610وتار

فریاد ڕەسانی نەتەوەیی و پارێزەرانی کورد

10/26/2020 10:52:00 PM
ئەحمەد هەورامی

مێژووی ڕاپەڕین و بزوتنەوەکانی گەلی کورد دەریخستووە کە مێژووی ھیچ نەتەوەیەک بە ئەندازەی نەتەوەی کورد دووبەرەکی و بێگانە پەرستی  تیا نەبووە، وەکو سەرکردەکانی کورد لەشکری بیانی داگیرکەری وڵاتەکەیان پەلکێش کردبێ بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان. ئەم خیانەت و بێ ھەڵوێستیە لە سەرانی کوردا ڕوویداوە.

مێژووی ڕابردووی کوردستانی باشوور ئەوەی سەلماند کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لە شاخ و شەرعیەتی دەسەڵات لە شار بەرپرسیارن لە ھەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردا ھاتووە لە باشووری کوردستاندا. کە بوونە ھۆی کارەساتەکانی کیمیاباران و ئەنفال و شەڕی ناوخۆ و جینۆسایدی ئیزیدییەکان و وێران کردنی ھەزارەھا گوند و ڕاگواستنەوەی ھاوڵاتیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملیەکان و کوشتن و بێ سەرو شوێن کردنی ھەزارەھا کەس. ھێنانی سوپای بێگانە بۆ سەر خاکی کوردستان و بۆردومان کردنی بارەگا و ھێزی حیزبە کانی بەشەکانی تری کوردستان، ئەمانە مێژووی شانازی دەسەڵاتدارانی ئەم بەشەی کوردستان بوو.

لەنێو مێژووی ڕوداوەکانیشدا، مێژووی خیانەتەکان باشترین چەکی حیزبەکانە کە شەڕی یەکتری پێدەکەن.

سێ ساڵ تێدەیەڕێت بەسەر  ڕووداوەکانی (١٦)ی ئوکتوبەردا، پارتی ڕووداوەکە بە خیانەت ناودەبات و یەکێتیش بە ڕووداوێکی نەخوازراو و شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی دائەنێ. لەکاتێکدا حکومەتی عێراق لەبنەڕەتدا بە بیانوو بوو لە دەسەڵاتی کوردی بەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، دوای ڕیفراندۆم بەھانەی شەڕی لەدژی کورد بۆ پەیدابوو. سوپای عێراق بە بیانووی شەڕی داعش لە حویجە ھێزێکی زۆری لەسنووری کەرکوک ئامادە کردبوو، ھەر لەوکاتەدا بوو حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوکی کرد، حکومەتی عێراق دوای ئەوە دەستی بە بیانوو کرد، داوای لە پێشمەرگە کرد ئەو ناوچانە ڕادەست بکاتەوە کە لە شەڕی دژی داعش لەساڵی (٢٠١٤)ەوە دەستی بەسەرا گرتووە. ئێستاش کە شەڕی  داعش  کۆتایی ھاتووە دەیەوێت دەسەڵاتی کورد بگەڕێنێتەوە بۆ سنووری بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی (٢٠٠٣)دا . 
لەڕۆژی (١٥)ی ئوکتوبەر  پەرەسەندنێکی خێرا ڕوویدا بەسەردانی دوو فەرماندەی سوپای ئێرانی (حاجی ئیقبال پور و ئەبوعەممار ) بۆ میحوەری پێشمەرگە کە پێیان ڕاگەیاندن بەخۆش یان ناخۆش دەبێت پێشمەرگە ئەم شوێنانە ڕادەستی ھێزەکانی عێراق بکاتەوە ((١- سەربازگە کۆنەکانی کەرکوک، ٢- بیرە نەوتەکان، ٣- جادە دەوریەکەی کەرکوک تا گوندی کەڵوڕ لەنێوان پردێ و کەرکوک)). پێشمەرگە بە داواکانیان ڕازی نەبوو. لەبەر ئەوە بە فەرماندەی میحوەری پێشمەرگەیان ڕاگەیاند چاوەڕوانی ھێرش بکەن..

لەکاتێکدا مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە دوکان لە کۆبونەوەدا بوون بۆ وەستاندنی ھێرش. حکومەتی عێراق ، چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتی دەکرد بۆ ڕێکەوتن لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن. بەڵام ڕای جیاواز لەکۆبوونەوەکەدا ھەبوو دەربارەی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا. لەئەنجامدا کۆبونەوە کۆتایی ھات کە ھیچ وەڵامێکی نەبوو بۆ ڕاگرتنی ھەڕەشەکانی فەرماندە سەربازیە ئێرانیەکان.

لەکاتێکدا ململانێ ناوخۆییەکانی بەرپرسانی یەکێتی توندبوونەوە لەبارەی ھۆکارەکانی لەدەستدانی کەرکوک. پارتی ھێرشی توندی ئاڕاستەی لە ھەندێ سەرکردەکانی یەکێتی کرد و تۆمەتباری کردن بە خیانەت و ڕێکەوتن لەگەڵ حەشد و سوپای عێراقدا.

لە ڕۆژی (١٦)ی ئوکتوبەر ھێرش دەستی پێکرد بە سەرپەرشتی (قاسم سولەیمانی) و بەشداری سوپای قودسی ئێرانی و ملیشیاکانی حەشدی شەعبی و حیزبوللای لوبنانی و سوپای پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقی. بۆ تۆڵە کردنەوە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.

ھێزەکانی (٧٠)ی یەکێتی نیشتمانی پاشەکشەیان کرد، دوای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ حەشد و سوپای عێراقی، لە شەڕێکی نابەرامبەردا کە چەندەھا شەھید و برینداری لێکەوتەوە و ھێزەکانی (٨٠)ی پارتیش بەھەمان شێوە پێشتر کشانەوە ، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی دانیشتوانی کەرکوک و دەوروبەری ئاوارەی شارەکانی ھەرێم بوون، بەم شێوەیە کورد زیاتر لە نیوەی خاکەکەی لەدەستدا. ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتیدا بوو کە تورکیا و ئێران و تەنانەت ئەمریکاش پشتیوانی ئەوەیان کردووە کە دۆخی کەرکوک بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ساڵی (٢٠٠٣) . لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی ھەردوکیان یەکتر بە خیانەت کردن تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ھەردووکیان بەرپرسیارن لەو شکستە مێژووییە.

ئەم کارەساتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی سازدانی ڕیفراندۆمە ناوەختەکەی ھەرێمی کوردستان. کە بارزانی لە ھەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە دەربارەی ڕیفراندۆم ئاگادار کرایەوە، بەڵام گوێی بە ھیچ یەکێک لەو ھەڵوێستانە نەدا. ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا و ئێران بە فەرمی دژایەتی خۆیان بۆ سازدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند  ڕوسیاش ھەڵوێستی ڕوون نەبوو، تەنھا ئیسرائیل تاکە وڵات بوو پشتیوانی ڕیفراندۆمی کرد. لەگەڵ ناڕەزایی لەسەر ئاستی ناوخۆ و فشارەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاری خۆیدا لە (٢٥/٩/٢٠١٧)دا ئەنجام درا لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکانیش. بارزانی پشتی لە ھەموو ئەو ھۆشداریەی وڵاتان کرد لەبارەی سازدانی ڕیفراندۆم، بۆیە جیھان بێدەنگ بوو لە ھێرشی سوپای عێراق بۆسەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە (١٦)ی ئوکتوبەردا. حەیدەر عەبادی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە یادی سێ ساڵەی (١٦)ی ئوکتوبەر بڵاوی کردەوە کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، فەرماندرا بە ھێزە عێراقیەکان کەبچنە ناو کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ چەسپاندنی یاسا و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەنی ئیتحادی و ھەڵکردنی ئاڵای عێراق. ئەوەش دوای ئەوەی بەسەفقەیەکی سیاسی بازرگانی کراو و کۆنتڕۆڵ کردنی بیرە نەوتەکانی شار بۆ چەندان ساڵ گەندەڵکاران سوودیان لێ دەبینی.

لەسەر ئاستی ھەرێمیش لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ساڵ یادی (١٦)ی ئوکتوبەردا، یەکێتی و پارتی لە چەندین کات و وێستگەی جیاوازدا لاپەڕەکانی یەکتر ھەڵدەدەنەوە. بەرپرسانی حیزبی و حکومی و ھەتا پەرلەمانتاران ھاتنە سەرخەت بۆ تۆمەتبارکردنی یەکتر بە خیانەت و خاک فرۆشی.لە پەیامێکدا سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند "ئەو دۆخە نائاساییەی کە لەئەنجامی خیانەتی خاک فرۆشانەوە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر ھاتە ئاراوە جێگەی قبوڵ کردن نیە و ھەرگیز زامی خاک فرۆشان بیر ناچێتەوە، بەڵام خیانەتی بەزامترین ئەوەیە کە گەل خیانەتکار سزا نەدات، ڕووداوی خاک فرۆشتن و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە (١٦)ی ئوکتوبەردا زۆر جیاوازە لە (٣١)ی ئابی پیرۆز کە بڕیاربوو ئەوکاتیش ھەولێری کوردستان بەدەردی ئێستای کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان ببەن. ".

ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیدا وەڵامیان ئەوە بوو " کە (١٦)ی ئوکتوبەر دەرئەنجامی زنجیرەیەک پێشبینی ھەڵە و بڕیاری نەخەملیوی سیاسی و ستراتیژی بوو کە لە ڕیفراندۆمدا فۆرمەلە کرا. سەرشۆڕی بۆ چەواشەکاران و ئەوانەش کە ھەموو مێژووییان خۆ چەماندنەوە بوو، دەڵێین چاوێک بە مێژووی پڕ لە شەرمەزارییان بخشێنەوە کە خیانەت و کورد کوشتن و کورد فرۆشتنیان داھێناوە و پەلکێشی سوپای بەعسی فاشس بۆسەر پەرلەمان لە ھەولێر لە (٣١) ئابدا خیانەتی مێژووییە". پارتی و یەکێتی ھەریەکە بەشێوەیەک ڕووداوەکانی (١٦)ی ئوکتوبەرو (٣١) ئاب ھەڵدەسەنگێنن بەپێی عەقڵی سیاسی خۆیان و بێ ئاوڕدانەوە لەو میللەتەی کە لەماوەی (٢٩) ساڵی حکومڕانیدا ستەمی بەرامبەر دەکرێت. ئەوەش ڕوویدا لە ئەستۆی سەرکردایەتی حیزبە شکست خواردەکانی کوردستانە. ڕیفراندۆم و (١٦)ی ئوکتوبەریش کوردستانی خستە دۆخێکەوە کە کەس حەسودی پێ نابات، ھەموو دەستکەوتە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووریەکانی لە چاوتروکانێکدا لەدەستدا و لە ٥١% خاکی کوردستانی دا بەدەستەوە.

پەلاماری ملیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆسەر لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و سوتاندنی بارەگا و بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کە سمبولی نەتەوەیە و پەنا بردن بۆ دادگا ئەوە دەگەیەنێت (بێ دەسەڵاتی ، چەند شەرمە بۆ دوژمن سەر کز بیت و بۆ گەلەکەت چەوسێنەر).

چەمکی دەوڵەتی قووڵ باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، شکستی بە پڕۆسەی دەوڵەتی مەدەنی ھاوڵاتی بوون و ئینتمای بۆ نیشتمان ھێناوە. پارتی و یەکێتی تەنھا بەرژەوەندی کۆیکردوونەتەوە ، نەک یەکڕیزی و تەبایی، بۆ دابەش کردنی پۆست و پارە پێکەوەن، نەتوانرا جیاوازە سیاسیەکانی لەبنەمای دیموکراسی و عەقڵانی پراکتیزە بکەن. بەمەش وڵاتیان بەرەو قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی بردووە. کە بەھۆیەوە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان خستووەتە مەترسیەوە بەڕادەیەک کاری کردوەتە سەر سیکتەرەکانی ژیانیان لە ھەموو ڕوویەکەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ھەڵە و بێ پلانی و باوانخوازی و گەندەڵی ئەم حوکمڕانانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن