بەردی نەزان و موچەی خەڵک
10/21/2023 9:28:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
ئەو پەندەی کەلەدێرین زەمانەوە وتراوە( بەردێک نەزان بیخاتە
ناو ئاوەوە بەهەزار زانا دەرنایەت) هەموومان
بیستومانە و زۆرجار لەقسەکردندا بەکارمانهێناوە. بەڵام پێدەچێ هیچ کات و لەهیچ بۆنەیەکدا
بەهێندەی ئێستا ئەم پەندە دروست و مەنتقی و راست و رەوان بەسەر پرۆسەی دەرهێنانی نەوت
و فرۆشتنی لەهەرێمی کوردستان پراکتیزە نەبێت.
نەزانەکانی کابینەکەی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم ، بەهۆی
سیاسەتی فرۆشی نەوت بەسەربەخۆیی و رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا ، یەک بەردی
زل زلیان خستوەتە ناو گۆمەکەوە ، ئەوەتا حاڵی حازر بەرۆشتنی دەیان وەفدی سیاسی و تەکنیکی
و حکومی لەهەولێرەوە بۆ بەغداد ناتوانن بەردەکە لەگۆماوە لیخنەکە دەربێنن.
نەزانەکانی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی و دارودەستەکەی کە
ئاشتی هەورامی سەرقافڵەیان بوە ئەوی رۆژێ دەیانووت:
* هەموو ماڵێک بەشداری
پێدەکەین لەداهاتی فرۆشتنی نەوت و پشکی خۆی دەدەینێ.
* ئەژمارێکی
بانکی دەکەینەوە بۆ ئەوەی خەڵکی راستەوخۆ پارەی نەوت بچێتە گیرفانیەوە.
* هەر لەرێگەی ئەم
نەوتە حەیاتەوە ئابووری سەربەخۆ رادەگەیەنین، کوردستان دەگەیەنینە وڵاتە پێشکەوتوەکانی
جیهان لەرووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان.
* دواتر وەک خەیاڵیان
کردبوو دەیانوت لەرێگەی ئەم سەربەخۆبوونەی ئابووریەوە، سەربەخۆیی سیاسی و ئیداری بەدەیدەهێنین
و دەوڵەتێکی کوردی دیموکرات و ئازاد و کراوە و خۆشگوزەران بۆ میللەتەکەمان دروست دەکەین.
ئەم نەزانانەی حوکمرانی لەهەرێمی کوردستان ، نزیکەی ١٠
ساڵ پێش ئێستا بەو هاشوهوشانەی سەرەوە دەستیان پێکرد ، بەڵام ئەوەی حاڵی حازر لەواقعدا
بوونی هەیە :
١- فەشەلی پرۆسەی
دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی بەرۆشنی دەرکەوت. ئەمەش دوای ئەوەی کەدادگای فیدراڵی عیراق
لەمانگی دووی ساڵی ٢٠٢٢ بەنادەستووری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی
ناساند. کەئەمەش زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەمانگی
سێ ی ئەمساڵ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەنایاسایی ناساندو بری ١ ملیار و ٥٠٠ هەزار ملیۆن
دۆلاری وەک قەرەبوو بۆ حکومەتی عیراق دیاری کرد و دواجار بەناچاری تورکیا هەناردەی
نەوتی هەرێمی راگرت ، کەلەوکاتەوە هەتا ئێستا بری ٨ ملیار دۆلار زیان بەر ئابووری
عیراق و هەرێمی کوردستان کەوتوە.
داخۆ نەزانەکانی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی ئەم هەموو دەرهاویشتە
یاسایی و دەستووری و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەیان نەدەزانی وا دەستیان بۆ هاویشتنی بەردەکە
بردبوو ؟!!
٢- نەزانەکانی
حوکمرانی باسی ئابووری سەربەخۆیان دەکرد، بەڵام سەرەنجام :
* حکومەت ٣٠ ملیار
دۆلار قەرزارە(بەئیعترافی خۆیان)
* موچەیەکی زۆری
فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوتی موچەوە خوراوە.
* پرۆسەی خوێندن
لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە، چونکە مامۆستایان ٣ مانگە موچەکەیان کەمافی خۆیانە
وەرنەگرتوە، بەمەش دەرگای خوێندنگەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان نەکراوەتەوە و راستەوخۆ
هەرەشە لەسەر ئایندەی منداڵ و گەنجانی ئەم هەرێمە دروست بوە.
* لەرێگەی ٤٠٠ جۆری
جیاواز باج و رسومات پارەیەکی زۆر رۆژانە لەهاوڵاتی دەسەنرێت، ئەمەیش لەرێگەی پارەی
ئاو ، کارەبا، کامیرای هاتووچۆ ، شارەوانی ، نیشتەجێبوون، ئەمەجگەلەوەی لەرێگەی ٤٢
رێگەی دیکەوە لەخاڵەسنووریەکان گومرگ و سەرانە لەسەر کاسپکاران زیاد کراوە و لەکۆتایی
هەر هاوڵاتی باجەکەی دەدات.
٣- هەر بەهۆی فشەو
فیشاڵی ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ ، کەدەیانووت دوای راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ
دەتوانین کیانی سیاسی و ئیداری سەربەخۆ پێکبهێنن، هانی سیاسیە کورتبینەکانی ئەوکاتیاندا
و هەڵەی مێژوویان پێکردن و سەرنجام خەونی میللەتێکیان بۆ چەندین دەیە دورخستەوە.
ماوەتەوە بڵێم: لەدواهەمین سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ، دوای خستنەرووی
ئامار و داتاکان ، سەرباری گرفتەکانی دیکە لەژمارەی فەرمانبەران و داهاتی نانەوتی
و گرێبەستی کۆمپانیاکان، لە راپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتوە کەنرخی دەرهێنانی یەک
بەرمیل نەوتی هەرێم ٢٦ دۆلاری لەوەی بەغداد زیاترە. جاپرسیاری کۆتایی ئەوەیە:
نەزانێک حسابی بۆ ئەو هەموو جیاوازیە لەیەک بەرمیل نەوت
نەکردبێت لەپێش دەرهێنانی ، بەریشی کێ رەوایە کە حەقی ئەوەی هەبێت هەرێمێکی ٦ ملیۆن
کەسی بەرێوە ببات؟!
خۆ ئەگەر زانیبێتیان و کۆمپانیاکانی خۆیان بەدزی و شیرینی
بیخۆن و گرێبەستەکانیان بەوشێوەیە داتاشیبێت کە لەهەر بەرمیلێک نەوت ئەو هەموو پارەیە
بدزن ، ئەوا سەرەتایترین ئەرکی خەڵک ئەوەیە کەراپێچی دادگایان بکەن بۆ ئەوەی سزای
عادیلانەی خۆیان وەربگرن ، ئەگەرنا دڵنیام موچەی خەڵک لەتونێلێکی تاریکدایە و هەموو
رۆژێک دەبێت لەناو کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە سەیری دەیان هەواڵی سەیر
و سەمەرە بین لەسەر موچە ، پارە دێت، هەژماری بانکی فەرمانبەران، ناردنی راستەخۆی
موچە لەبەغداوە بۆ فەرمانبەران ، ٧٠٠ ملیار دینارەکە و هتد.