گەشتە بێ ئاكامەكانی سەركردەیەك (( عەبدولڵا ئۆجەلان))
10/22/2023 4:31:00 PM
ئەحمەد هەورامی
"بریتا بولەر " پارێزەری عەبدولڵائۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانی باكوور بەڕەگەز ئەڵمانی دەڵێت ، بەر لە نۆفەمبەری (1998) كەم كەس ناوی عەبدولڵائۆجەلان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكەی) نەبیستووە، هەروەك چۆن دیسان كەم كەسیش بایەخێكی ئەوتۆی بە بارودۆخی كوردەكان لە عێراق و توركیادا نەدابێ كە ساڵانێكی رەبەقە بێ ئاكامێكی ئەوتۆ لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی خۆیاندا دەجەنگن.
لە پیلانگێڕیەكەی (9ی/تشرینی یەكەمی/1998) دا، سەرۆك ئاپۆ دەڵێت ، من دیلی توركیانیم بەڵكو دیلی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتیم كە پرۆسەكەی لە سوریاوە دەستی پێكرد بۆ ئیمزای و گەورەترین پیلانگێڕی كلادیوی ناتۆیە لەمێژوودا.
جەمیل بایك لە پەرتووكی " مێژوویەك لە ئاگردا" دەڵێت ، دوای ڕوخاندنی حوكمی محمد ڕەزا شا لە ئێران دەست بەسەرهەندێ بەڵگە لە بالۆێزخانەكاندا گیرا ، یەكێ لەو بەڵگانەكە كونسوڵخانەی ئەدەنە بۆ سەفارەتی ئەمەریكای لەتاران دەنێرێت تێیدا نوسراوە كە چەپی تورك و گروپەكوردیەكان نەبۆ ئێمە نە بۆ توركیا مەترسیدارنین، بەڵام تەڤگەرێك هەیە بەناوی (ئاپۆجی) تادێت ئەو تەڤگەرە گەشە دەسێنێت و بەهێز دەبێت ، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، پێویستە لە بەرامبەر ئەو تەڤگەرەدا هەندێ ڕێگا بكرێتەوەبەر.
كاتێك عەبدوللائۆجەلان لە سوریا بوو لە (9ی/تشرینی یەكەم/ 1998) دا نەخشەی پیلانگێرییەك بۆ ڕفاندنی و ڕادەست كردنەوەی بە توركیا لە لایەن بەریتانیاو ئەمەریكاوە بەسەرپەرشتی سیخورەكانی (میت و موساد و CIA) داڕێژرا.
سلیمان دێمیرێل سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی توركیا لە پەرلەماندا بڕیاری بەكارهێنانی هێزی دەكرد دژی سوریا، لە دۆخێكدا كە ئۆجەلان لە خاكەكەی دەرنەكات هێزی سەربازی دژی بەكاردەهێنرێت، هەر لەوسەروبەندەدا ئەمەریكا و ئیسرائیل و توركیا هێزێكی سەربازی هاوبەشیان لە دەریای ناوەڕاست مۆڵداو موشەكی گەورەو دوورهاوێژیان جێگیر كردو پیلانێكیان داڕشتبو كە ئۆجەلان لەسوریا دەربچێت و بیخەنە تەڵەوە.
دواجار ئۆجەلان بە ناچاری سوریای بەجێهێشت بەرەو یۆنان، هەر بەگەیشتنی بە یۆنان لە فرۆكەخانە داوای لێدەكەن كە یۆنان بەجێ بهێڵێت. بە ناچاری ڕوو دەكاتە ڕوسیا، بەڵام لەوێ بۆی ڕوون دەبێتەوە كە ڕوسیاش بەشێكە لەپیلانگێڕیەكەو جێگای ناكەنەوە ، ناچار ئۆجەلان بەرەو ئیتاڵیا دەڕوات و لە ڕۆما دەگیرسێتەوە .ئەم سەردانەی ئۆجەلان لەچەندین لایەنەوە ئیتاڵیای خستە نێو ڕەوشێكی قورسەوە لەسەر ڕادەستكردنەوەی ئۆجەلان بەتوركیا ئیتاڵیا لەژێر فشاری یەكێتی ئەوروپا عەبدوللائۆجەلان ناچاردەكات وڵاتەكەی بەجێ بهێڵێت ، جارێكی تر بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ ڕوسیا لەوێشەوە دەچێتەوە بۆ یونان، پیلانگێڕیەكە لە یۆنانەوە گەیشتە لوتكە هەموو ڕێگا كان لە ئۆجەلان داخران، لەوێوە بەناوی ڕەوانەكردنی بەرەو هۆڵەندا ئۆجەلان دەبرێتە نایروبی پایتەختی كینیاو دەچێتە بالۆێزخانەی یۆنان.
خەڵكی یۆنان بەدڵێكی گەرمەوە پشتیوانی لەمەسەلەی كورد دەكەن دژ بەتوركیا، مەسەلەیەك كە باوباپیرانی خۆیان تەنها یەك سەدە لەمەوبەر هەمان تێكۆشان و خەباتیان لە دژی توركیا بۆ هەمان مەبەست بەرپاكرد، وێرای ئەوەی پشتیوانی لە خودی ئۆجەلان و پەكەكە لەیۆناندا زۆرگەورەیە، بۆیە حكومەتی یۆنان لەلایەن چەكانەوە و ڕاستەكانیشەوە سەرزەنشت كراو بەرپرسیاریەتی ئەوەی خرایە ئەستۆ كە ئۆجەلان بەدیاری پێشكەشی بە دوژمنی خوێنە خۆری وڵاتەكەیان كردوە.
هەواڵگری كینیا دێت بۆ باڵوێزخانەی یۆنان ڕاستەوخۆ ئەوەی بە كۆستاولاس بالوێزی یۆنان وتوە كە دەبێت ئێستا ئۆجەلان لە كینیا نەمێنێت، ئەگەر بێتو ئۆجەلان لە گەڵیاندا نەیەت ئەوە ناچار دەبن بەهێز بێنە نێو بالوێزخانەكە و ئۆجەلان دەستگیربكەن یاخود بیكوژن.
بەم جۆرە كوستاولاس داوای لە ئۆجەلان كردوە كە بەگۆییان بكات و لە گەڵیاندا بەرەو فرۆكەخانە بڕوات ، باڵوێز لەو باوەڕەدابوو ئۆجەلان بەرەو هۆڵەندا دەبەن ، بەڵام كاتێك ئۆجەلان هەواڵەكانی لەگەڵ باڵیۆزەكەدا بە ئۆتۆمبێلی باڵیۆزەكە خۆی لە باڵیۆزخانەكە دێنە دەرەوە و سەیر دەكەن چوار ئۆتۆمبێل لە جۆری جێب لە دەرەوەی وەستاون، پۆلیسە كینییەكان ئوتومبێلی باڵیۆزەكە ڕادەگرن و زۆر لە ئۆجەلان دەكەن كە دابەزێت لەگەڵیاندا بڕوات بەڵام كاتێك (كۆستا و لاس) و هەواڵەكانی ئۆجەلان داوای ئەوە دەكەن كە لەگەڵ ئۆجەلان دابن لە لایەن پۆلیسەكانەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت و پێیان دەڵێن لە فڕۆكەخانە یەكتر دەبینینەوە. لەم نێوەندەدا ئۆجەلان دەخرێتە نێو یەكێك لە جێبەكان ودەرگاكە دادەخەن و ئۆتۆمبێلەكە بە خێرایی لێ دەخو لێدەدا و بەرەو فڕۆكەخانە دەڕوات.
عەبدوللائۆجەلان لە سەر زاری خۆی باس ئەو چركەساتە دەكات "(ڕۆژی /15ی/ شوباتی/1999) هێزەكانی كینیا ناچاریان كردم كە سواری ئەو ئۆتۆمبێلە ببم كە بۆیان ئامادە كردبووم بەرەو فڕۆكەخانەی سەربازی بەڕێ كرام و بەدەرزی بێهۆش كرام، كاتێك بە هۆش هاتمەوە لەناو فڕۆكەخانەیەك بووم كە كارمەندی (مووساد و CIA) تێدا بوو بە چەكی ئۆتۆماتیكییەوە، دواجار هێزی تایبەتی توركیا بەسەرمیان دا و چاویان بەستمەوە و هەموو شتەكانیان لێ سەندم و گرێیان دام، فڕۆكەكە دوو جار نیشتەوە جارێك لە میسر و جارێك لە ئیسرائیل یان قودس منیان بە كەشتی بەرەو دوورگەی ئیمڕاڵی هێنا. كات (بەرەو بەیانی 16/ شوبات) بوو.
جوادئونیش یەكێك لە كار بە دەستەكان و جێگری سەرۆكی میت بە كەناڵی ئێن تیڤی توركی ئەوەی ڕاگەیاند ئۆجەلان لە لایەن ئەمریكییەكانەوە قۆڵبەستكرا و ڕادەستی دەسەڵاتی توركیا كراوە بۆ دادگایی كردنی.
وێڕای پەیوەندی تێوەگەلانی یۆنان و كینیا و ئەمریكا لە لایەن زۆر كەسەوە باس لە ڕۆڵ و تێوەگەلانی موساد ئیسرائیلی دەكرێت، ئەم پاگەندانەش لەلایەن سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیاوە (نەجات بلیجان) جەختی لەسەر كرایەوە و (بلیجان) باس لەوە دەكات هەر لە سەرەتای كارەكەوە زۆر بە وردی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بووە و بە شوێن ئۆجەلاندا گەڕاوە. موساد بەردەوام زانیاریی تایبەت بە شوێنی مانەوەی ئۆجەلان پاش ڕۆیشتن لە ڕۆما بە توركەكان داوە، لە دەستگیركردنی ئۆجەلاندا دەبێت سوپاسێكی زۆری موساد بكرێت كە ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گرنگی هەبوو، ئەمە لێدوانی بلیجانە. وێنە دڵتەزێنەكانی ئۆجەلان بەدیلی و بە بەنجكراوی و چاو بەستراوی لەنێو فرۆكەیەدا كە بەرەو توركیای دەبرد و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیدا، پاشان وێنەی ئۆجەلان بەدەست بەستراوی لە بەردەم ئاڵای توركیا بە دڵنیایەوە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ تەنها منی دانەچڵەكاندوە، ئەمە لەلایەك و پرۆسەی دادگای كردنەكەش لە لایەكی دیكە، پرۆسەیەك كە دەرئەنجامەكانی هەر لەسەرەتاوە دیاری كرابوون، پرۆسەك كە ئەنجامی ئەوە نەبوو بڕگەو یاساكانی بچەسپێت ، هێندەی ئامانجی ئەوە بوو كە لەژێریاسادا بەرهەڵسكارێكی سیاسی پەراوێز بخات.
خودی ڕووداوەكانی ئەو گەلەكۆمەكە نێودەوڵەتیە لە كورد بەگشتی و لە كوردی باكور بەتایبەتی ئەنجامدرا و هاتنە سەرشەقامی دەیان و سەدان و هەزار كوری هەر چوارپارچەی كوردستان لە وڵات و لە تاراوگەو لە دەیان شوێنی تری دونیادا، تاوانی ئاشكرای دوژمنانی كورد دەریخەن.
لە كاتی دەستگیركردنیەوە ئۆجەلان خرایە زیندانێكی تاكە كەسی لە دوورگەی ئیمڕاڵی لە دەریای مەڕمەڕە لە توركیا ئۆجەلان تاكە كەسی زیندانیكراوی ئەو شوێنە بوو. زیندانییەكانی تر گوێزرانەوە بۆ زیندانەكانی دیكەی توركیا زیاتر لە هەزار سەرباز بۆ پاسەوانیكردن لە ئۆجەلان دانران.
لە ڕۆژی (29/ حوزەیرانی/1999) دادگا فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ ئۆجەلان دەركرد، بەڵام دادگای توركیا لە (كانوونی دووەمی/2000)دا فەرمانی لە سێدارەدانی ئۆجەلانی دواخست تاكوو دادگای مافەكانی مرۆڤ لە یەكێتیی ئەوروپا پیاچوونەوە بۆ بڕیارەكەی دەكات. لە ( ئابی/2002)دا توركیا سزای لە سێدارەدانی لە وڵاتەكەی نەهێشت و هەر بۆیە لە (تشرینی یەكەم) سزای ئۆجەلان گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
بریتابولەر پارێزەرەكەی ئۆجەلان وتی، هەر كەسێك لەمە زیاتر لە توركیا چاوەڕوان دەكات بێگومان سەری خۆی بە دیواردا بماڵێت، ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ نموونە هەوڵیان دەدا نوێنەری خۆیان بۆ دادگا ڕەوانە بكەن، لە لایەن توركیاوە پێیان دەگوترا ((بڕۆن بە لای كاری خۆتانەوە)) چونكە ئەوان هەمیشە دەڵێن كە دادگایی كردنی ئۆجەلان كارێكی ناوخۆی توركیایە، هەر بۆیە بەم بیانووەشەوە ڕێگا بە پارێزەر و چاودێران و تەماشاكەرانیش نادرێت لە كاتی پرۆسەی دادگاییەكەدا ئامادەبن.
ئێمە دڵنیاین لەوەی فاكتەرە سیاسییەكان ڕۆڵێكی هەروەها كەم و بێ بایەخیان نابێتە لەسەر ئایندەی ئەو ئۆجەلان چونكە ئەو خۆی بە سەرۆكی بزووتنەوەی ڕزگاری كورد دەزانێ. نەك تەنها لە توركیا بەڵكوو لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیادا وەك تیرۆریست ناوزەندكراوە، ئەمیش بە شێوەیەكی نێگەتیڤانە كار دەكاتە سەر كەسایەتی ئۆجەلان كە دژی چاوساندنەوەی توركیا شۆڕش بەرپا كردووە، پێویستە لەو بارەیەوە بەراوردێك لە نێوان ئەم دۆزە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازەكانی دیكەی وەك (عەرەفات و مەندێلا) بكەین كە تا ماوەیەكی زۆر مۆركی تیرۆریزم بەنێو چاوانیاندا لێكێنراون ئەمە ڕێگەیەكی زۆر درێژ و ئاڵۆزە كە كەسێك لە تیرۆریستەوە بگۆڕێت بە كەسێكی شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بێت.
دوایین دیدار كە دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگەیان بە پارێزەرانی ئۆجەلان دا سەردانی بكەن ساڵی (2017) بوو دوایین دیداریش كە ئیدارەی زیندانەكە ڕێگەی بە پارێزەرانی دابێت پەیوەندی تەلەفۆنی بوو لە مانگی (2ی /2020) لەو كاتەوە تا ئێستا گۆشەگیر كراوە هیچ پەیوەندییەك و دیدارێك لەگەڵ ئەنجام نەدراوە، جگە لە سەردانەكەی (هاكان فیدان) سەرۆكی ئەو كاتی میت بۆ لای ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی لە كاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری توركیادا، كە داوای لە ئۆجەلان كرد كە (پەكەكە و هەدەپە) ڕازی بكات بەوەی دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بدەن بۆ سەرۆك كۆمار ئەویش بە كۆمەڵێ مەرج و وەڵامی دا بوویەوە و سەردانەكەش بێ ئەنجام بوو.
بە دەستگیركردنی ئۆجەلان ئەو خەیاڵەی توركیا بۆ كۆتایی هێنان بە پەكەكە و جوڵانەوەی ڕزگاری كورد لە باكووری كوردستان هەر نەهاتە دی بەڵكو بیری ئۆجەلان لە زیندان فراوانتر بوو. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە زیندانیكردن، نەك هەر بیری ئۆجەلان كاڵ نەبووەوە، بەڵكو ئۆجەلان تێزەكانی بۆ ژیان و ئازادی فراوانتربوو.