33وتار

تونێلەکانی غەزە دەگەنە سودانی!

11/8/2023 9:27:00 PM
د.بەختیار شاوەیس

ئەو جەنگە وێرانکەر و توندەی کەلە ٧ ی ئۆکتۆبەری رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵایسا ، بەدەر لە دەرهاویشتە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەکیەکەی بۆ هەردوو بەرەی جەنگەکە، حاڵی حازر بەرەو ئەوە دەچێت کە گورزێک بێت بەر محمد شیاع سودانی و حکومەتەکەی بکەوێت و جارێکی دیکە عیراق بباتەوە ناو بۆشایی سیاسی و ئیداری.
سودانی هەرلەسەرەتاوە ، بە کاریگەری راستەوخۆی گروپە چەکدارە شیعیەکانی نزیک ئیران لەعیراق ، نەیتوانی خوێندنەوەی عەقڵانی بۆ پرسی جەنگی ئیسرائیل-حەماس بکات، یان لەهەندێک لاوە پێدەچێ بەگوشاری توند و راستەوخۆی بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی تارادەی یەکلاکەرەی نواند. هەر بۆیە لەکۆبونەوەکەی لوتکەی جامعەی عەرەبی  هەروەک چەکدارەکانی حەماس لەغەزە وتارەکەی بەحەماسەوە دەخوێندەوە و پەنجەی رادەوەشاند. دواتریش وەک نواندنی هەڵوێست لەبێ هەڵوێستی هەندێک لەسەرکردەکانی عەرەب ئامادە نەبوو بۆ گرتنی وێنەی کۆتایی راوەستێت.  

لەلایەکی دی سەرباری زیادەرۆییەکانی سودانی لەنێوان هەردوو بەرەی ئیسرائیل - حەماس کەنەیتوانی تەنانەت وەک حەسەن نەسروڵا کارلێک لەگەڵ هاوکێشە تێکچنراوەکە بکات ، هەروەها نابێ ئەوە بەنادیدە بگرین کەیاریەکانی سەدر لەناوخۆی عیراق و بەتایبەتی لەمەیدانی تەحریر ،رۆڵی هەبوە لەم داوەی کەسودانی و هاوپەیمانەکانی لەچوارچێوە تێی کەوتوون. چونکە سەدر توانی دۆخەکە بقۆزێتەوە و لەهەلێکی بەپەلەدا خۆپیشاندانی ملیۆنی هەینی لەبەغداد رێکخست و حکومەتی سودانی خستە بەردەم بەرپرسیاریەتی گەورە لەئاست شەری غەزە و دواتر خۆیشی بێ بەری کرد لەوانەی کەدەیانویست بچنە سنوورەکان، واتە سەدر بەم جوڵەیەی تۆپەکەی هەڵدایە ساحەکە کە سودانی ئەگەر بەهەرلایەک لێیبدات ئەوا بەزەرەر بۆی دەگەڕێتەوە.

 هەر بۆیە دوابەدوای سەردانە کتوپر و رانەگەیانراوەکەی  ئەنتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغداد کە لەفرۆکەخانە بە پۆشینی جل و بەرگی گولەنەبر پەیامی وریاکەرەوی گەیاندە هەموان، ئیتر سودانی هۆشداریەکانی ئەمەریکا رایچەنی و بەچەند کاتژمێرێک دواتر بەپەلە خۆی گەیاندە لای خامنەیی و لەگەڵ گەرانەوەیشیدا دەستبەجێ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەتایبەتی قەیس غەزعەلی و ئەبو ئالا وەلائی لەمەترسی دۆخەکە ئاگادارکردەوە بەجۆرێک کەبەردەوامی هێرشی گروپی چەکدارە شیعیەکان بۆ سەر ئەمریکیەکان ، مانای لە گرێژنە دەرچوونی بارودۆخەکەیە و ئەمریکا بەجدی کاردانەوەی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی بۆسەر حکومەتەکەی دەبێت.
لەم سۆنگەوە ، سودانی لەچەند لایەکەوە بەهۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دژبەیەکەکان کەوتوەتە گێژاوێکی قوڵ کەئەوسەری دیار نیە. گێژاوێک کە لەنێوان گوشاری هاوپەیمانەکانی کەبەرەی نزیک لەئیرانن و لەسەر کورسی دەسەڵات دایانناوە و هۆشداری ئەمریکیەکان بە راوەستانی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر پێگەی ئەمریکیەکان لەناوچەکەو لەولاشەوە جوڵەی ناوە ناوەی سەدریەکان کارێکی کردوە کەهێدی هێدی دەسەڵاتی سودانی بەرەو پشێویەکی نادیار بردووە، وە هەموو ئەمانەلەیادی یەک ساڵی دەستبەکاربوونی کابینەکەی  بەرۆشنی بەوتارەکەی سەرۆک وەزیران دیار بوو، چونکە نەیتوانی لەسەر رووبەرووبونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵنەکردنی دابەزینی نرخی دینار و پەیمانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی  کەلەکارنامەکەی حکومەتەکەیدا هاتوە ، هیچ یەکێک لەمانە لەسەر ئەرزی واقع هێمایان بۆ بکات بەوپێیەی کە بەدینەهاتوون.
هەر بۆیە بەهەموو پێودانێک: بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل- حەماس بەتایبەت لەئەگەری فراوانبوونی لەناوچەکە ، ئیتر ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەبەن کەدواجار تونێلەکانی غەزە رووەو سودانی بچن و بیکەنە چاڵی مەرگی کابینەکەی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن