506وتار

دادپەروەری یا هەموو شتێك بسووتێ‌!

12/19/2020 11:30:00 AM
ئەحمەد هەورامی

چۆن ئەمڕۆ پەتایی كۆرۆنا ئاڕاستەی دونیای بەرەو گۆڕانكاری خێرا بردووە، بە بێكاربوونی ملیۆنەها كەس و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا. لە كاتێكدا دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم سەختی كۆرۆنا و قەیران و هەژاری و بێكاری وبێ‌ مووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری ژیان دەگوزەرێنن. ئەمەش كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان داناوەو خەریكە باری سەختر و مەترسیدارتر دەخرێتە سەر ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.


دەسەڵاتداران بەشێوەیەكی سیستماتیك داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە فەرهوود دەكەن و كوردستان لە قەیرانێكەوە بۆ قەیرانێكی تر پەلكێش دەكەن و گرفتارە سیاسی و ئابووری ئیدارییەكان تا دێن قوڵتر دەبنەوە، بەڕادەیەك كاری كردووەتەسەر سێكتەرەكانی ژیانی هاوڵاتیان. ئێستا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێت و خەڵكی بەئەندازەیەكی زۆر نائومێدو بێ‌ هیوا و توڕەیە لە سیاسەتی پڕ هەڵەی ئەم دەسەڵاتە بەهۆی گەندەڵی و بێباكی و ناپەرپرسیاریەتی حوكمڕانانی.
حوكمڕانیەك بەتەواوی لەهەڵپەی تاڵانی و دزینی سامانی گشتی و زەوت كردنی مافەكانی هاوڵاتیاندا بێت بەهیچ شێوەیەك لە تاوانەكانی سڵا ناكاتەوە. 


ستەمكار پشت بە بێ‌ دەنگی مەزڵوم دەبەستێ‌ و درێژە بە ستەمكاری دەدات، ئەگەر كۆمەڵانی خەڵكی بەهۆی ترس و تۆقاندن و بڕینی مووچە و برسیكردن سەریان دانەواند ئەوا ستەمكاری و دیكتاتۆری زیاتر پەرەدەسێنێت.

فاكتەری دروستبوونی سەرهەڵدانی نەهامەتیەكانی خەڵك و پرس بوونیان تا نزیك مەرگ، ڕۆڵەكان و گەنجانی خوێن گەرم ڕاپێچی سەرشەقام و بەردەم فەرمانگەو بارەگا حیزبیەكان دەكات لە پێناو دەستەبەركردنی مافە زەوت كراوەكانیان.
ڕژانە سەرشەقامی لاوان بۆ خۆپیشاندان بۆ گەیاندنی پەیامی تووڕەیی و ناڕەزایەتیەكانیانە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمكار، خۆپیشاندان بۆ شەڕی نان و بژیوی ژیان و مووچە داهاتی میللەتە، شەڕی دژی ئەو دونیا ناشیرینەیە كە سەركردە مافیەكان لە مێژووی دەسەڵاتیان بونیاتیان ناوە. 

ئێستا نەوەیەك درستبووە نەفرەت لە ژیانی ناو ئەو دونیایە دەكات كە پڕە لە گەندەڵی و ئیهانەكردن و هەژاری و بێكاری و بێ‌ مافی، نەوەیەك بەرهەمی ئەم ناشیرینەیەكە ساڵانێكی زۆرە لەژێرە سایەی ئەم دەسەڵاتە ستەمكارەدا ژیان دەگوزرێنن.
نەوەیەك ئەمڕۆ لە شارەكانی هەرێمدا بە زمانی سوتاندن و ئاگرتێبەردان و بەردباران و بێباكی لە مردن، هاوار دەكات، تۆڵەی ئەو بێ‌ هەستی نا بەرپرسیاریەتیەی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەك دەكاتەوە، چاویان بە هیچ نابینێ‌ تەڕ و وشك پێكەوە دەستووتێن، ئەمەش تووڕەی تەنها گەنج نییە، بەڵكو تووڕە و بێهوایی زۆرینەی كۆمەڵگایە.


ئەم تووڕە بوونە، تووڕەی نەوەیەكی خوێن گەرمە كە دەبێ‌ داواكانیان بهێنرێتە دی، وازهێنانیان نییە ئەمجارەش بەزەبری هێز و ڕاونان و گرتن و كوشتن بیان وەستێنن لە وێستگەیەكی ترەوە سەرهەڵئەدەنەوە.

ئەو خۆپیشاندانەی ئەنجام درا كە بارەگا و بینای حكومەتی تیا سوتێنراو پەلاماری خەڵكی درالە ئەنجامی سیاسەتی (29) ساڵەی حوكمڕانی چەتەكانی دەسەڵاتەكە هەزارەها تاوانی زۆر گەورەتریان بەرامبەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردووە.
خۆپیشاندەران گێرەشێوێن نین، بەڵكو ئەوانە گێرەشێوێنن كە فەرمانی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران دەدەن. 


زانایانی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر خۆپیشاندانەكان ڕایانگەیاند، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی دژی گەندەڵی مافێكی یاسایی و داوایەكی رەوایە بۆ مەبەستی چاكسازی ڕیشەی و زەوت كردنی مافی هاوڵاتیانە، كوشتنی خۆپیشاندەر تاوانێكە گەورەترە لە رووخاندنی كەعبەی پیرۆز، مرۆڤەكان لە خانوو و كۆشك بە نرخترن هاوسۆزین لەگەڵا كەسوكاری شەهیدان و جەرگ سوتاوان.


لە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەدا هاوڵاتیەكی بەتەمەن بەشداری خۆپیشاندان كردبوو، لێیان پرسیبوو لە بارەی بەشداربوونی، لە وەڵامدا وتبووی ((من نە خاوەنی دەستی ئاگرین و نە پێی ئاسنینم پێوە بیوەشێنم، من نەوتم نییە بیكەم بە ئاگری رقی خەڵكیدا، گیرفانیشم لەوە بە تاڵترە دەنگی دووری تیا نەبیستیت)). 


ماوەی پانزە ڕِۆژە یەك دنیار لە گیرفانمدانییە، ئێستا هاتووم چاوەڕێ‌ دەكەم كەی گولەیەك بەر سەرم بكەوێت و ڕزگارم بێت لە دەردەسەی ئەم دونیایە...! 

((واشنتۆن پۆست)) لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوی كردەوە كە خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردووی هەرێمی كوردستان بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، رەهەندێكی قوڵتری هەیە ئەویش خراپ بەڕێوەبردنی حوكمڕانی یە لە هەرێمی كورستاندا.

دەسەڵات پیشەی جارانیەتی كە بەزەبری توند و تیژی ئاستەنگ بخاتە بەردەم ناڕەزایەتیەكانی جەماوەر، وەك چۆن دوێنی بەشەق پەلاماری مامۆستایانی ناڕەزای هەولێریاندا، پەلامار وهەڕەشەو گرتن بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران لە دهۆك و كەلار و ناوچەكانی تری كوردستان لەبەرچاوماندان.

وا ئەمڕۆش لە سلێمانی وسەیدسادق و چەمچەماڵ و كفری و كەلار و رانیە و ڕاپەرین و دەربەندیخان چۆن پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن بە گازی فرمێسك ڕێژ و گولە منداڵان و هاوڵاتیان دەكوژن و بریندار دەكەن و چالاكوان دەخەنە سوچی زیندان و میدیا دائەخەن و هەڕەشەیان لێ‌ دەكەن ، لەم خۆپیشاندانانەدا ( 10 ) گەنج و هاوڵاتی شەهید بوون زیاتر لە (100 ) كەیسش بریندار بوون.


حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتە بەسەركوتكردنی ناڕەزایەتیەكانی هاوڵاتیان لە ناوەوە بە مل كەچ كردنیان بۆ نەیاران لە دەرەوە. وەكو پەلاماردانی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدادو سوتاندنی بارەگاكەو بێرێزی كردن بە ئاڵای كوردستان كە سمبولی نەتەوەیە، بەڵام هەڵوێستی پارتی لەو بارەیەوە، پەنا بردن بوو بۆ دادگا، لە كاتێكدا لە خۆپیشاندانەكانی (17) شوبات لە سلێمانی، خۆپیشاندەران كەبەردبارانی لقی چواریان كرد، هەڵوێستی پارتی بەرامبەریان ئاڕاستەی گولە بوو بۆ سەرسنگی منداڵانی هەژاری كورد و كوشتنیان. 


لەم خۆپیشاندانەش دا ، وەڵامی بەرد بە گولە بوو، كە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەر كوژران و بریندار كران و كۆمەڵێكیش دەسگیركران. 

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت (بێ‌دەسەڵاتی، چەند شەرمە بۆ دوژمن سەركز بێت و بۆ گەلەكەت چەوسێنەر). 

ڕۆژنامەی (لۆڤیگارۆ)ی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم هەوڵی سەركوتكردنی ئەو ناڕەزایەتیانە دەدەن كە بەهۆی نائومێدی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خراپ ئیدارەدانی وڵاتەوە سەریان هەڵداوە دواتر لەسەر شەقامەكان توندوتیژی لێكەوتەوە، خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان بێزارن لە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵاتەكەیان و ئەو گەندەڵییەی كە جیاوازی و درزێكی گەورەی خستووەتە ناو سامانی هاوڵاتیانی ئاسایی و سیاسیەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم كە دەسەڵاتی رەهایان هەیە.


لەماوەی (29) ساڵدا هەموو شێوازەكانی گۆڕانكاری لە (نووسین و میدیا و هەڵبژاردن و خەباتی مەدەنی) تاقی كرانەوە ئەنجامی هیچ بەرهەمێكی لێ‌ نەهاتەدی.


پەرەپێدانی خەبات لە نێوكۆمەڵگایەكی تووڕە لە ناوچەیەكی پڕ لە گێژاو كارێكی سەختە، پێویستە بتوانرێ‌ رەچاوی ستراتیژێك بكرێت كە كوردستان لەم گێژاوە ڕزگار بكات بە پەیڕەو كاریگەری سەرشەقام لە خۆپیشاندان و ڕێكخستنی كەمپین و مانگرتن و فشاری كاركردن لەسەر كێشەی هاوڵاتیان بۆ هێنانەدی دەسەڵاتێك كەبەڕاستی داكۆكیكەری مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی بێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن