450وتار

مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە

9/22/2022 2:11:00 PM
ئەحمەد هەورامی

     كۆماری ئیسلامی ئێران نموونەیەكی فاشیل و ترسناك و تۆلیتاری دەسەڵاتدارییە لە جیهاندا، مێژووی كۆماری ئیسلامی پڕە لە تاوان و كوشتن و لەسێدارەدان و ڕفاندنی نەیارانی لە وڵاتانی ناوچەكە و تیرۆر كردنیان.

لەسەر ئاستی ناوخۆشدا پەیڕەوی سیاسەتی پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئازادی و یەكسانی و ڕادەربڕین و مافی ژنان و مافی نەتەوەكان تا قەدەغە كردنی لە مافی خوێندن بەزمانی خۆیان.

لەڕۆژهەڵاتی كوردستان مامۆستا زارا موحەمەدی لەسەر فێر كردنی منداڵانی كورد بە زمانی دایك ماوەی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، شلێر ڕەسوڵی ژنێكی دانیشتووی مەریوان لەبەرئەوەی ڕێگەی نەدا لەلایەن چەكدارێكی ئەمنیەتی مەریوان دەستدرێژی بكرێتە سەر لە نهۆمی دووەمی خانوویەكە خۆی هەڵدایە خوارەوە بەو هۆیەوە دوای شەش ڕۆژ بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەكی سنە گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵكی مەریوان لە ئاستێكی بەرفراواندا ناڕەزایەتی و ڕێپێوان شارەكەی گرتەوە.

ئێستاش مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی (هەمسا) سەرنجی میدیا جیهانیەكانی بۆخۆی ڕاكێشا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان چەندەها فیدیۆی كۆن و تازە دادەنرێنەوە كە مامەڵەی دڕندانەی پۆلیسی ئێران پیشان دەدات بەرامبەر خانمانی هاوشێوەی ژینا ئەمینی. ژینا ئەمینی كچە تەمەن (22) ساڵ خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ خێزانەكەیدا بەسەردان چوونە تاران، ڕۆژی 13/9/2022 لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لەلایەن پۆلیسی گەشتی ئیرشاد (ئاسایش ئەخلاقی) تارانەوە بەتۆمەتی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەر كرا، دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لەشەقامی وەزیران لە تاران گوێزرایەوە. ئەو كەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەر كرابوون بە میدیاكانیان ڕاگەیاندووە لەكاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە هێزی پۆلیس ئەشكەنجەی ژینایان داوە و دۆخی تەندروستی تێكچووە و بەهۆیەوە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (كەسرا) لە تاران، بەهۆی ئەشكەنجە دانیەوە بەسەختی  سەری بریندار بووە و لە ڕۆژی 16ی ئەیلول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و ڕۆژی 17ی ئەیلول لەشاری سەقز بەخاك سپێردرا.

كوشتنی ژینا ئەمینی درێژەی ئەو دۆخی سووكایەتی كردن و ئیهانە كردنی ڕۆژانەیە بە مرۆڤ دەكرێت لەو وڵاتەدا. 

ئەحمەد ئەمینی باوكی ژینا سەرلەبەری ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتكردەوە لە میدیاكانی نزیك لە حكومەتی ئێران بەتایبەتی قسەكانی ئەحمەدی حیدری وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لەبارەی هۆكاری  مردنی كچەكەی، ڕایگەیاندووە كە ژینا بەهۆی نەخۆشی سەردەمی منداڵی گیانی لەدەستداوە، باوكی ژینا دەڵێت كچەكەم هیچ نەخۆشیەكی نەبوو ئەوان (بەرپرسانی ئێران) درۆ دەكەن.

موژگان ئەمینی دایكی ژینا بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە كە كچەكەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

پەیوەندی ڕەئیس سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ باوكی ژینا و لابردنی ئەفسەری گشتی ئیرشاد لەسەر كارەكەی نابێتەهۆی دەربازبوونی حكومەتی ئێران لەتاوانی كوشتنی ژینا ئەمینی و كوشتن و لەسێدارەدانی هەزارەها هاوڵاتی ئێرانی و كورد لە زیندانەكانی ڕژێمە داپڵۆسێنەرەكەی ئایەتوڵلاكان.

كۆمەڵێك لە چالاكوانی مەدەنی و ڕێكخراوەكان و حیزبە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئەشكەنجەدانی ژینا ئەمینی یان ئیدانە كردو داوایان لە خەڵكی ئازاد خواز و مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكارانی بازاڕ و هەموو توێژەكانی تر لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد پەیوەست بە مانگرتنی ڕۆژی دووشەممەی 19/9/2022وەبن.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لەژێر هەڕەشەدان و ئاسایشیان پارێزراو نییە.

ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ئاشكرایان كردووە توندو تیژی بەرامبەر ژنانی ڕۆژهەڵات بە ڕابردوو زۆر زیادی كردووە. بەپێی زانیاریەكانی ڕێكخراوی هەنگاو تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە لە (24) شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان خەڵكی لە شارەكانی (ئیلام، ئاودانان، مەلەكشاهی، كرماشان، ڕوانسەر، جوانڕۆ، پاوە، كامیاران، سنە، دیواندەرە، قوروە، مەریوان، سەقز، بانە، دیولان، بیجار، پیرانشار، سەردەشت، مەهاباد، بۆكان، تیكاب، ئورمیە، شنۆ، كۆتول) بەشێوەیەكی بەرفراوان لە مانگرتندا بوون. هاوكات لەگەڵ مانگرتن لە (14) شاردا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان تێدابووە بەرامبەر كوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە. لە ڕۆژهەڵات ( پۆلیسی ئەخلاقی ئیرشاد ) بە مۆبایل هەڕەشە لە دوكانداران كراوە كە ماننەگرن. خەڵك ڕژانە سەر شەقامەكان بەڵام بەهێرشی تەقەی هێزە ئەمنیەكان (8) هاوڵاتی كوژراوە و (450) هاوڵاتی بریندار بوون كە لەمانە (42) كەسیان ژن و (24) كەسیان منداڵ بوون و زیاتر لە (320) هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە ڕفێنراون و دەستبەسەر كراون، ئەم ژمارانەش بەپێی ڕووداوی ڕۆژانەی ناڕەزایەتیەكان لە هەڵكشاندان.مردنی ژینا بوە یەكێك لەو ڕوداوانەی گۆمی مەنگی ناڕەزایەتیەكانی لە ئێران شڵەقاند بەبێ‌ جیاوزی نەتەوە و ڕەگەز زۆرینەی گەلی ئێران بۆ ئەو ڕوداوە هاتنە دەنگ خۆپیشاندان شارەكانی تاران و هەمەدان و قەزوین و تەبرێز و مەشهەد شیراز  و ساری گرتەوە، گەورەترین وێنەی خامنەییان سوتاند، خۆپیشاندان لە زانكۆی شەهید بەهەشتی لە تاران و لە زانكۆی زانستی پزیشكی لە تەبرێز و خوێندكارانی زانكۆی كەرەج بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی كوشتنی ژینا ئەمینی ئەنجامدراو داوایان كرد پێویستە كوشتنی ژنان لە ئێران ڕابگیرێت.

كاردانەوە لەبارەی كوشتنی ژینا ئەمینی بەردەوامە، لەسەرئاستی نێودەوڵەتی كۆشكی سپی ئەمریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕووداوی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بە كارەسات و بە پێشێلكاری یەكی ئاشكرای مافی مرۆڤ ناوبرد و داوای لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكات كە بەرپرسیار بوون لەو كارە.
ئەنجوومەنی نەتەوە بەكگرتووەكان گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەپێشێل كردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانی مافی ژنان دەئەنرێ‌.

یەكێتی ئەوروپا كوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە ئیدانە دەكات. ڕێكخراوەكانی مافی ژنان گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەتاوانێكی گەورە دائەنێن كە بەرامبەر هاوڕەگەزەكانیان دەكرێت.

مەهدی كەروبی یەكێك لە ڕێبەرانی ڕەوتی سەوز لە ئێران كاردانەوەی بەرامبەر كوشتنی ژینا ئەمینی نیشاندا و لە بەیاننامەیەكدا ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئێران گرت بە ڕێبەرایەتی عەلی خامنەیی، مەهدی كەروبی سەرۆكی پێشووی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت ئەم وڵاتە تەنیا موڵكی كەسێ‌ نییە و ناكرێ‌ هەموو شتێك وەكو شەرع و یاسا و ئەخلاق ببێتە قوربانی دەسەڵاتداریەتی تاكە كەس.

مەهدی كەروبی دژایەتی خۆی لەگەڵ باڵاپۆشی زۆرە ملێ‌ ڕاگەیاندووە بەوەی باڵاپۆشی زۆرە ملێ‌ دوای شۆڕشی ئیسلامی هەوڵێكی نا یاسایی و نابەجێ‌ بوو.
هاوكات بەشێك لە پیاوانی ئاینی ڕیفۆرمخواز لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسانی باڵای ئێران لەوانە علی خامنەییان بە بەرپرسی مردنی ژینا ئەمینی زانیوەو دەڵێن هاندان بۆ چاكە و دوورخستنەوە لە خراپە (الامر بالمعروف و النهی عن المنكر) بووەتە ئامڕازی كۆیلە كردنی خەڵك و ئەو كەسانە لە كۆتایی بەیاننامەكەیاندا داوای نەهێشتنی گەشتی ئیرشاد (هێزێكی تایبەتە بۆ سەپاندنی باڵاپۆش) دەكەن، دووپاتیان كردووەتەوە ئاسایش و پێشكەوتنی ئێران پەیوەستە بە نەمانی حكومەتی ستەمكاری ئایینی. 

بەهمەنی قوبادی دەرهێنەر و سینەماكاری ناوداری كورد، داوای پشتیوانی بۆ كوردانی ڕۆژهەڵات دەكات لە بەرپرسان و لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیا و كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتەنیا جێ نەهێڵن و هاوكاریانبن، ئێمە ئەویندار و برای ئێوەبن، ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە پشت و پەنامان بن و هەڵوێستیان هەبێت !لە باشوری كوردستان كاردانەوەكان دژی كوژرانی ژینا لاواز بوون پێویست بوو لە باشوری كوردستانەوە هەڵوێستی جدی و بەرفراون هەبوایە بەو تاوانەی كە دەرهەق بە ژینا ئەنجام درا  مەرگی ژینا ئەو بوومەلەرزەیە بوو دەسەڵاتی ئێرانی هەژاند،
ئیتر با بەس بێت كوشتن و ڕفاندن و ڕیسوا كردنی ژنان.  


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن