196وتار

عیراق ... لەدیزە بەدەرخۆنەی پێشوەختی هەڵبژاردندا

12/13/2022 7:37:00 PM
د.بەختیار شاوەیس

لێرەو لەوێ، ناوە ناوە گوێبیستی ئەوە دەبین کەلایەنە سیاسیەکان سەرقاڵن بەگفتوگۆی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەختەوە کەدواهەمینجاریان گوایە دوێنێ شەو لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەماڵی عەمار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمە سەبارەت بەهەڵبژاردنی پێشوەختی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای هەڵبژاردنەکان کۆبونەتەوە وەک بەشێک لەمیدیا عیراقیەکان ئاماژەیان بۆ کردوە.

بۆ ئەوەی لەهەلومەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تری پێشەوەخت بگەین ، لەهەمووی گرنگتر پێویستە هەڵاوێردی ئەو زەمینەسازیە بکەین کەتیایدا خودی پرۆسێسەکەی تیا ئەنجام دەدرێ.
لەرەهەندەکانی دیموکراسی، سیاسی، ئیداری، ئابووری ، یاسای یەوە دەکرێ ئەو گۆشانە ببینین کەدەبنە هۆکارگەلی زەمینەسازی هەڵبژاردن.

* لەرەهەندی دیموکراسیەوە: ئەگەر هەڵبژاردن کۆڵەکەو سەرەتای دیموکراسی بێت ( ئەڵبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەرجی بوونی دیموکراسی نیە ) ، ئەوا ئەو بەشداریە لاواز و کرچ و کاڵەی کەخەڵک بەگشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی رابردوو ، دەرخەری لاوازبوونی یەکجاری متمانەی خەڵکی عیراقە بەدیموکراسی و بەگۆرینی ئیجابیانەی دەسەڵات و ئاڵوگۆری حوکم.

هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری پار ، دەرهاویشتەی شەپۆلێکی گەورەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاوڵاتیان بوو لەبەغدادی پایتەخت و زۆربەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەراست. ئامانجی خۆپیشاندەران گۆرینی سیستەمی سیاسی و پەرێزخستنی ئەو دەموچاوانە بوو کەسەرچاوەی قەیرانەکانن. بۆئەم مەبەستە یاسای نوێ لەپەرلەمان بەگوشار تێپەرێنرا، بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بۆ ٨٣ زیادکرا، بەیاسا دەرفەت بەکەسانی سەربەخۆی دەرەوەی حیزب و خاوەن دەسەڵات و هێز و پارە رەخسا. ساڵێکیش لەپێش وادەکەی پەرلەمان بۆیەکەمجار خۆی هەڵوەشاندەوە. سەرەنجام چی بەرهەم هات؟
هەمووی ٣٠ بۆ ٤٠ کاندید لەوانەی ناو تشرینیەکان وەک سەربەخۆ دەرچوون کەهەر لەسەرەتاکانی کاری پەرلەمان کەوتنە ناو بەرداشی مانۆری سیاسیەکۆنەکان و بەئێستایشەوە هیچیان بەهیچ نەکرد. لەولاوە حیزبە سیاسیە حوکمرانەکانی رابردوو بەناوی جیاواز و بەشێوازی جیاواز بەتۆکمەتر گەرانەوە و لەسەر هەمان بەزم و بالۆرەی پێشتر بەردەوامبوون.
لەم روانگەوە، ئەگەر متمانەی هاوڵاتی بەهەڵبژاردن و کۆی دیموکراسیەت هێندە لاوازبوو بێت کە کەمتر ٣٠٪ بەشداری هەڵبژاردن بکەن وەک ئەوەی ٢٠٢١ روویدا ، ئەوا ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی دیکە لەعیراق بکرێ رێژەکە زۆر زیاتر دادەبەزێ و دەبێتە عەیبەیەکی تری پرۆسە سیاسیەکە.

* رەهەندی سیاسی: دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پار ، ناکۆکی سیاسی لایەنەکان ، توندترین گرژی بەخۆیەوە بینی. کار گەیشتە سەر جوڵاندنی شەقام دژی یەکتر، نوێژی بەکۆمەڵی هەینی، دەستبەسەراگرتنی پەرلەمان ، پەلاماردانی دەسەڵاتی دادوەری ، کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەوز، دواجار شەری چەکداری دووبەرەکەی شیعە لەناو ناوچەی سەوز لەمانگی ئابی رابردوو. ئەم دۆخە سەرەنجامەکەی بەوە کۆتایی هات کەبراوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لەپەرلەمان کشایەوە، بەڵام لایەنە دۆراوەکان حکومەتیان پێکهێنا. جا پرسیار ئەوەیە ، خەڵک کەبەشداری هەڵبژاردن دەکات و دەنگ دەدات، بۆئەوەیە کەئیرادەی ئەو زۆرینەی دەنگدەرە لەبەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەی کۆی دەنگدەران رەنگبداتەوە. ئیستا ئەو ئیرادە زۆرینەیە لەدەرەوەیەو هیچ حسابێکی بۆنەکراوە.

*رەهەندی ئیداریی: کەمتر لە دوو مانگە حکومەتی نوێی عیراق دەستبەکاربوە، چەند رۆژێکیشە خودی حکومەتەکە بەرنامەی کابینەکەی خۆی پەسەند کردوە. هەر بۆیە قسەکردن لەئەدائی حکومەتی نوێ ، یان هەڵسەنگاندنێکی زانستی و بابەتیانە بۆ سودانی و تیمەکەی کارێکی مەنتقی نیە و ئاسنی سارد کوتینە. لەمەش زیاتر ، مەسەلەکە کاتێک دەبێتە دیماگۆجی کە شەن و کەو بۆ ئەدائی کابینەیەکی وەزاری بکەیت ، کە خۆی دەرهاویشتەی کەڵەکەبووی کێشەگەلی چەندساڵی رابردوو بێ و بەمیرات بۆی مابێتەوە. ئەمەسەرباری ئەوەی کە ئەستەمە سودانی و هاوڕێکانی بتوانن شتێک بکەن جیاوازیەکی تۆخ لەنێوان خۆیان و ئەوانەی پێشتریان دروست بکات.

*رەهەندی ئابووری: ئەلف و بای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابینکردنی پارەیە بەرێگەی یاسا، حاڵی حازر ئامادەکاریەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حکومەتەوە لەقۆناغەکانی کۆتایدایە و بریارە بەمنزیکانە بنێرێتە پەرلەمان، بەپێی یاسایش دوای خوێندنەوەی یەکەم نەدەتوانرێ بودجەکە بگەرێنرێتەوە بۆ حکومەت نەهیچ شتێکی بۆزیاد دەکرێ لەلایەن پەرلەمانەوە ، تەنها گواستنەوەی تیا دەکرێ. جا ئەو لایەنانەی کەتەپڵی هەڵبژاردنی پێشوەخت لێدەدەن بابچن جارێ بەیاسا پارەی بۆ دابین بکەن.

*رەهەندی یاسایی: مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموارکردنەوەی ئەم یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەمەش لەسەروبەندی گێرمەوکێشەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئۆکتۆبەری رابردوو دادگای باڵا بریاری داوە. هەروەها لەولاوە سەدریەکان لەپەرلەمان نوێنەریان نەماوە، هاوپەیمانەکانیشیان کەسیادە و پارتین ئێستا بوونەتە بەشێک لەرکابەرەکانی سەدر و هاوپەیمانیەتی ئیدارەی دەوڵەتیان هەیە، هەر بۆیە سەدر بەو لاتەریکە سیاسی و ئیداریەوە کە تێی کەوتوە قایل دەبێ بەو کراسەی کەرکابەرەکانی لەپەرلەمان بۆخۆیانی بدوورن ( یاسایەکی هەڵبژاردنی دڵخوازی خۆیان دەربچوێنن)

دەرەنجام:
بەهەڵاوێردکردنی رەهەندەکانی سەرەوە، نەک زەمینەی هەڵبژاردنی پێشەوەخت لەئاسۆدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوانەی کەئێستا لەحوکمدان ، هیچ کات و لەهیچ شوێنێکی تری رابردوو کەلەدەسەڵاتدابوون ، وەک ئێستا بەجوانی چنگیان لەکێکەکە گیرنەبوە تەنانەت ئەوکاتەی کەخودی مالکی لەدەسەڵات بوە. هەربۆیە رەنگە بەهەڵبژاردنی پارێزگاکان ، هەڵبژاردنی پێشەوەختەی نوێنەران دیزە بەدەر خۆنە بکەن ، بەتایبەتی ئەگەر سەدر هەروا بەو بێدەنگیە دابنیشێ کەئەمە دوور دەبینم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن