بومەلەرزەکانی سودانی!
11/2/2022 11:58:00 AM
د.بەختیار شاوەیس
لەگەڵ یەکەم هەنگاوی کرداریدا کە هەمووی پێنج رۆژە
متمانەی وەرگرتوە ، سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع السودانی کۆمەڵێک بریاری یەکلاکەورەی
دەرکرد ئەویش بەهەڵوەشانەوەی کۆی ئەو بریارانەی کە کابینەی کاربەڕێکەری کازمی لەماوەی
ڕابردوو دەریکردبوون و بەمەش ژمارەیەک لە پارێزگار ، سەفیر ، سەرۆکی دەستە ، بەرێوەبەری
گشتی لەپۆستەکانیان دوورخستەوە و وەک بومەلەرزەیەک لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا بەر بەشێک
لەو کۆتلە سیاسیانە کەوت کەلەپشتی دانانی ئەو پۆستانەوە بوون.
جوڵە خێرا و توندەکانی سودانی هەربەتەنها لەپۆستەکانەوە
نەوەستا ، بەڵکو زۆر بەڕۆشنی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بریارەکانی دادگای باڵای
ئیتحادی دەبێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ، کەلەمەیاندا پێویستە هەرێمی کوردستان دەست و
پەنجە لەگەڵ ئەم نیەتەی سودانی نەرم بکات ، بەتایبەتی کەبریاری مانگی فێبرایەری ئەمساڵی
دادگای فیدراڵی سەبارەت بەدۆسیەی نەوت و گازی هەرێم ئاماژەی گرژبوونەوەی پەیوەندیەکانی
نێوان هەرێم و حکومەتی نوێی عیراقی تیا دەخوێنرێتەوە.
لەم سۆنگەوە ، سودانی لەنێوان دژیەکیەکی تونددا
خۆی دەبینێتەوە، چونکە لالەیەک دەیەوێ بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکات کەئەمە
هەرلەسەرەتاوە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکراوەتەوە و بریارەکانی بەدەرەوەی دەستوور
و یاسا و بەبریاری سیاسی ناساندوە و لەلاکەی ترەوە سودانی و کابینەکەی بەدەنگی
پارتی و یەکێتیی و پشتیوانی ئەم دوو هێزە پێکهێنەرە سەرەکیەی حکومەتی هەرێم متمانەی
وەرگرتوە.
جیا لەم بریارانەی ، لەیەکەم سەردانیدا ، سەرۆک
وەزیران سەردانی دەستەی نەزاهەی کرد و لەکۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەکە
پەیامێکی توندی دژی گەندەڵکاران نارد و هەروەها یەکەم کەسی حکومەتەکەی بوو کە فۆرمی
ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی پرکردەوە و پەتای گەندەڵی وەک ئاڵنگاری بنەرەتی کابینەکەی
دیاری کرد.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەئۆکتۆبەری
داهاتوو ، یەکێکی دیکە بوو لەو بڕیارە خێراو
بومەلەرزە ئاسایانەی کەسودانی دەیەوێ لەرێگەیەوە تاودانی ئەسپی خۆی تیادا تاقیبکاتەوە.
پرسیاری جدی:
لەماوەی پێنج سەرۆک وەزیرانی پێشتر هەریەک لە تەشەنەسەندنی
قەیرانی گەندەڵی ، کێشە هەڵپەسێرراوەکانی نەوت و بودجەی نێوان هەرێم و ناوەند، پەکخستنی
هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان هەبوە و وەک بەڵێنی بێکردار ماونەتەوە، ئاخۆ دەبێ سودانی
ئەمانە بخاتە بواری پراکتیکیەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە لەکاتێکدا مۆتەکەیەک
بەسەر سەری سودانی و تیمەکەیەوە ئامادەیی هەیە کەئەویش سەدرە و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی
ساڵی رابردوە و حاڵی حازر لەسووڕی متبووندایە؟ باچاوەڕێ بین چونکە وەک دەڵێن تازە
بووک جوان گسک دەدات.