106وتار

پاشەکەوت وەک موزایەدە !

6/12/2023 11:50:00 AM
د.بەختیار شاوەیس

هەرلەسەرەتای هێنانەباسی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەناو پرۆژەیاسای بودجەی عیراق ، رامان وابوو کەئەم مەسەلەیە زیاد لەهەر شتێک موزایەدەی سیاسیەو کراوەتە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن ( لەچاوپێکەوتنی شەوانی رابردوو لەکەناڵەکانی NRT و KNN و payam) بەوردی ئاماژەمان پێکردوە و هێشتا ماوە.
حاڵی حازر چەند کاتژمێرێکە پەرلەمانی عیراق دەنگی داوە لەسەر پرۆژەیاساکە و برگەی پاشەکەوتی رەتکردوەتەوە و دەنگی پێنەدرا. کە لێرەدا تیشک دەخەینەسەر هۆکارەکانی پشت ئەم رەتکردنەوەیە: 

یەکەم/
خۆی لەبنەمادا هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق ، روئیای دانەوەی پاشەکەوتی موچە لەستراتیژی داراییان نەبوە. چونکە:

١- دەبوایە هەردوو حکومەت لەکاتی رێککەوتنیان ، پاشەکەوتی موچەیان بخستایەتە ناو رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەوەک بەشێک لەرێککەوتنەکەیان.

٢- یان لەکاتی دەنگدان لەئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عیراق و ناردنی بۆ پەرلەمان ، حیزبە سیاسیەکان کەلەحکومەت بەشدارن ( پارتی و یەکێتیی هەریەک بەدوو وەزیر) دەبوایە لەوکاتەدا ئەو شەرەیان بکردایەو لەوێ هەوڵیان بدایە بۆئەوەی کە برێک لەپارە دابین بکەن و میکانیزمی دانەوەی تەرخان بکرایە.

دووەم/
لەکاتی گفتوگۆکانی تایبەت بەدەنگدان بەپرۆژەیاسای بودجە، فراکسیۆنە کوردیەکان پەرتەوازە و ناکۆک بوون، هەریەک لەئاوازێک دەیخوێند، سەرگەرمی ئەوەبوون کەچ لایەک دەیکاتە دەسکەوتی خۆی. روئیایەکی روونیان نەبوو هەم بۆ خودی پرۆسەی گێرانەوەی پاشەکەوتی موچە، هەم بۆ برەکەی. شەری بنەرەتی وابەستەی تخوینکردنی یەکتر و فرۆشتنەوەی نیشتمان پەروەری بوو. چەقۆیان لەیەکتر دەسووی. لەبەرچاوی خەڵک خەریکی یەکتر شکاندن بوون. 

- نەوەی نوێ بەدزی نوێنەرە کوردەکانی ترەوە ئیمزای کۆکردبویەوە، ئەوانی تر بەنەوەی نوێ یان دەوت پۆپۆلیستن و نوێنەریان لەلیژنەی دارایی نیە. 
- یەکێتیی بەسەرۆکی فراکسیۆن و نوێنەری لەلیژنەی دارایی ئیمزای لەسەر گەرانەوەی ٪١٠ کردبوو، نوێنەری پارتی لەلیژنەکە بایکۆتی کردبوو. 

- نوێنەری یەکگرتوو لەهەمان لیژنە لەسەر برگەی مامەڵەی سەربەخۆی پارێزگا لالوت بوو.

- نوێنەرانی پارتی بەپەلەپروزکێ ئیمزایان بۆ گێرانەوەی ٪١٢ پاشەکەوت کۆدەکردەوە، و دەیانوت باحکومەتی بەغداد بەهاوبەشی حکومەتی هەرێم پاشەکەوت بگەرێنێتەوە.

کورتیەکەی دۆخێکیان دروست کردبوو کە کلکی کەری تیا دەپچرا. لەوسەریش میللەت سفر بەدەستەوە. چونکە لەم بێنەو بەردەدا کاتێک فراکسیۆنە کوردیەکان خەبەریان بویەوە هاوپەیمانەکانیان لەئیدارەی دەوڵەت دەنگیان نەدا و پاشەکەوتەکەیش فت. ( ئێستایش دڵنیام چەند رۆژێک لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن خەڵکی پێوە ماندووتر دەکەن و هەریەک خەتاکە ئەخاتە سەر ئەویتر)

سێ یەم/
ئەرێ بەراست کێ بەرپرسی گەرانەوەی پاشەکەوتە؟
ئەمەیش هۆکارێکی دیکەیە. نەتوانرا ئەم خاڵە ساغ بکرێتەوە. پاشەکەوتی موچە هەشت ساڵ پێش ئێستا حکومەتی هەرێم لەدوای سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت دایهێناوە. لەوکاتەدا وەک کارتێک دژ بەبەغداد بەکارهاتوە ، سەرەنجامی قوڵبوونەوەی ناکۆکیە دارایی و سیاسیەکان لەنێوان هەردوولا. ئێستا لەدوای بریاری دادگای پاریس، تەسلیم بوویت و نەوتەکەت راگیراوە، ئیتر بۆ ئەبێت لایەنی بەرامبەر ئەم بەرپرسیاریەتیە بخاتە سەرشانی؟! ( پرسیارێکی جدیە ) 

هەر بۆیە دەنگۆیەک هەیە گوایە 
برگەی پاشەکەوت دەنگی هێناوە و سەرۆکی پەرلەمان حسابی دەنگەکانی نەکردوە و سەیری ڤیدیۆکان دەکەنەوە، ئەوا با زۆر هیوا لەسەر ئەمە هەڵنەچنین ، چونکە دەکرێ لەدادگای فیدراڵی مستەفا سندێک قوت بێتەوە و گەرانەوەکە رابگرێت، چونکە لەئەسڵدا دیارە بەشێک لەمانەی خۆمان پاشەکەوتی موچەیان وەک موزایەدەیەکی بێ تام بەکارهێناوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن