566وتار

برێت مەکگورک؛ ئەندازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست

7/13/2022 3:06:00 PM
عادل باخەوان

برێت مەکگورک لە دوو ساڵی ڕابووردوودا زۆر بەدەگمەن ناوی لە میدیاکاندا هاتووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو ئەندازیاری گەشتەکەی بایدن بۆ سعودیە و گەڕانەوەی نوێی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

 لە دوو ساڵی ڕابووردوودا کە وەک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە کۆشکی سپی کاردەکات، چەندین جار سەردانی ڕیاز و ئەبوو زەبی کردوە و کاری لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردوە :

1. قەناعەتکردن بە جۆ بایدن بەوەی کە واز لە گوتاری عاتیفی لەسەر موحەمەد بن سەلمان MBS بێنێت و عفا الله عما سلف لەسەر دۆسیەی جمال خاشقجي بکات. مەکگورک پێیوایە ئەمەریکا ناتوانێت پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ سعودیەدا بکات بە قوربانی دۆسیەی جمال خاشقجي. وادیارە لەمەدا نەک هەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بڵکو بایدنیش دەبات بۆلای MBS.

2. قەناعەتکردن بە جۆ بادین بە عفا الله عما سلف لە پشتیوانی موحەمەد بن زاید MBZ لە دۆنالد تراپ و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵیا، چونکە سیاسەت لەسەر کینەی شەخسی بیناناکرێت و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا وادەخوازن کە دەرگای بۆ MBZ سەرلەنوێ بکرێتەوە. لەمەشدا هەر سەرکەوتووبوو، چونکە لەم گەشتەیدا بایدن دوو جار MBZ دەبینێت.


3. قەناعەتکردن بە بایدن بەوەی کە چیتر ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل چەقی گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و تەنها لە پەراوێزدا دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەمەشدا هەر سەرکوتووبوو.

4. قەناعەتکردن بە جۆ بایدن کە چەقی ململانێکان و یاریەکان و پەیوەندیەکانی هێز لەنێوان ئێران و واڵاتانی دیکەی ناوچەکەدایە و دەبێت هەموو هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن. لەمەشدا هەر سەرکەوتووبوو.

تێبینی : جگە لە هەڵوێستەکانی لەسەر ڕیفراندۆم، برێت مەکگورک دەکرێت وەک دۆستێکی گرنگی کوردە لە کۆشکی سپیدا ببینرێت و کورد باشدەناسێت و کوردیش باش ئەو دەناسن. دەکرا و دەکرێت باشتر سود لە ئامادەیی ئەم دۆستە لە کۆشکی سپیدا ببینرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن