703وتار

ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئایندەی دۆخی عێراق

10/23/2021 11:28:00 AM
ئەحمەد هەورامی

هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراتیە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگاكان بە ڕێگەیەكی پاك ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە وڵاتانی ئێمەدا لایەنی نەرێنی گەورەترین كاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەروونی بۆچوونی تاكەكان دروست دەكات.

كێشەی جوكمڕانێتی لە عێراقدا لەوە بەدی دەكرێت كە چەمكی سەروەری حوكمڕانی لە عێراق و كوردستاندا مانا عەقڵانیەكانی خۆیان لەدەست داوە و ڕەهەندێكی لۆكاڵی و جوگرافی و ئەتنی تایفیان وەرگرتووە، لەپاڵ ئەم ڕەهەندەی حوكمڕانێتی دەسەڵات لەعێراقدا لەوە كەوتووە مانایەكی نیشتمانی هەبێت بۆ سەروەری، چونكە بكەرە سەرەكییەكانی ناو دەسەڵات بە هەموو تەكنیك و تەكنەلۆژیاكانی كە لەبەردەستدایە بۆ خزمەتی كۆمەڵگا نییە و دەستكاری دەكرێن، هەر ئەمەشە وا دەكات لە عێراقدا نە ڕەنگدانەوەی سەروەری تاكەكان بێت بەسەر ئیرادەی خۆیان و نە دەربڕی ئازادی بژاردەی سیاسیان بێت.

لە هەموو ئەم كایانەدا دەوڵەت و كۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتمان بە خودی مرۆڤەكان خۆشیانەوە دەبن بە موڵكی شەخسی حوكمڕانان، تاوەكو دەبن بە بەشێك لەو دیكورە سیاسیە كە حوكمڕانەكان دەیانەوێت.

 

ئەگەر هەڵبژاردنەكان نەبنە گۆڕانكاری بنچینەی سیاسی لە عێراقدا بەدڵنیایەوە دەبنە هۆی جێ گۆڕكێ‌ لە باڵانسی هێزە سیاسیەكاندا كە نوێنەرایەتی پێكهاتە جیاوازەكان دەكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە عێراق پێویستی بە بونیاتنانی دەوڵەتە، چونكە ئەوە لە ئەمڕۆدا كراوە هەوڵی بونیاتنانی دەسەڵات بووە، پێویستە گۆڕانكاری هەمەلایەنە بكرێت لەو چەمكانە كە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەسەریان ڕاهاتوون.

عێراق ئەمڕۆ لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتێكی عەقڵانی حەكیمانەیە كە لە خۆسەپاندن و لایەنگیری و زیدە ڕۆیی و لە بەكارهێنانی هێز بە دوور بێت و ڕێگری لە دەركەوتنی خواستی دەمارگیری بكات.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كۆتایی هات و كۆمیسیۆن ئەنجامەكانی ڕاگەیاند و بە هەموو پێوەرێك هەڵبژاردن سەركەوتوو بوو، تیمەكانی نەتەوە یەكگرتوو و چاودێرانی ئەوروپی و عەرەبی و نێودەوڵەتی بە وردی سەرپەرشت و ڕەقیب بوون بەسەر پڕۆسەكەوە.

سەرەڕای ئەمانە لەڕووی قوڵایی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە ئەم پڕۆسەیە بەدەر نەبوو لە كۆمەڵێك كێشە و ئاستەنگ، لەم پڕۆسەیەدا دەركەوت كە كۆمەڵگای عێراق (لە سەرانسەری عێراق بە كوردستانیشەوە) جارێكی دیكە جەختیان لە بێ‌ متمانەیی خۆیان بەم سیستمە سیاسیە كردووەتەوە.

ڕاوێژكارێكی ئامار ڕایگەیاند كە ژمارەی بەشدارانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا لە 41% كەمتر بووە، بەو دەلیلەی كە هاوڵاتیانی عێراق ئەوانەی لە تاراوگەن لەگەڵ ئەو گەنجانەی كە لە ساڵی (2018)وە تەمەنیان گەیشتووەتە (18) ساڵ نەخراونەتە سەر تۆمار كراوانی ژمارەی دەنگدەران. بەو ئامارە ژمارەی هاوڵاتیانی دەنگدەر دەگاتە (25) ملیۆن و تەنها (9) ملیۆن مافی دەنگدانیان بووە، كەواتە ڕێژەی بەشدارانی دەنگدان تەنها 34% بووە، بەوەش بایكۆت و سوتانی دەنگەكان و تەریكی خەڵك دەبێتە ئاستەنگی كۆمەڵایەتی و جەماوەری و بەكراوەیی لەبەردەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ماوەتەوە.

هۆشیار بوونەوەی بەشێكی باشی دەنگدەران كە بە حیزبە تەقلیدیەكانیان ڕاگەیاند (نا بۆ ئێوە) ئەمەش سزادان بوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە كە بە زەقی هەستی پێكرا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكانی سەلماند، ئەوەی حوكمی عێراق دەكات نوێنەری گەل نین. لەگەڵ ئەوەشدا كە هەڵبژاردن بەشێوەیەكی باش تێپەڕی بەڵام ژمارەیەكی كەم بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، ئەمەش بە ئاگا هێنانەوەی حوكمڕانانی عێراقە كە لەگەڵ خواستی گەلدا نەبوون.

دەركەوت لەم هەڵبژاردنەدا سازانەكە كە لە دەرەوەی عێراق بووە لەنێوان سێ‌ كارەكتەری دەرەكی كە توركیا و سعودیە و ئیمارات و ئەمریكان. لە عێراقدا چارەنووسی كورد (كۆنتڕۆڵ كردن و لەمەنگە نەدانی) خەمی سەرەكی توركیایە، چارەنووسی سوننە و بەهێز كردنی خەمی سەرەكی سعودیە و ئیماراتە و دوورخستنەوەی شیعەكانی سەر بە ئێران خەمی سەرەكی ئەمریكایە، دابەش كردنی ژمارەی كورسیەكانی هەر لایەنێك ڕەنگدانەوەی خواستی سێ‌ هێزە نێودەوڵەتیەكەیە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی (10/10/2021) لە عێراقدا تا ڕادەیەك ڕێگربوو بۆ ئەوەی ئێران ئەنجامەكەی بگۆڕێت، بەمەش بەرەی ئێران لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا گەورەترین شكستیان هێنا.

ئاژانسی هەواڵی ڕویتەرز لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوە دەكات دەنگدەرانی عێراقی هۆشداریەكی بەهێزیان بە هاوپەیمانیەكانی ئێران داوە لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەمەش ئامانجێكی سیاسیە و بەردەوام هەڕەشە و توند و تیژی دروست دەكات لەلایەن میلیشیاكانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە هەن بۆ بەردەوام بوونی هەژموونی گەورەی ئێران لە عێراقدا. سەردانی لەناكاوی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغداد لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان هەوڵدانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆئەوەی هاوپەیمانەكانی تاران لەسەر دەسەڵات لە عێراقدا بهێڵنەوە بۆ دروست كردنی گەورەترین كوتلە. سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ قەتەر لەسەر داوای ئێران بوو بۆ پشتگیری لە كوتلەی مالیكی و بەهێز كردنی بەرەی شیعەكانی سەر بە ئێران.

لەدوای هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ ئێرانییەكان هاتوونەتە عێراق و كوردستان زۆربەی لایەنەكانیان بینیوە، بە پارتی و یەكێتیان ڕاگەیاندووە پەلە مەكەن لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق، ئەوە ئەو ئاماژەیە كە ئێران ڕێگە نادات كابینەی نوێ‌ دروست بێت تا شەپۆلەكە بە ئاڕاستەی قازانجی ئەو دا نەبێت.

بەڵام ئاستەنگە سیاسیەكە وابەستەی ڕیزبەندی كورسی و دەنگەكانی قەوارە سیاسیەكانە، لەم هەڵبژاردنەدا بەرەی حەشد و ئەوانەی نزیكن لە ئێرانەوە پاشەكشەیەكی بەرچاویان كردووە لەوانە (هاوپەیمانی فەتح و ڕەوتی حیكم و نەسری عیبادی و عەسائبی ئەهلی حەق و حیزبوڵڵا و ولائیەكان) ئەمانە لە شۆكی هەڵبژاردنەكەدا سەرقاڵی كۆبونەوە و خۆپیشاندانن و دەڵێن ئامانج لەم هەڵبژاردنە لێدان بووە لە حەشد و بە هەموو شێوەیەك ئەنجامەكەی ڕەت دەكەینەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەرەیەكیان پێكهێناوە لە (هاوپەیمانی فەتح و قوەی دەولەو  دەولەتی یاسا و جوڵانەوەی عەتا و پارتی فەزیلە) بۆ وەرگرتنی هەڵوێست، لە ڕاگەیاندنێكدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیان ڕەت كردەوە و هەڕەشە بۆ بەكارهێنانی توند و تیژی دەكەن و بەرهەڵستی سەدر دەكەن كە گەورەترین كوتلەیە و (73) كورسی هێناوە و دژی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی بەوەی كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ساختەی كردووە ، داوای دەست لە كار كێشانەوەشی دەكەن،هاوپەیمانی شیعە كان  بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لە ڕاگەیاندنێكدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیان ڕەت كردەوە و داوای هەژماردنی دەنگەكانیان بەدەست كرد.

 موقتەدا صەدر لە ئاخاوتنێكی دا دەست تێوەردانی ناوخۆ و دەرەكی كە ( مەبەستی ئێرانە ) بە تاوانێكی گەورەی دائەنێ‌  بەرامبەر گەلی عێراق.

لە دەرەوەی شیعەكان پێشكەوتنی تەقدومی حەلبوس كە (37) كورسی هێناوە و پاشەكشەی عەزمی خمیس خەنجەر، حەلبوس خستوەتە سەر كەڵكەڵەی بەدەست هێنانی یەكێك لە سەرۆكایەتیەكان.

لە هەرێمی كوردستانیش پێشبینیەكان بە هەمان ئاڕاستەی عێراق بوو، یەك لا بوونەوەی زۆرینە لە بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.

ئەم هەڵبژاردنە سەلماندی زۆرینەی خەڵكی كوردستان دژی حیزبە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانن، خواستی گۆڕانكاری ڕادیكاڵیان لە گۆی سیستمی سیاسی حوكمڕانی هەیە. ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن بووە هۆی دەرپەڕاندنی حیزبە بچوكەكان لە هەڵبژاردندا،ئەمەش ئەنجامی سزادانی دەنگدەران بوو بۆ هێزە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە وڵاتدا ، كە بەشێك بەرپرسیارێتی شكستیان گرتە ئەستۆ ئیدی دەكرێت ئەزموون وەرگرن و تێبگەن درۆ لەگەڵ  جەماوەر تا كۆتایی ناچێتە سەر.

پۆستی سەرۆكایەتی كۆماریش داخوازی سەرەكی كورد دەبێت بۆ بەشداری لە حكومەتی ئایندە. بۆ بەدەست هێنانی سەرۆكایەتیەكان دواجار دەبێتە ئاستەنگێكی سیاسی دیكەی نێوان سەدر و حەلبوس و كورد .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن