47وتار

حکومەتی عێراق لاوازە و دەوڵەتی عێراق ھەڵدەوەشێت؟

8/31/2023 9:24:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس

کێن ئەوانەی وا دەڵێن، بۆ، لەبەرژەوەندی کێ ؟

ناو بەناو لێرەو لەوێ باس لە لاوازی حکومەتی فیدراڵی و ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق دەکرێت ، شایەنی باسە لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیران و گرفت و تەنگەژە ناوخۆییەکانی ھەرێم بەردەوام لە لایەن کۆمەڵێک بەناو ئەکادمیست و نوخبەی ڕۆشنبیر و دامەزراوەی لێکۆڵینەوە پرسی دابەشبوونی عێراق و لاوازی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوەکانی بە بەراورد بە ھەرێمی کوردستان دەوروژێنرێت، کە بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی ئەم بابەتە گەرم دەکەنەوە و لەو بارەیەوە دەنوسن بۆ خۆبردنە پێشەوە و بەدەستھێنانی دەستخۆشییە و پشت بە ھیچ بنەمایەکی سیاسی و یاسایی و ئابوری لۆژیکی نابەستن.

ئەوەی جێی نیگەرانییە پێشوازی کردنی سەرکردایەتی سیاسی کوردە لەم بیر و بۆچونانە و سەپۆرت کردنی ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەیە کە فۆکس دەخەنە سەر ئەم بابەتە، بە شێوەیەک کاری کردۆتە سەر بەلاڕێدابردنی بڕیاردەری سیاسی لەھەرێمی کوردستان و دەرکردنی بڕیاری سیاسی ھەڵە.

بۆ قسە کردن لەسەر ئەم پرسە پێویستە ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی عێراق بکرێت و تیشک بخرێتە سەر خاڵە بەھێز و لاوازەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ بە بەراورد لەگەل دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری لە ھەرێمی کوردستان و سەنگی قەوارەی سیاسی ھەرێم، کە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین چری بکەینەوە لەم خاڵانەی خوارەوە  :

١- عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە چەندین جار گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسیدا ھاتووە بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە و خاوەنی سەروەری و سنور و کەسایەتی سیاسی خۆیەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.


لەبەرامبەردا ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵە، سنورەکەی دیاری نەکراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتودا، جگە لەوەی بەداخەوە تا ئێستا سیمای دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی حوکمڕانی بە ڕوونی پێوە دیارە .


٢- لەلایەکەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی و وڵاتانی ھاوپەیمانان بەتایبەتی ڕێکەوتننامەی (ئابوری سیاسی سەربازی)یان لەگەڵ عێراق ھەیە و پشتیوانی بەردەوامی عێراق دەکەن ، لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی ھەرێمی بەردەوام پشتیوانی یەک پارچەیی و سەروەری عێراق دەکەن.


لەبەرامبەردا تەنھا بابەتێک کە وڵاتانی ھاوپەیمان پشتیوانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد بریتی بوو لە پاڵپشتی کردنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتودا ئەویش تا ئێستا شکستی ھێناوە، ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتانی ھەرێمیشەوە بێت ھەرێمی کوردستان بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیان دادەنێن. 


٣- عێراق خاوەنی دەستور و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بە ئەزموون و دامەزراوەی کارایە، لەبەرامبەردا زیاتر لە سی ساڵە ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەستورێک بۆ خۆی دابڕێژێت، جگە لە ناکارایی دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری تا ئاستی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی بەھەڵوەشاندنەوە و نادەستوری بوونی یاسای ژمارە(١٢)ی ساڵی (٢٠٢٢)ی بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و دروستبونی بۆشایی یاسایی و حکومەتی کاربەڕێکەر.


٤- بە پێی پێگەی (Global Firepower)ی ئەمریکی بۆ پلەبەندی سوپاکان عێراق خاوەنی سوپایەکی بەھێزە کە لە ڕیزبەندی (٣٤) لەسەر ئاستی جیھان و (٤) لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دێت، جگە لە (حشد الشعبی) کە زیاتر لە (٢٠٠٠٠٠) چەکدارە و لە (٦٧ فصیل) پێک ھاتووە و بەیاسای ژمارە (٤٠ ی ساڵی ٢٠١٦ ) ڕێکخراوە وەک بەشێک لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق.
لە بەرامبەردا ھەرێمی کوردستان ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی ھەیە کە دابەش بووە بەسەر ھێزەکانی (٧٠)ی یەکێتی و ھێزەکانی (٨٠)ی پارتی و تا ئێستا نە لە سیستەمی بەرگری عێراق ڕێکخراوە بە پێی مادەی (١١٠ ، دووەم ) لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق و نە وەک پاسەوانی ھەرێم ڕێکخراوە بە پێی مادەی ( ١٢١ ، پێنجەم) لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق. 



٥- عێراق بە درێژایی مێژوو چەندین کودەتا و گرفتی ناوخۆیی و جەنگی بینیوە وەک جەنگی (عێراق - ئێران ١٩٨٠- ١٩٨٨)، جەنگی (کەنداو ١٩٩٠- ١٩٩١) ، جەنگی (پرۆسەی ئازادی عێراق ٢٠٠٣)، جەنگی دژ بە (القاعدە) و دواتر (داعش) و دروستبوونی دەوڵەتی خەلافەت لە عێراق و شام ...ھتد.
لە ھەموو ئەو جەنگانەدا عێراق بە یەکگرتویی مایەوە و بەردەوام ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر سەروەری و یەک پارچەیی خاکی عێراق کردۆتەوە، بۆ نمونە لە ماوەی نێوان دەرچونی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١٠٦ لە ٨/٦/٢٠١٧) و ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە لە (٢٥/٩/٢٠١٧) ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان دوو بڕیاری بۆ پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەک پارچەیی خاکی عێراق دەرکرد(الامم المتحدە - مجلس الامن، قرار رقم (٢٣٦٧/٢٠١٧) فی١٤/٧/٢٠١٧ و قرار رقم ( ٢٣٧٩/٢٠١٧) فی ٢١/٩/٢٠١٧.


٦- بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی (OPEC)عێراق خاوەنی چوارەم گورەترین یەدەگی نەوتی خاوە لە جیھاندا لە دوای ھەریەک لە وڵاتانی ( ڤنزوێلا و سعودیە و ئێران.(
لەبەرامبەردا ھەرێمی کوردستان تەواوی مەلەفی نەوتی تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵ کرد.



٧- بە گوێرەی ئاماری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆتایی مانگی ٥/٢٠٢٣ یەدەگی دراوی بیانی لە عێراقی فیدراڵ بەرز بۆتەوە بۆ (١١١،٧ ملیار دۆلار(.
لە بەرامبەردا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە (٣١ ملیار دۆلار) قەرزدارە.


٨- ھەروەھا بە گوێرەی ئاماری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆتایی مانگی ٥/٢٠٢٣ یەدەگی زێڕ لە عێراقی فیدراڵ بەرز بۆتەوە بۆ (١٣٢،٧ تەن) و لە ڕیزبەندی (٣٠)لەسەر ئاستی جیھان دێت.
دوای ئەو بەراوردکارییە جێگای خۆیەتی بپرسین کێن ئەوانەی حکومەتی عێراق بەلاواز ئەژمار دەکەن و چارەنوسی دەوڵەتی عێراق وا وێنا دەکەن لەبەریەک ھەڵدەوەشێت ؟ بۆ و لە بەرژەوەندی کێ زانیارییەکان پێچەوانە  دەکرێن؟.


کوردایەتی لەوەدایە نەیارانی کورد بە لاواز و کەم وێنا بکرێن و ڕای گشتی چەواشە بکرێت و زانیاری نادروست بخرێتە بەردەم بڕیاردەری سیاسی و بە لاڕێدا ببرێت ؟.
تا کار لەکار نەترازاوە پێویستە بڕیاردەری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بەئاگا بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن