزوتنەوەی ناڕێزایی :
ئێمە هەموومان دەزانین کە ئەو گروپانەی کە ئێستا حکومەت پێکدەهێنن، نوێنەرایەتی 20% کۆمەڵگادەکەن و 80% کۆمەڵگا توڕەیە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی نوێ لەگەڵ ئەم 80% سەنگی مەحەکە : داپلۆسین یان ئیدارەکردنی مەدەنیانە ؟
5. گوتاری کورد :
لەنێو ئەم کۆنتێکستە دراماتیکیەدا، کورد شانسی زۆرە بۆئەوەی لەیەکتری نزیکببێتەوە و گوتارێکی هاوبەش، سەرەرای هەموو جیاوازیەکان، بینابکات، لەسەر چۆنیەتی بوون و ئامادەبوون لە بەغداد. هەر چوار بلۆکەکە (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، ئیسلامیەکان) لەبەردەم بەرپرسیاریەتیکی ئەخلاقی و نیشتمانیدان.
6. هەرێمیکی بەهێز لە عێراقێکی ئێرانیدا :
گریمانەی هەستانەوە و بەهێزکردنەوەی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر حکومەتی بەغداددا لێرەیە. چەند حکومەتی بەغداد لە ئێرانەوە نزیکببێتەوە و میلیشیاکان هەژموون بەسەریدا بکەن، هێندەش لە ئەوروپا و ئەمەریکا، خواستی نزیکبوونەوە لە هەرێم بەهێزتردەبێت.
7. کۆتایی حیکایەتی کازمی :
نە ئەو هەموو سەدریەی کە لە پێگە هەستیارەکانی دەوڵەتدا دایمەزراندن فریایی کەوتن (ئیبراهیمی زوبەیدی کە سەدریە کرد بە بەڕێوبەری نوسینگەکەی خۆی و عامر الحلو الموسوي کە سەدریەکی ترە کرد بە جێگری موخابەرات ) نە دەستێوەردانی وڵاتانی جیهانی. تۆ کە خۆت پێگەت نەبوو، کەس ناتوانێ پێگەت بۆ دروستبکات، باشترین بەڵگەش عەبادی و کازمین.