بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات؟
3/9/2024 11:09:00 AM
ئەحمەد هەورامی
بۆهەڵسەنگاندنی
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئینستیتوتی پەی/ ڕایگەیاند بە پێی بڕیاری دادگاکە
پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانی لە پرسە چارەنوسازەکانی خەلکی کوردستاندا
نابێت "چیتر مەرجەعی خەڵکی کوردستان نابێت" ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو
خواستەی کە چیتر هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی نەمێنێ و ئەمەش سەرەتای
نەمانی فیدراڵیەتە.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر سەندنەوەی مافی فرۆشتنی نەوت و
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و
هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایان و خانەنشینان و فەرمەنبەران وەك هاوپیشەکانیان لە
بەغدا و بەنیشتیمانی کردنی دابەش کردنی مووچە ، ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی
پاساوی خۆی هەیە ! یا نابەرپرسیارێتی حوکرانانی هەرێم هۆکارن !
بڕیارەکانی
دادگای فیدراڵی ، بڕیاری دادوەرین کە بەپێی دەستور دەرکراون بەپێی دەسەڵاتەکانی
دادگا ، کە لەمادەکانی (٥٢ و ٩٣) دیاری کراون ، کە بڕیاری چەسپاندن و جێبەجێ کردنن
، بەپێی دەرکردنیان لەسەر هەموو دەسەڵاتەکانە بۆ جێبەجێ کردنیان بەپێی ئەحکامی
مادەی (٩٤) لەدەستور ، جێبەجێ نەکردنیان سەرپێچی دەستورە . بڕیارەکانی دادگای
فیدراڵی یەکلا کەرەوەن ناکرێ جێبەجێ نەکرێن.
ئینستیتوتی
پەی بۆ پەروەدە و گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر پەرلەمان وەک مەرجەعی خەڵکی
نەمێنێت ، دەبێت بڕیاری ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٠٥)ی پەرلەمانیش هەڵبوەشێنرێتەوە کە
تیایدا هاتووە پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوریە بۆ بڕیاردان
لەسەر برسە چارەنوسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق . ئەوەشی خستۆتە ڕوو ئەو بڕیارە
لە کاتێکدا خەباتی سیاسی بەشێکی گەورەی لایەنە سیاسیکانە لە هەرێمیدا ، ئەوە بوو
پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی باڵا بوو لە پرسەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی هەرێم و دەستور.
پەیوەندیکانی نیوان هەڕێم و فیدراڵ چەندانی بابەتی تر لە ژێر سەقفی
پەرلەمان یەکلای بکرێتەوە .
بە
بڕوای ئینستیتوتی پەی ((پەیامەکانی پشت ئەم بڕیارە زۆر لەوە گەورەترە تا لە بری
یاسای هەڵبژاردندا بچوک بکرێتەوە)) چونکە جیا لە بریارەکانی دیکە کاریگەری بەرچاوی
لەسەر پێگەی چارەنووسی هەڕێمی کوردستان دەبێت و لێکەوتەکانی ئایندەی قەوارەی سیاسی
هەرێم دیاری دەکات ، ئەوەش دەگەێنێ کە تەنها ڕکەبەرەکانی کورد پەنا نابەنە بەردەم
دادگای فیدراڵی بۆ گەیاندنی داوا دژ بەحکومەتی هەرێم ، بەڵکو لایەنە سیاسیەکان و
مامۆستایان وفەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ بەدی هێنانی مافە
دەستوریەکانیانكە لە هەرێم دا زەوتكراون و حكومەتی هەرێم بێ باكە لە جێبەجێكردنی
مافەكانین ، پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببرێت کە چارەنوسی داوا کارییەکانیان دیاری
بکات و وەک پارێزەری مافە دەستورییەکانی گەلانی عێراقی لێی بڕوانێت .
بڕیارەکانی
دادگای فیدراڵی درێژە پێدەری کۆمەڵێک بڕیار و یاسا و هەنگاوە کەلە ڕابردوودا دراون
بۆ لە قاڵبدان و بچوک کردنەوە و کەرت کردنی قەوارەی هەرێم . کە ئەمەش بۆ ئەو
خواستەیە کە چیتر هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی نەمێنێ .
پرسیار
ئەوەیە ، ئایا لە هۆکاری بنەڕەتی ئەم ڕووداوانە تەنها نەیارەکانی بەغدان ؟ یان لە
ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە سکاڵایان تۆمار کردووە ؟ یاخود بنچینەی هەڵەکانی خودی
هەرێمە لە دوای چارەسەر نەکردنی کێشەکان وەك ،بڕینی مووچە و سیستەمی هەڵبژاردن و
قەیرانەکان و چەندانی تر ؟
دەبێ
ئەو ڕاستیە بزانین بەشێکیان جگە لەوەی ویستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیان
لە پشتەوەیە ، بەشەکەی تری دەرئەنجامی بنبەستی سیاسی هەرێم و نەمانی شەرعیەتی
دامەزراوەکانی و نەبوونی حکومەتێکی نیشتیمانی یەکگرتوو و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لە
هەرێمی کوردستاندا هۆکاری سەرەکیە ، سەرباری ئەوەی بەشێکی هێزە سیاسیەکان
تاکڕەوانە هەنگاویان دەنا ، لە بری ئەوەی ململانێکانیان ببەنە ناو پەرلەمان . کەچی
بۆ دەست شکاندنەوەی یەکتر هانایان بۆ بەغدا برد ، لەکاتێکدا عێراق بۆ خۆی بەدەست
دەیان کێشەی دەستوری و سیاسیەوە دەناڵێنێ ، لە ناو ئەم بەرداشەدا هاوڵاتیانی هەڕێم
و ئەزموونەکەی زەرەرمەندی یەکەم بوون ، کە ناچارکران بۆمافەکانی و قوت و ژیانیان
هانا بۆ بەغدا ببەن .
ئێستاش
حکومەتی هەرێم بە ناچاری دەبێ ڕازی بێ بەوەی بەسەریدا سەپێنراوە ، چونکە
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەستوریە و بەپێی مادەی (٩٤)ی
دەستور پابەندکارە و قابیلی تانە و پێداچوونەوە نیە ، تەنها دەبێ جێبەجێ بکرێت .
هەرێمی
کوردستانیش لە دوای ڕاپەڕینەوە خاوەنی سەربەخۆییەکی سیاسی و ئیداری فراوان بوو
دواجار شێوازی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتی عێراقدا هەبوو ،یەکێك لە کێشە
سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان باڵا دەستی ئەو عەقڵیەتە سیاسی حکومرانە بوو .
لەهەمان مۆدێلی مەرکەزی بوونی دەسەڵاتیان لەهەرێمی کورستاندا پیادە کرد . ئەوەی
ئێستا دەیبینین ئەو پاشا گەردانی و بێسەروبەرییە لە هەرێمدا دەگوزەرێت ، ئاسۆی
بینینی لای تاکی کورد ڵێڵ کردووە ، تا ئاستێک دۆست و دوژمنی ڵێ تێکەڵ ئەبێت و
سەرکەوتن و شکست لەیەک جیاناکاتەوە ، پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لە بری
پاراستنی شوناسی کورد و سەروەری نیشتیمان خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییە
تایبەتیەکانی خۆیانن . دەبێ لەو ڕاستیە بگەن ئەو شێوازە حکومڕانیەی تا ئێستا لە
هەرێمدا پەیڕەویان کردووە شکستی خواردووە ، خەریکە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە
ئەزمونەکەی هەرێم و لەبار بردنی و بەفیڕۆدانی خەبات و قوربانیدانی قۆناغێکی
بزوتنەوەی ڕزگاری کوردستان .