بودجە وەک بۆمب !
5/27/2023 1:13:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
پێدەچێ پرۆژەیاسای بودجە، ئەو بۆمبە
تەوقیتکراوە بێت کە بەر پێی پرۆسەی سیاسی عیراق دەتەقێتەوە. بەمانایەکی دیکە بەو
شێوازەی کەتا ئەم چرکەساتە ئەم وتارەی تیانوسراوە ، ئەگەر رەشنوسی پرۆژەیاسای
بودجەی گشتی عیراق بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوا لەهەناوی بودجەکەوە ، پەردە لەسەر کۆی
ئەو کیماسی و نیفاقە سیاسیە لادەدرێت کەلەنێوان هێزە سیاسیەکان لەلایەک و
سەرکردەکانی ئەم وڵاتە لەلاکەی ترەوە بوونی هەیە.کیماسیەک کەهەر لەفاو هەتا زاخۆی
گرتوەتەوە.
بەڵام بابزانین چۆن:
یەکەم/ لەسەر ئاستی هێزە سیاسیەکان
وەک مژدانەی دەستکەوتی نیشتمانی،
هێزە سیاسیەکان ( دوای چوونە دەرەوەی سەدریەکان لەگەمەکە) وایان بڵاوکردەوە کەکۆکن
و پێکەوە ئیدارەیەکیان هەیە بۆ بەرێوەبردن دەوڵەت و خزمەتی خەڵکی پێ دەکەن (
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان ) پێکهێنا.
ئەم بەرەیە بەحساب زۆرینەی براوەی
هەڵبژاردنەکانی عیراقن لەکورد و سونە و شیعە. هەرچەند بەشێک لەمانە کە پارتی و
سیادەی سونەکانن ، هاوڕێی نیوەرێی سەید مقتدان. بەڵام دەرکەوت لەناوخۆیاندا چەندێک
لاواز و بێ متمانە و هاوڕێی مەسڵەحەت و سەرمێزن. ئەگەرنا ئەم هێزە سیاسیانە
لەلایەکەوە بەیعەتیان بە سودانی داوە کەهاوکاری بن، بەڵام لەولاوە پابەندی ئەو
رێککەوتنە نابن کە سەرۆک وەزیران کردویەتی و دەیەوێ لەرێگەیەوە نەک پرسی بودجە و موچە
لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات بەڵکو کردویەتیە نەخشەڕێگەیەک بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت
و گاز، یاسایەک کەعیراق لەهەموو یاساکانی دیکە زیاتر پێویستی پێی هەیە و شادەماری
ئیدارەدانی سەرەوت و سامانی وڵاتە.
دووەم / لەسەر ئاستی سەرکردە
سیاسیەکان
لەماوەی رابردوودا، چ لەبەغداد ، چ
لەهەولێر و دهۆک دەیان پانێڵ و کۆنفرانس و کۆبوونەوە رێکخرا. بەشی زۆری سەرکردە
یەکەمەکانی عیراق ئامادە بوون و بەپێکەنین و قسەی خۆش و نوکتەی بەردەم کامێراکان
بەهاریان هێنابوە چۆکان. ئیتر خەڵک لەچاوەروانی کردنەوەی دەرگای خۆشگوزەرانی و
بوژانەوەدا بوون. بەڵام ئەوەی کەدوێنێ لەدوو برگەی مادەکانی پرۆژەیاسای بودجە
بەدەرکەوتن، راستی دووفاقی ئەم سەرکردانەی بۆخەڵک روونتر کردەوە و پیشانی دا کەئەم
سەرلەقاندنەیان، بۆ گەوجاندنی خەڵکە نەک بۆ ژیانی خەڵک. یان هەر بۆ بەفیرۆدانی ئەو
دەیان ملیۆن دۆلار و دینارەیە کەرۆژانە لەم وڵاتەدا بەناوی پانێڵ و مانێڵەوە
بەفیرۆ دەچێ ، ئەگەرنا بەریشی کێ رەوایە کەتۆ هاوپەیمانیەکت هەبێت لەئیدارەدانی
دەوڵەت ، حکومەتت پێکهێنا بێت، پرۆژەیە یاسایەکت لەحکومەت ناردبێ بۆ پەرلەمان بەبێ
بوونی لەمپەری ئۆپۆزسیۆن، هەروەها رێککەوتن هەبێت بۆ تێپەراندنی، بەڵام لەولاوە و
لەسەعاتی سفردا هەندێک برگە و ماددەی ئەم پرۆژەیە ببێتە هۆی چاڵ هەڵکەندن ،
رشتنەوەی رق و سەندنەوەی تۆڵە لەیەکتر؟ لەولایشەو ببێتە هۆی زیاتر بڵاوکردنەوەی
نائومێدی لەناو خەڵک و هەندێکیش بیکەنە موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی پێشوەختی
هەڵبژاردن و بەشۆی ئیعلامی گوێی خەڵکی پێ بئاخنن؟!
لەبنەمادا.
لەرووی یاساییەوە:
پەیوەست بە ئەرک و رۆڵی پەرلەمان
دەرچواندنی یاسای بودجە ، یەکێکە لەسێ ئەرکە بنەرەتیەکەی دامەزراوەی یاسادانان
لەناو سیستەمی سیاسی دەوڵەت.
لەرووی واقعیەوە:
بودجە رێکخستنی داهات و خەرجی و
دابەشکردنی عادیلانەی سەروەت و سامانی وڵاتە، هەروەک روویەکی گرنگی شەفافیەت و
لێدانە لەسەرەکانی گەندەڵی. بەڵام ئەمەی ئێستا ئێمە دەیبینین ، بەتاڵکردنەوەی
مەغزاکانی یاسای بودجەیە لەجەوهەر و لەخاڵە پۆزەتیڤەکان. تێپەراندنی بودجە بەم
شێوازە دابەشکردنی کۆمەڵگەی عیراقی و کوردستانیە ( چ لەناوخۆیاندا ، چ لەگەڵ یەکتردا)
بەسەر بەرەی رەش و سپی، بەسەر بەرەی حەق و بەرەی باطڵ. کەدڵنیام کۆتاییەکەی جگەلە
جەلادی ئەم سیاسیانە و قوربانی میللەت هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.